هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: گەشبینین بە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەم، ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەڕێوەچوو و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم ئامادەی بوو، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی کرد و رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا و لەمبارەیەشەوە ئامادەیە بۆ پێشکەش کردنی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک”.

گوتیشی: “ستراتیژی حکوومەتی هەرێم بەهێزترکردنی کەرتی تایبەتە و لەم چوارچێوەیەشدا پڕۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی دەست پێ کردووە. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ساڵی ڕابردوو ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادی کردووە و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەم بوو”.

سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابووری لە کوردستان و عێراق، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: “یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە و بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست و خێرامان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پلانی گونجاو دابنێین بۆ گەشەپێدانی ئابووری. هەربۆیە ساڵی ڕابردوو شۆڕشی داتامان ڕاگەیاند و وەک دەستپێک لە شاری هەڵەبجەوە دەست کراوە بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتای زانستی و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کوردستان دەبێتە خاوەنی داتای زانستی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا”.

باسی لەوەش کرد لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ جێخستنی ئەو کەلتوورە کە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەکانی هەرێم وەبەرهێنان لەسەر بیرۆکەی داهێنەرانەی گەنجان بکەن، لەم چوارچێوەیەشدا پلاتفۆرمی سمارت سولی دەستبەکار بووە و کۆڕبەندیی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو و ئەم هەوڵانەش بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: “هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە و گەشبینین  لە ئەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت”.

سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، کە “لەم ساڵانەی دواییدا لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوی باش نراوە و وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە و حکوومەتیش بەرچاوی ڕوونە لە هەنگاوەکانی داهاتووییدا بۆ گەشەپێدانی کەرتی کوشتوکاڵ”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...