وەزارەتی شارەوانی: پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو سەرکەوتوو بوو
زێدپرێس
ئەمڕۆ دووشەم ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر، کە لەسەر “ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان” لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە كاری لەسەر كراوە، تەواو سەركەوتوو بوو، كە ژمارەیەك پڕۆژەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی زیاتر لە 15 ملیار دینار لە ساڵی 2023دا جێبەجێكران.
ئەمساڵ ڕیژەیەكی بەرزتر باران باری
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ساڵی ڕابردوو لە هەولێر نزیكەی 74.3 ملیمەتر باران باری، ئەمساڵ ڕێژەكەی بۆ دوو هێندەش زیاتر و بۆ نزیكەی 201.9 ملیمەتر بەرزبووەتەوە تاوەکو ئێستا. لە زستانی ڕابردوودا بە چەند كاتژمێرێک باران بارین، مەترسیی لافاو دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ دوو ڕۆژ باران باری کە له سەنتەری شاری هەولێر زیاتر بوو لە 50 ملم، بەڵام بەهۆی جێبەجێكردنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوەوە هیچ جۆرە لافاوێك و پنگخواردنەوەیەکی ئاو لە هەولێر ڕووینەدا و “ئێستاش پلانەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاوەڕۆی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتەوە تا ئاستێکی زۆرباش كاری لەسەر دەكرێت”.
“پاڵپشتییەكانی سەرۆكی حكوومەت كاریگەربوون”
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەی بە پاڵپشتییەکانی سەرۆکی حکوومەت کردووە و دەڵێ، سەركەوتنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر، دوای ئەوە دێت مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان “هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگەی هەولێر و فەرمانگەكانی حكوومەت دەربڕی و گوژمەی پێویستی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی كەند و ئاوەڕۆكان خەرج كرد”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، کە چەندین پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر و دەوروبەری جێبەجێكراون، لەوانە:
1-درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سندووقی دوو چاوە لە گەڕەکی ژیان نزیک یاریگای نیشتمان.
2-دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شوێنی جیاجیا لە شارۆچکەی عەنکاوە.
3- دروستکردنی ئاوەڕۆ لە کەرتی (128) لە شارۆچکەی عەنکاوە.
4-دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە لای ئەنجوومەنی وەزیران تاکو شەقامی (60)م نزیک سایلۆ.
5-دروستکردنی دوو ئاوەڕۆی سندووقی (٦ چاوە) و (٩ چاوە) لە نزیک گوندەکانی توڕەق و سویری.
6-تەواوکردن و دروستکردنی شەقامی (20) م لە گەڕەکی مام سنج لە قەزای خەبات، بڕگەی ئاوەڕۆ.
7-درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە کۆمەڵگای پیرزین لە گەڕەکی نەورۆز.
8- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بلۆک، کۆنکریتی (1.5*1.5)م لە گەڕەکی بەحرکەی نوێ پشت مزگەوتی مەلا ڕەشید گەردی.
9-دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکریتی شیشدار لەنێوان ئاڵتون ستی و بنەسڵاوە.
10-چارەسەركردنی كێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150مەتریی خێرا لە هەولێر، لەگەڵ دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆری تری ئاوەڕۆ و پرد و کونج و پۆند و دروستكردن و فرەوانكردنی كەندەکان جێبەجێ كران.
ئامادەکارییەکانی ئەمساڵ
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، کە وێڕای ئەو پڕۆژانە، سەرجەم تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ژینگەپارێزی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕاسپێردران بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواو بكەن، پێشوەختە لەگەڵ پلانەكەدا ئامادەكاریی تەواویان كرد و چەندین هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی چەپەر و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدران.
هاوكات “سەرەڕای ڕێرەوی کەندە سروشتییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی شار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی ڕێڕەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ خاوێنكرانەوە و ئێستاش چاودێری دەكرێن، خۆشبەختانە هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر سەركەوتوو بێت”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.