هه‌واڵ

پارێزگاری هەولێر داوای ١٤ ملیار دیناری قەرز لە سوودانی دەکات

زێدپرێس

 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، ڕەزامەندی بدات لەسەر پێدانی قەرزێک بە بڕی ١٤ ملیار دینار بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئیفرازی چوار.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی دووشەم، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لە بارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەگشتی کرا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پارێزگاری هەولێر، باسی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری و لێکەوتەکانی و کێشەکانی کەمی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوەی ژێرزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو پڕۆژانە کرد کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ کراوە و تیشکی خستەسەر ڕێگە چارەسەرییەکان کە بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر، لەوبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەدا وەک پارێزگای هەولێر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەر بارودۆخێك، پڕۆژەی زۆر و تایبەتیان بەو پرسە ئەنجام داوە، بەڵام “بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی وەک پێویست نەتوانراوە بابەتە ستراتیژییەکان دەستی بۆ ببردرێت، تەنیا رێکارە کاتییەکان کراون”.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە سەردانی شاندێکی پارێزگای هەولێر کرد بۆ شانشینی عەرەبی سعودییە و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پێدانی قەرزی سعودیی لەپێناو چارەسەری گرفتی کەم ئاوی و مەترسییەکانی لافاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕاگەیەندراوەکە، ئاشکرای کردووە، کە مەبەست لە قەرزەکەی سعودیە، بەتایبەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی چوارەمی ئیفرازی هەولێرە و پارێزگاری هەولێر ئاماژەیداوە، کە شانشینی سعودییە ڕەزامەندی لەسەر پێدانی قەرزەکە بە پارێزگای هەولێر داوە و ڕێکارەکانی وەرگرتنی قەرزەکە تەواوکراون، بەڵام پێدانی قەرزەکە پێویستی بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و بۆ ئەو مەبەستەیش نووسراوی وەرگرتنی قەرزەکە گەیشتووەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەک ئومێد خۆشناو بە سوودانی گوتووە، “تەنیا ڕەزامەندی ئێوە ماوە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە، ئومێد دەکەین بەڕێزیشتان هاوکار و ڕەزامەندبن”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دیکەی پارێزگای هەولێر، پێوەست بە چوارەمین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای نیشتمانى ئاو، کە هەمان ڕۆژ (١٣ی تشرینی دووەم) بە بەشدارى شاندی حکوومەتى هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵییەکان کراوە، بەپێی ئەو پشکانەی ئاو کە بۆ پارێزگاکان پەسەند کراوە.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پڕۆژانەى پارێزگاى هەولێر کە لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو، لە مانگى ئادارى ڕابردوودا لە کاتى سەردانى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر پێشکەشى کرابوون خرایە بەرباس و گفتوگۆ، دواى خستنەڕووى پڕۆژەکان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى و وەرگرتنى ڕاوسەرنجى ئەندامى لیژنەکە کە لە چەند وەزیرێکى پەیوەندیدارى حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانیش تێدا ئەندامە، پێکهاتووە، بە کۆى دەنگ پڕۆژەکان پەسندکراون و ئاڕاستەى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکوومەتى عێراقى فیدڕاڵ کراون بۆ دەستکردن بە ڕێکارى دیکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە “ئومێد دەکرێت لە ئایندەیەکى نزیکدا بودجەى پێویست لە لایەن حکوومەتى عێراقەوە دابین بکرێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکان کە (14 ملیار دینار)ە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...