هه‌واڵ
ئاراستەکان

مەسرور بارزانی: لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و “ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری کوردستان دروست بکەن، بەڵام لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و گەشەی کردووە.

وەک باسی کرد، “ژمارەی کونسڵگەری و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفرەوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ، کە کونسڵگەرییان لە هەرێم هەیە، نوێنەرایەتی بکەینەوە، بەمەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندی ئابووری و کەلتووری و زانستی و ئەکادیمی”.

مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، کە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، “حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشی ناوە، چ لەڕووی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان یان بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا”.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی: “هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری لە عێراق هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی. ئامانجمان بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن”.

زیاتر گوتی: “هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی درێژ کردووە. بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌ و پێویستە سەروەریى هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت”.

هەروەها باسی لەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە، بۆیە لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...