هه‌واڵ

کارگەکانی چەوولم لەسەر ڕووباری سیروان بەگەڕدەخرێنەوە

ژینگەپارێزانی کەمینی پاراستنی ڕووباری سیروان لەگەڵ ئاشکراکردنی بڕیاری دەست بەکاردنەوە و دامەزراندنەوەی کارگەکانی چەوولم لەسەر ڕووباری سیروان و نیگەرانی خۆیان ڕادەگەیەنن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٨ی شوباتی ٢٠٢٤، چالاکانی ژینگە لە کەمپینی پاراستنی ڕووباری سیروان بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەوڵێک لە ئارادا هەیە بۆ ئەوەی کارگەکانی چەوولم لەسەر ڕووباری سیروان، دەست بکەنەوە بەکارکردن و “جارێکی تر حەوزی ڕووباری سیروان تێکبدرێت”.

ئەو ژینگەپارێزانە باس لەوە دەکەن، کە بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بۆ کۆبوونەوەیەک بانهگێشتکراون، کە بڕیارە هەر ئەمڕۆ پێنجشەم لە ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەبچێت، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، بەڵگە و زانیارییان بەدەستگەیشتووە، کە بڕیاری پێشوەختە هەیە بۆ مۆڵەت و ڕەواییدان بە کارگەکان تا دەست بکەنەوە بەکارکردن لەسەر ڕوبارەکە و تەنانەت کۆنووسەکەش لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە ژمارە ٤٠ نووسراوە و واژۆ کراوە. لەو ڕوانگەیەوە دەڵێن: “بۆیە بانگکردنی ئێمە دەبووایە لەکاتی نووسینی کۆنووسەکە و پێش واژۆکردن و بڕیاڕدان بووایە، نەک تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و خستنەئەستۆی ئەم بڕیاڕە ناتەندروستە”.

چالاکانی کەمپینی پاراستنی ڕووباری سیروان، لەو ڕووەوە بەکۆی دەنگ بڕیاریانداوە بەشداری کۆبوونەوەکە نەکەن و ڕایدەگەیەنن: “نامانەوێت ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆبگرین، خۆمان بەرانبەر خەڵک و خاک و نەوەی داهاتوو بەبەرپرسیار دەزانین”.

هەر لەو بەیاننامەیەدا باسیان لەوە کردووە، کە گەشەسەندنی سروشت و ژینگەى ڕووباری سیروان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی بڕیاڕی داخستنی کارگەکانی چەوولم هاتە بەرهەم، بۆیە ئێستا هەر بڕیاڕێک بدرێت بۆ هەڵوەشانەوە یان هەموارکردنی بڕیاڕی پێشوو، بە دڵنییایەوە زیان بەم سامانە سروشتییە دەگەیەنێت و زیاتر دەڵێن: “مەخابن لە پێناو قازانجی تایبەت، ماف و بەرژەوەندی ئێمەی هاووڵاتی ئەم نیشتمانە جارێکی تر پێشێل دەکرێت”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا دووپاتی دەکەنەوە: “ئەگەر ئەم بڕیاڕەش بدرێت ئێمە ڕێککاری یاسای دەگرینەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە ڕێگەی دادگای کارگێڕی، و سکاڵای یاسایی دژی هەر کەس و لایەنێک بەرزدەکەینەوە کە پێویست بکات”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...