هه‌واڵ

سەرۆکی هەرێم وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری دەکات

بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

 

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، “کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێش ھەفتەیەک ھاتنە ھەرێمی کوردستان و لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و خشتەیەکیان پێشکەشکرد، کە ئەگەر دادگا بڕیاری خۆیدا ئەوان دەست بەکاری خۆیان دەکەن و دەتوانن ٥ بۆ ١٠ی مانگی حوزەیران ھەڵبژاردن ئەنجامبدەن”.

بەرواری، کە یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمسیۆن، دەڵێ: “کۆمسیۆن پێویستی بە نزیکەی مانگێک ھەیە و پێویستە پێش تەواوبوونی وادەی کۆمسیۆن خۆی ھەڵبژاردن بکرێت”.

ڕۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامادەکاری تەواوی “بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەیییانە دەربڕی“.

عەبدولسەلام بەرواری گوتی: “ئێمە سەیرمان کرد ئەوان ئامادەییان پێشاندابوو ٤٠ ڕۆژ پێش کۆتایی ھاتنی ماوەکەیان ھەڵبژاردن ئەنجامبدەن و ئێمە دەتوانین وادەیەکی نزیکتر دیاری بکەین، بۆیە ھیچ کێشەیەک نابێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و سەرۆکایەتی ھەرێم بەفەرمیی لەم ھەفتەیە وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکات”.

زیاتر گوتی: “ئێستا سەرۆکی ھەرێم ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان دەکات و ھیچ لایەنێک ناتوانێت ببێتە ڕێگر و ئەوەی بەھانەش بگرێت ئەوە کارێکی دیکەیە، ئەگەرنا بەپێی خشتەی ئەوان دەتواندرێت لەسەرەتای مانگی حوزەیران ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت”.

هەفتەی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلاکردەوە کە لە ساڵی پێشترەوە لەمەڕ چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکرابوو.

بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت و لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت. هەر لەگەڵ بڕیارەکەیدا، دادگای فیدڕاڵی هەر ١١ کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...