سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

جەبار یاوەر: تورکیا دەیەوێ شەڕی پەکەکە بە پێشمەرگە بکات

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە سەردانی بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تورکیا دەیەوێت عێراق و هەرێم هاوکار و بەشداربن لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە لە بەهاری ئەمساڵدا دەیەوێت لە خاکی هەرێم و تورکیا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامی بدات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی سێشەم ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک سوپاسالاری تورکیا سەردانی عێراقیان کرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سێشەم شەوەکەی شاندە سەربازییەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان و ڕۆژی چوارشەم لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کۆبوونەوە.

فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و پسپۆڕی بواری سەربازی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: “تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن.”

گوتیشی: “هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزراوبێت و هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکاربهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن.”

بەڵام گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیای بە پارێزگاری لە ئاسایشی هەردوو وڵات و وەک بەشێک لە پەیوەندی هاوبەشی نێوان دوو دراوسێ ناودێرکرد.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئێمە لەگەڵ تورکیا سنوورێکی درێژی هاوبەشمان هەیە و خاڵی هاوبەشمان هەیە لەم سنوورەدا کە یەکێکیان بابەتی ئەمنیەتە، واتە ئەمنیەتی هاوبەشمان هەیە بۆیە ئاساییە، پەیوەندی و هەماهەنگیمان هەبێت.”

گوتیشی: “بابەتی شەڕ لەگەڵ پەکەکە ڕاست نییە”، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات لەو بارەیەوە.

ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە، ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ ئه‌نادۆڵی‌ توركیا‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژەی بەوە کردووە، هەبوونی پەیوەندی لە نێوان یەکێتی و پەکەکە، “یەکێتی خستووەتە ریزی دوژمنانه‌وه‌”. بەپێی قسەی ئاژانسەکە هاکان فیدان گوتویەتی: “ماوه‌یه‌كی زۆره‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكدایه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی‌ كوردستان بچێته‌ ریزی دوژمنانه‌وه‌”.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە: “ئێمە لەگەڵ ئەو حزبانە پەیوەندیمان هەیە کە فەرمین و غەیری ئەوە پەیوەندیمان نییە. سیاسەتی و نەهجی یەکێتی ئەوەیە هاوکاری پارچەکانی تر دەبین لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسی تا بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن، وە لەگەڵ ئەوەداین پرسی نەتەوەکەمان بە ئاشتیانە چارەسەر ببێت، وە نەمان شاردۆتەوە لە هەموو خیتابێکدا ئەمەمان وتووە کە پشتگیری خەباتی سیاسی پارچەکانی ترین، بەڵام ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت ئەوەیە کە کۆمەڵیک تۆمەت دەخرێتە پاڵ یەکێتی.”

گوتیشی: “ئەجێندای وڵاتان دیارە لە دەستوەردان لە کاروباری سیاسی و شێواندنی پەیوەندی نێوان حزبەکان، فشارەکانی تورکیاش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، ئێمە وەک حزبێک ڕێگە نادەین دەستێوەردان لە کاری حزبیماندا بکرێت، بەڵام هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان باش بێت، ئێمە هەردوولامان لە ڕووی ئابووری و ئارامیەوە سودمەند دەبین لەوەی پەیوەندیەکانمان باش بێت.”

بەپێی ئاماری فەرمی هێزەکانی سنوور تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، تورکیا ٥٤٠ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر هەرێم و عێراق ئەنجامداوە.

حکوومەتی تورکیاش نایشارێتەوە کە ٨٧ بنکەی سەربازی لەسنوور و لە قوڵایی خاکی عێراق و هەرێمدا هەیە و بە قوڵایی ١٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێم و عێراق بە درێژایی ٢٠٠کم سنووری نێوان عێراق و تورکیا هەن.

فەریق جەبار یاوەر ڕایگەیاند: “مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، وە بۆردومانی سنوور و قوڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی، ئەمەش مەترسیە لەسەر خەڵکی هەرێم و سنوورەکانی هەرێم، تا ئێستا ٤٥٠ گوند چۆڵکراون، جگە لەوەش زیاتر لە ٩٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و چەندین برینداریش هەیە، بەمەش گوندەکان بەرەو چۆڵ بوون دەچێت و مەترسی و دڵە ڕاوکێش دروست دەکات، ئەگەر بەهار ئۆپەراسیۆن بکەن ئەوە مەترسی گەورەیە لەسەر هەموو هەرێم.”

گوتیشی: “لایەنەکان نابێت ببنە لایەنێکی هاوکار بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە هەرێم دەکرێت، یان نەبنە بەشێک لە پێدانی زانیاری بە دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیا یان نەبنە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد دورست ببێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...