هه‌واڵ

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی بۆ ئەنجوومەنەکە دواخست.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

د. نەرمین مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دووەمین دانشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٨٠ ئەندام بەڕێوەچوو، بڕگەی یەکەم لە کارنامەی دانیشتنەکە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئەو بڕگەیەی دانیشتنەکە دواخرا.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دانیشتنەکە بۆ دوای یەکلابوونەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لە دانیشتنی پێشوو کراوە، دواخراوە.

لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئەنجوومەنەکە دەرکرد و لەوکاتەوە تا ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانیوە سەرۆکێک بۆ خۆی دیاری بکات.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو. دلێمی، لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢، حەلبووسی بە ساختەکردنی نووسراو تۆمەتبار کرد و ئاماژەیدا، کە حەلبووسی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی بە واژۆی خۆی پێ پڕکردووەتەوە، بەو مانایەی کە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی کردووە. دواتریش، نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد حەلبووسی، بڕیاری دوورخستنەوەی لەیس دلێمی لە ڕیزەکانی حزبی تەقەدووم ڕاگەیاند.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...