بافڵ تاڵەبانی: دەستدرێژیكردنە سەر خەڵك و مافەكانیان هێڵی سوورە
ئەو گوتانەی بافڵ تاڵەبانی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی حزبەکە هات، کە ئەمڕۆ سێشەم، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دەباشان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕەفعەت عەبدوڵا و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن ڕاپۆرتێكی لەبارەی ڕاسپاردە و پێشنیازەكانی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی ڕێكخستن خستەڕوو و شێوازی ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی ڕوونكردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ڕێكخستنەكانی یەكێتی كرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە حزبییەكان و گوتی، “بەرپرسیارێتیی هەموو یەكێتییەكانە لە هەر پلە و پایەیەكدا بن كار بۆ خزمەتی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان بكەن”.
لەبارەی پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بافڵ ڕوونكردنەوەیدا و ڕایگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسیارە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، بۆیە دەبێت سەرجەم ئۆرگانەكان لە خزمەت خەڵك و گەیاندنی داواكارییەكانیاندا بن”.
زیاتر گوتی: “بۆ ئێمە پاراستنی ژیانی خەڵك و ئارامیی كوردستان لە هەموو شتێك پیرۆزترە، بۆیە جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە هەر لێپرسراوێک لە هەر بەرپرسیارێتییەكی حزبی، حكومی و ئەمنیدا بێت و ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین و ڕادەستی یاسای دەكەین”.
ڕاگەیەندراوەکە بەشێکی دیکە لە گوتەکانی بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بۆ کردووە، کە دەڵێ: “دەستدرێژیكردنە سەر خەڵك و مافەكانیان هێڵی سوورە و یاساشكێنی قبووڵكراو نییە، بۆیە ئەركی هەموو یەكێتییەكە پارێزەری ژیان و گوزەرانی خەڵك بێت و هەموو هەوڵێكیان لەپێناو چاكەی گشتیدا بێت”.