هه‌واڵ

چین؛ کۆمپانیایەکی خانووبەرە بە زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار قەرزەوە پایەپووچ دەبێت

گرووپی کۆمپانیاکانی ئێڤەرگراندی چینی کە یەکێک لە زەبەلاحترین کۆمپانیاکانی بواری خانووبەرەیە و زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە، لەلایەن دادگەی هۆنگ کۆنگەوە بڕیاری پاکتاوکردنی قەرزەکانی بەسەردا سەپێندرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دادگای هۆنگ کۆنگ بڕیاری پاکتاوکردنی گرووپی کۆمپانیای ئێڤەرگراندی دەرکرد کە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی چینە و قەرزاری زۆری خانووبەرەیە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە نەیتوانی چارەسەرییەک بۆ کێشەی ئەو ٣٠٠ ملیار دۆلارە بدۆزێتەوە کە لەسەریەتی.

ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو، پشکەکانی کۆمپانیاکە کە لە هۆنگ کۆنگ مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بەڕێژەی ٢٠٪ دابەزینیان تۆمار کرد، دوای ئەوەی دادگای هۆنگ کۆنگ بڕیاریدا قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە پاکتاو بکرێت.

بڕیاری دادگا بۆ پڕۆسەی پاکتاوەکە بەو مانایەیە کە دەست بەسەر سەروەت و سامانی کۆمپانیاکەدا دەگیرێت و دەفرۆشرێتەوە بۆ ئەوەی قەرزەکانی پێ بدرێتەوە.

هێشتا، پێدەچێت هەندێک لە وەبەرهێنەر و خاوەن قەرزەکان، پارەکانیان دەست نەکەوێتەوە، بەپێی ئاماری بلومبێرگ، سەروەت و سامانی کۆمپانیاکە بۆ پێبژاردنەوەی قەرزەکانی، کەمێک زیاتر لە ٢٤٢ ملیار دۆلار دەبێت.

بڕیاری دادگە لەسەر ئەو کۆمپانیا زەبەلاحە، دوای نائومێدبوون دێت لە خستنەڕووی هەر بژاردەیەک لەلایەن کۆمپانیاکەوە بۆ تێپەڕکردنی ئەو دۆخەی تێیکەوتووە.

کۆمپانیاکە دووەم گەورەترین کۆمپانیایە لە بازاڕی گەورەی خانووبەرەی چین، کە زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار قەرزی بانکەکان و خاوەن گرێبەستەکانی لەسەرە.

تەنیا شەش ساڵ لەمەوبەر، ئێڤەرگراند لەوپەڕی پێشکەوتنی خۆیدا بوو. ساڵی ٢٠١٨دا وەک گەورەترین کۆمپانیای خانووبەرە لە جیهاندا ناوی هاتووە. بەڵام تەنیا سێ ساڵ دواتر تووشی خلیسکانێکی دارایی بوویەوە.

کۆمپانیای ئێڤەرگراند بەدوای پلانێکی داڕشتنەوەی قەرزەکانیدا بە بڕی ٢٣ ملیار دۆلار دەگەڕا، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەهۆی تێوەگلانی بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەی لە ڕەفتاری تاوانکاری و خستنە ژێر لێکۆڵینەوەی، کۆمپانیایەکە تووشی ئاستەنگ بوویەوە.

چین ساڵانە بە بەهای نزیکەی ٢٠٪ تا ٣٠٪ی داهاتی ناوخۆیی لە کەرتی خانووبەرە و ژێرخانی ئابووریدا وەبەرهێنان دەکات.

هەندێک ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئێڤەرگراند بە داڕمانی کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمریکی “برایانی لیمان” بەراورد دەکەن. کۆمپانیای برایانی لیمان لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ بە ٦١٣ ملیار دۆلاری قەرزەوە مایەپووچبوونی ڕاگەیەندرا. ئەوەش بووە هۆی پاشەکشەیەکی گەورەی بانکی و ئابووری لە ئەمریکادا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...