سیاسیشرۆڤه‌

تێگەیشتن لە ئیسرائیل؛ ڕەهەندی سەربازی و جەنگ

ڕەهەندی سەربازی و جەنگ یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، لەم ڕووەوە، ئەم دەوڵەتە نموونەیەکی دەگمەنە لە جیهاندا. دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی جەنگەوە دامەزراوە و هەر بەوەش ماوەتەوە و گەشەی کردووە. بەپێی پێدراوەکانی ئێستا، ئیسرائیل پێی وایە لە ئایندەشدا هەر بە جەنگ و شەڕ دەمێنێتەوە. ئەم پرسە لە ئیسرائیل، تەنیا پرسێکی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری و یاسایی وڵاتەکە.

 

سوپای ئیسرائیل هەر دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ١٩٤٨ دادەمەزرێت. ناوە فەرمییەکەی “سوپای بەرگریکردن لە ئیسرائیل”ە یان “سوپای بەرگری”. بنەمای ئەم سوپایە لە ئەنجامی یەکگرتن و یەکخستنی ژمارەیەک میلیشیای چەکداریی جووەکانەوە دروست بوو، کە پێشتر شەڕی عەرەب و پاشان بەریتانییەکانیان دەکرد لە پێناو دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان. هەر لەگەڵ دامەزراندنیدا ئەم سوپا نوێیە چووە جەنگەوە دژ بە دەوڵەتانی عەرەبی (بەسەرکردایەتی میسر). لای ئیسرائیل ئەم جەنگە پێی دەگوترێت جەنگی سەربەخۆیی، لای عەرەب پێی دەگوترێت نەکبە (النكبە). ئیسرائیل براوە بوو.

بەپێی یاسا، خزمەتی سەربازی لەو وڵاتەدا ئیجبارییە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی کوڕ و کچ لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە. کچان بەلایەنی کەمەوە ٢٤ مانگ و کوڕان بەلایەنی کەمەوە ٣٢ مانگ دەبێت خزمەتی سەربازی بکەن. تەنیا چەند گرووپێک بەخشراون و ناچار ناکرێن؛ وەک جووە حەریدیمییەکان (ئەوانەی ژیانیان تەرخانە بۆ ئایین) و عەرەبە مسوڵمانەکان. ئەمانە بە ئارەزووی خۆیانە خزمەتی سەربازی بکەن یان نا. کەمینە درووز و شەرکسەکانیش تەنیا پیاوەکانیان ناچار دەکرێن بە خزمەتی سەربازی. ئێستا هەوڵێکی زۆر هەیە کە جووە حەریدیمییەکانیش ناچار بکرێن. چونکە کە ئیسرائیل دروست دەبێت ئەو گرووپە ڕێژەیان نزیکەی ١٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی منداڵ خستنەوەی زۆر و زوو زەواجکردن، ڕێژەیان ١٣٪ی دانیشتووانی تێپەڕاندووە. ئەو جووە ئیسرائیلییانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە و لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین، ئەوانیش دەبێت خزمەتی سەربازی بکەن. ئەوەی خزمەتی سەربازی نەکات و، پاساوی تەندروستی و دایکایەتی و دەروونی نەبێت، ئەوا سزاکەی توندە و ماوەیەکی زۆریش دەخایەنێت.

ئیسرائیل خاوەنی نزیکەی ١٧٠ هەزار سەربازی بەردەوامە، هاوکات ٤٦٥ هەزار سەربازی یەدەگی هەیە. ئەو سەربازە یەدەگانەش، جگە لەوەی ٢٢ یان ٣٢ مانگ خزمەتی سەربازییان کردووە، هەر ماوەی جارێک، ئەگەر جەنگیش نەبێت، پێویستە بچنە سەربازگەکان بۆ ماوەیەکی کورت دووبارە ڕاهێنان بکەنەوە بۆ ئەوەی هەمیشە ئامادە بن بۆ شەڕ. بۆیە هاووڵاتییەکی ئیسرائیل کە کارمەندی بانکە، یان مامۆستا، یان کرێکار و هتد لە دۆخی جەنگدا، ڕاستەوخۆ وەک سەربازێکی شارەزا دەچێتە ناو گۆڕەپانی شەڕ. لە دۆخی جەنگدا، ئەو وڵاتە بچووکە کە دانیشتووانی ناگەنە ١٠ ملیۆن، دوو ملیۆنیشی عەرەب و مسوڵمانە، توانای هەیە زیاد لە نیو ملیۆن سەرباز ئامادە بکات. لە ماوەیەکی زۆر کورت، ڕۆژێک بۆ سێ رۆژ، دەتوانێت زیاد لە ٣٠٠ هەزار سەرباز ئامادە بکات بۆ جەنگ. وەک لەدوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر ڕوویدا. هەر بۆیە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە جەنگی ٦٧ ژمارەی سەربازە ڕاهێنراوەکانی ئیسرائیل زیاتر بوو لە ژمارەی سەربازانی هەموو ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە شەڕیان لە دژی دەکرد (میسر و ئوردن و سووریا و عێراق بە هاوکاری چەندین دەوڵەت و گرووپی عەرەبی و ئیسلامی تر)! ئەمە لە کاتێکدا تەنیا دانیشتووانی قاهیرە زیاترە لە دانیشتووانی هەموو ئیسرائیل.

جگە لەوەی سەرەوە، ڕەهەندی سەربازی لە دیزاین و ژێرخانی شارەکانی ئیسرائیل بایەخی تایبەتی هەیە. ژمارەیەکی زۆر ژێرزەمین و تونێل هەیە بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی، وەک منداڵ و پیر و خێزانەکان بۆ ئەوەی لە کاتی جەنگ هاووڵاتییان تا ڕادەیەکی زۆر پارێزراو بن لە مووشەک و بۆمبەکانی دوژمن. لەگەڵ ئەوەشدا چوار سیستەمی بەرگری و دژە مووشەک و فڕۆکە هەیە لە شارەکاندا. لە کاتی شەڕدا سەربازەکان لە بەرەکانی جەنگ دەبن و مەدەنییەکان لە ژێرزەمین و شوێنە تایبەتەکانی خۆپاراستن. ڕێک پێچەوانەی حەماس و فەڵەستینییەکان و دوژمنەکانی ئیسرائیل.

هەرچەند سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ناوی سوپای بەرگری لێنراوە، بەڵام لە ڕووی عەقیدەی سەربازییەوە، سوپایەکی هێرشبەرە. ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە جوگرافیای ئیسرائیلەوە هەیە، کە ڕێگە بە بەرگری نادات لەبەر بچووکی و نەبوونی قووڵایی. ڕووبەری ئیسرائیل نزیکەی نیوەی ڕووبەری هەرێمی کوردستانە، نەک باشووری کوردستان! جگە لەوەی فەڵەستین و فەڵەستنییەکانیش هەر لەناو ئەو وڵاتە بچووکەن. بۆیە لە زۆربەی جەنگەکان، خێرا هەوڵدەدات شەڕەکە بباتە گۆڕەپانی دوژمن. ئەمەش هۆکارێکە کە بایەخێکی زۆر تایبەت بە هێزی ئاسمانی دەدات. ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت بە ئاسانی چەک لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا بکڕێت، بەڵام خاوەن پیشەسازی و تەکنەلۆژیاییەکی پێشکەوتووی سەربازییە. بۆیە سەرچاوەی چەکەکانی ناوخۆ و دەرەوەیە، نەک تەنیا دەرەوە. تەنانەت وڵاتێکی گەورەی وەک هندستان، هەندێک چەک و تەکنەلۆژیای سەربازی لە ئیسرائیل دەکڕێت و ئازەربیجان بەڕێژەی نزیکەی ٨٠٪ پشت بە چەکی ئیسرائیلی دەبەستێت.

خاڵێکی تر کە شایەنی ئاماژەپێکردنە لە عەقیدەی سەربازیی ئیسرائیل، ئەوەی ئاگاداری مێژووی شەڕ و جەنگەکانی ئیسرائیل بێت، دەرک بەوە دەکات کاتێک کە هێرش دەکاتە سەر دوژمنەکەی، دوو تەکتیک پەیڕەو دەکات، یەکەم: هێرشێکی ورد و سەربازییە، بەو مانایەی تەنیا گورزی بەهێز لە سوپای بەرانبەر دەدات بە کردنە ئامانجی فڕۆکەخانە و کۆگا و شوێنە ستراتیژییەکانی و، سەرکردە و پلەدار و کەسە گرنگەکانی سوپای دوژمن دەکوژێت. وەک لە جەنگی ٦٧ بەرانبەر بە سوپای میسر، بەرانبەر ئێران و سەرکردەکانی پاسداران، لەم شەڕەی ئێستای بەرانبەر حزبوڵاش تا ئێستا هەر ئەم تەکتیکە بەکاردەهێنێت. دووەم: هێرشێکی گشتگیر و کاولکارانە. بەو مانایەی شار و وڵات و شوێنی دوژمن وێران دەکات. ژێرخانی مەدەنی و سەربازی دەکاتە ئامانج، ژیان لەو ناوچەیە دەخاتە ناو چەندین قەیرانی گەورەوە. ئەم تەکتیکە لە ٢٠٠٦ لە لوبنان بەکارهات، لەم شەڕەی غەززەش گەیشتە ترۆپک. ئەم تەکتیکەی دووەم، هەرچەند لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ئیسرائیل دەخاتە ژێر فشار، بەڵام لێکەوتەکانی زۆر بە سوود و گرنگن بۆ ئێسرائیل لە دوورمەودادا. لەم شێوازەی هێرشبردن، بەرانبەر وا لێ دەکات بۆ دەیان ساڵی تر دوای جەنگەکە خەریکی چارەسەرکردنی زیانە مرۆیی و ئابووری و ژێرخان و سەربازییەکانی بێت. وای لێدەکات جارێکی تر زۆر بە وریاییەوە جەنگ ڕابگەیەنێت دژ بە ئیسرائیل، یان هەر هەڵەی وا دووبارە نەکاتەوە.

ئیسرائیلییەکان بە سوپاکەیان دەڵێن “ئەو سوپایەی کە نابەزێت” ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەستکەوت و سەرکەوتنە گەورانەی لە مێژووی ئەم سوپایەدا هەیە. بەهۆی هێز و دڵسۆزی و عەقیدەی ئەو سوپایە لەناو ژینگەیەکی تەواو دوژمنکارانە و دژەجوو، ئەو دەوڵەتە دروست دەکرێت، نەک تەنیا ئەو دەوڵەتە دەپارێزێت، بەڵکو دوژمنەکانیشی تەمێ دەکات و خاکیان داگیردەکات. یەکێک لە خاسیەتەکانی ئەم سوپایە، ئەوەیە زۆر ئەستەمە خاک لەدەستبدات بە شەڕ، یان خاکی خۆی دەپارێزێت یان خاکی بەرانبەر داگیردەکات. هەر بۆیە بۆ دەرکردنی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەیەک کە داگیریکردووە، پێویستە پەنا ببردرێتە بەر ئامرازی دیپلۆماسی و ئاشتییانە، نەک سەربازییانە. لە ٧٣ سووریا نزیک بووەوە لەوەی جۆلان بەدەست بهێنێتەوە، سوپای ئیسرائیل کشانەوە لەوێ. بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە هێرشێکی پێچەوانەدا، سوپای ئیسرائیل نەک هەر جۆلانی گرتەوە، بەڵکو ناوچەی تری داگیرکرد. پاشان بە ئامرازی دیپلۆماسی لە ناوچەکەی تر کشایەوە و لە جۆلان مایەوە. میسر هەموو هەوڵێکی سەربازی دا نەیتوانی سینا لە ئیسرائیل بسەنێتەوە، تا ئەو کاتەی لە کامپ دێڤد بە ڕێککەوتنی ئاشتی و ئامرازی دیپلۆماسی سینای بەدەست هێنایەوە.

زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان ناسناوی “بە ئەخلاقترین سوپای جیهان” بەکاردەهێنن بۆ سوپاکەیان. هەرچەند ئەمە زیاتر لە تێڕوانینی ناوخۆ و ئیسرائیلییەکانەوە ڕاستە، کە سوپایەکە بەوپەڕی ئەخلاقەوە بەرگری لە وڵات و هاووڵاتییانی خۆی دەکات. نەک بۆ ڕەفتارەکانی ئەو سوپایە لە بەرانبەر دوژمن و لە کاتی جەنگدا.

ئەم سوپایە بە گشتی لە مێژوویدا خاڵێکی لاوازی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو کە لەبەر لایەنی ئابووری و دانیشتووان و جوگرافی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە شەڕدا بێت و زیانی مرۆیی گەورەی بەربکەوێت. هەر بۆیە زۆربەی شەڕەکانی لە ناکاو و گورزی خێرا و ماوەیەکی کەمی دەخایاند و کۆتایی دەهات. لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە دەرکەوت کە ئەو خاڵە لاوازەشی چارەسەرکردووە. دوای زیاد لە شەش مانگ لە جەنگ لە چەندین بەرەوە، دوای قوربانییەکی زۆر، کەچی دەیەوێت بەرەی تری شەڕ بکاتەوە و بەردەوامە لە هێرشکردن و گورزەکانی. ئەوا جیهان و خودی دوژمنەکانییەتی لێی دەپاڕێنەوە و داوا دەکەن جەنگەکە کۆتایی بێت، بەڵام ئیسرائیل جارێ ڕازی نییە.

لەبەرئەوەی لە جیهانی سیاسەتدا مسۆگەری نییە، ئیسرائیلییەکان هەر چەند سوپایەکی بەهێزیان هەیە و نزیکترین و قووڵترین پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، کە ئەگەر لە جەنگێکدا سوپای ئیسرائیل بشکێت، ئەوا ئەمریکا ڕێگە نادات ئەو وڵاتە خاک لە دەستبدات یان لەناو بچێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بیریان لە بچووکترین ئەگەری ناواقعی کردووەتەوە کە کاتێک ئەگەر دۆخێک بقەومێت سوپاکەیان بشکێت و ئەمریکاش فریای نەکەوێت، بۆ ئەوەی لەو کاتەشدا دەوڵەتەکەیان هەر پارێزراو بێت لە لەناوچوون، بۆمبی ئەتۆمییان دروست کردووە بەبێ ئەوەی ڕایبگەیەنن بە فەرمی. دەگوترێت ئەو دەوڵەتە بچووکە خاوەنی زیاد لە ١٠٠ بۆمبی ئەتۆمییە، تەکتیکی و ستراتیژی. ئەمەش دواهەمین و بەرزترین پلەی ڕەدعی ئیسرائیلە بەرانبەر بە دوژمنەکانی کە دەیانەوێت بیسڕنەوە.

وەک دەردەکەوێت، ئیسرائیل دەوڵەتێکە کە لایەنی سەربازی و جەنگ و شەڕ، لە سەرەکیترین خاسیەتەکانییەتی، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتێک نییە سەرباز حوکمی بکات، بەڵکو حوکمێکی مەدەنی دیموکراسییانەی هەیە. ئەمەش پشتگیرییەکی گەورەی هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی ئیسرائیلی بۆ سوپاکەی مسۆگەر کردووە، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەهێزی ئیسرائیل و سوپاکەی.

هیچ دەوڵەت و گرووپێکی عەرەبی و ئیسلامی، لە سعوودییە و تورکیا و پاکستان و ئێرانەوە تا دەگاتە داعش و تاڵیبان و حەماس وەک ئیسرائیلییەکان شارەزا و ئامادەی شەڕ و جەنگ نین. ئەگەر وا نییە، ئەوە عەرز و ئەوە گەز، دەوڵەتێکی بچووک، نەک هەر دەوردراوە بە دوژمن، ناو وڵاتەکەش پڕە لە دووژمن. ئەوەی دەڵێت ئیسرائیل خۆی هیچ نییە تەنیا ئەمریکایە، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە. ئیسرائیل خۆی گرنگ و بەهێزە بۆیە ئەمریکا ئەو تێڕوانینەی بۆ هەیە. کاریگەری و ڕۆڵی جووەکان لە ئابووری و تەکنەلۆژیای ئەمریکا، ڕۆڵی هەیە. خاوەن یەک سوپایە، نەک دەیان میلیشیای چەکداری وەک یەمەن و لوبنان و عێراق و لیبیا و سووریا و کوردستان، بۆیە ئەمریکا متمانەی پێ هەیە و هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەش دەکات. ئەو سوپا بەهێزە، تەنیا هاووڵاتییان دەپارێزێت و پاسەوان و خزمەتکاری ئیسرائیلییەکانە و قاچی دوژمن دەشکێنێت، نەک وەک سوپای زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی یەک کەس دەپارێزن و ملیۆنان هاووڵاتی خۆیان دادەپڵۆسێنن و بۆ دەرەوەش سەرکز و ترسنۆک. پاشان، تا ئێستا ئەمریکا جەنگی ڕانەگەیاندووە بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لەو هەموو جەنگ و شەڕەی کە ئەنجامیداوە، لە کاتێکدا ئەمریکا جەنگی ڕاگەیاندووە لە پێناو بەرگریکردن لە کوێت کە وڵاتێکی عەرەبی و مسوڵمانە. گەورەترین سەربازگەی سوپای ئەمریکا لە ئیسرائیل نییە، بەڵکو لە وڵاتێکی عەرەبی مسوڵمانە کە قەتەرە.

تێڕوانینی ئیسلامییانە و ئایدۆلۆژیانە بۆ ئیسرائیل، تێگەیشتنێکی زۆر هەڵە لەبارەی ئەو دەوڵەتە دروست دەکات. ڕێگری دەکات کە سوود لەو نموونە سەرکەوتوو و مەزن و ناوازەیە ببینرێت. هاوکات، بۆ خودی دوژمنەکانیشی دەبێتە مایەی دۆڕاندنی هەمیشەیی بەرانبەری، چونکە دوژمنێک نەیناسی و بە هەڵە لێی تێبگەیت، ناتوانرێت شەڕی بکرێت و لێی ببەیتەوە. بۆیە دوژمنانی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ لە شکستەوە بۆ شکستێکی تر دەڕۆن بەرانبەر ئەو دەوڵەتە بچووکە.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button