هه‌واڵ

دادگای فیدڕاڵی بڕیاردان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخست

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دانیشتنی تایبەت بڕیاردان لە سکاڵای پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخست.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤، بڕیاربوو دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی ٢١ی شوبات دواخرا.

 

ئەمە یازدەمین جارە دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دوادەخرێت لەمەڕ ئەو سکاڵایەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

 

ساڵی ڕابردوو دوو سکاڵا لەمەڕ چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.

 

پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد، لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت، بەڵام بەهۆی دواخستنی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانی پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنەکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، نەتوانرا هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت.

 

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان ١٩ بۆ ٣٠ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

 

لە ئاستی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆچوونێک هەیە کە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بە ئەنقەست دەستی دەستی بە دادبینییەکەوە دەکات، بە ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان لەناو بۆشاییەکی گەورەتری یاساییدا، لەکاتێکدا پێشتر بە بڕیاری هەمان دادگا، پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە دۆخی کاربەڕێکەرییەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...