هه‌واڵ

بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی میسان بە تۆمەتی بەهەدەردانی هەشت ملیار دینار دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکی عێراق جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی میسان ڕادەگەیەنێت. دوابەدوای تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی، پێشێلکاری، و سەرپێچی دارایی کە بە بڕی زیاتر لە هەشت ملیار دینار لە خەرجکردنی پێشینەی کارکردندا ئەنجامدراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق، تیمێک لە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای میسان توانیویانە فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە جێبەجێ بکەن کە دوو ساڵ لەمەوبەر دژی تۆمەتباری هەڵهاتوو، بەڕێوەبەری بەشی خەرجی لە بەشی دارایی کۆمپانیای نەوتی میسان دەرچووە.

تۆمەتبارەکە، چەندین جار لەسەر یەکتر ٢٦ پسوولەی لەماوەی ساڵانی (٢٠٢٠ و ٢٠٢١) خەرجکردووە، کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە بەراییەکان، پاداشت، پسوولەی دەرەکی، و مووچەی ئەندامانی پۆلیسی نەوت، کە بەسەریەکەوە بڕە پارەی دزراو بە هەشت ملیار و ٦١١ ملیۆن و ٨٩٨ هەزار و ٧٥٠ دینار دەخەمڵێندرێت.

تۆمەتبارەکە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (٣١٦) لە یاسای سزادانی هەموارکراوی ژمارە (١١١ی ساڵی ١٩٦٩) دەستگیرکراوە و ڕادەستی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند لە پشکنینی دۆسیەکانی دەستپاکی لە میسان دەکرێت، بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی تۆمەتبار.

لە ١٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، دەستەی دەستپاکی دەستگیرکردنی هەشت تۆمەتباری لە کۆمپانیای نەوتی میسان ڕاگەیاند کە وەک ژمێریار و وردبینیکەر لە بەشی دارایی کۆمپانیاکەدا کاردەکەن، دوای دەرکەوتنی ئەو پێشێلکاری و سەرپێچییە داراییانەی کە لە خەرجکردنی پێشینەی کارکردندا ئەنجامدراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...