سیاسیهه‌واڵ

تورکیا ڕێگەی سەربازی لە سنوری هەرێمی کوردستان دروست دەکات

کامەران عوسمان

 

دەوڵەتی تورکیا لە گاشەبەرد و تاوێرەکانی زناری کێستە و مەلا ڕدی و کەفرە سۆر لە ناحیەی کانی ماسێ ڕێگای سەربازی دروستدەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە، سوپای تورکیا کارگەیەکی هاڕین و کەستاڕەی لە پشتی گوندی کێستە لە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی دروستکردووە. ڕۆژانە لە ڕێگەی چەندین شۆفڵ و حەفارەوە دامێنی زناری کێستە و مەلا ردێ و کەفرە سۆر هەڵدەکۆڵدرێت و بەرد و تاوێر و مەڕمەڕەکانی ئەو چیایانەی کوردستان لە ڕێگەی ئەو کارگەی هاڕین و کەستاڕەوە ورد و خاش دەکرێن و بۆ دروستکردنی تۆڕێکی نوێی ڕێگەی سەربازی لە ناحیەی کانی ماسێ لەلایەن تورکیاوە بەکاردەهێندرێن.

ڕێگاکە ٩ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر بە تۆڕێکی تری ڕێگا و بانی سەربازی سوپای تورکیا لە قەزای باتیفا و ناوچەی حەفتانین لە قەزای زاخۆ پەیوەستدەکرێت و دواتر بۆ ناو خاکی باکوری کوردستان لە پارێزگای هەکاری درێژدەبێتەوە.

سوپای تورکیا لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەورە بروسکەی ڕاگەیاند و لەماوەی یەک هەفتەدا چوار بارەگای سەربازی لە گوندەکانی ناحیەی کانی ماسێ دروستکرد. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تورکیا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو بارەگایانەی دابیندەکرد. لە دوای تەواوکردنی ئەو ڕێگا سەربازییە، چیتر دەوڵەتی تورکیا پێویستی بە هێلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا. هەروەها جارێکی تر گێڕانەوەی ئەو گوند و شاخ و چیا و دۆڵانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەستەم دەبێت.

پڕۆژەی دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێکرد و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ لەدوای دروستکردنی ٦٤ بنکە و بارەگای سەربازیی بە قوڵایی ٩ کیلۆمەتر بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا کۆتاییپێهات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...