هه‌واڵ

نانەوا دەستگیرکراوەکەی هەولێر ئازاد کرا

زێدپرێس

 

ئەو نانەوایەی بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر کەمکردنەوەی نرخی نان دەستگیربوو، ئازاد کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکوومەتی خۆجێی هەولێر بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، ئیدریس مەسعوود ئەو گەنجە نانەوایەی دوێنێ دووشەم لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە شاری هەولێر دەستگیر کرا، ئەمڕۆ سێشەم ئازاد کرا.

دوێنێ دووشەم ٨ی کانوونی دووەم، ژمارەیەک لە خاوەن نانەواخانە و سەموونخانە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە کەمکردنەوەی نرخی نان و سەموون ئەنجامدا و لەناویاندا یەکێک لە نانەواکان بەناوی ئیدریس مەسعوود بە توڕەیی و نیگەرانی زۆرەوە قسەی بۆ میدیاکاران و بەشدارانی گردبوونەوەکە کرد و بەتوندی ڕەخنەی لە بڕیارەکە و حکوومەتی هەرێم گرت.

لێدوانەکانی نانەواکە، بەشێوەیەکی بەرفرەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە و هەمان ڕۆژ، ئیدریسی نانەوا لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کرا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی نرخی نان و سەموون، بەپێی بڕیارەکە لەمەوبەدوا ١٠ نان و سەموون بە هەزار دینار دەبێت و لە بەرانبەردا ئارد و گاز بە نرخی هەرزانتر بە نانەواخانە و سەموونخانەکان دەفرۆشرێت. بەشێک لە خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان نیگەرانیان لە بڕیارەکە دەربڕیوە و پێیان وایە، بەهۆی گرانی نرخی ئارد و سووتەمەنی و زۆری ئەو باج و کرێ و ڕسووماتانەی بە حکوومەتی دەدەن، ناتوانن نرخی نان و سەموون کەمتر بکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...