لە سەرەتای ئاخافتنەكانی لەو دانیشتنەدا پلاسخارت هەوڵدەدات وێنەیك سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی پێشكەش بكات، كە لە ماوەی هەژدە مانگی ڕابردوودا، عێراق هەستانەوە و بوژانەوەیەك بەخۆوە دەبینێت.
ئەم وێنەیە، كە ماوەی حوكمی سوودانی دەگرێتەوە وەك دەرئەنجامێكی گشتی سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی ڕەوشی سیاسی عێراق دەخرێتەڕوو و، بەراوردی بارودۆخی ئێستاش لەگەڵ بارودۆخی سەرەتای بوونی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری و سەرەتای دەستپێكی پڕۆسەی سیاسی، لە ئاخافتنەكەی پلاسخارت كراوە.
تێكڕای ئەو دەستكەوتانەی پلاسخارت بەگەشبینییەوە باسی دەكات، بریتییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە و زیادبوونی سەنگی عێراق لە ناوچەكە و بوونی ژینگەی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی چاكسازی ئابووری و دارایی.
بەڵام كاتێك پلاسخارت بەوردی باس لە بەشێك لە ئاڵنگارییە سیاسییەكان دەكات، وێنەیەكی جیاواز و ناكۆك سەبارەت بە دەرئەنجامی سەرەكی و گەشبینییەكەی دەربارەی ڕەوشی سیاسی عێراق، دەردەكەوێت.
ئەو ئاڵنگاری و گرفت و كێشانەی پلاسخارت باسی دەكات بریتیین لە كارتێكردنی ناسەقامگیری ساڵانی ڕابردوو و لاوازی و شلۆقی دامەزراوەكانی دەوڵەت كە پێی وایە كارتێكردنی لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق هەیە. لەو ئاخافتنەدا پلاسخارت پێی وایە حكوومەت ڕێگری دەکات لە گەندەڵی و پێشێلكردنی یاسا و بوونی لایەنی چەكدار كە لە دەرەوی یاسا كاردەكەن، لە كاتێكدا سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە گەندەڵی و بەكارهێنانی توندوتیژی و چەك لە دەرەوەی یاسادا هەیە، لە چوارچێوەی دامودەزگاكانی دەوڵەتدا ئەنجام دەدرێت.
پلاسخارت ئاماژە بۆ كۆمەڵێك دیاردەی ترسناك لە ڕەوشی سیاسی عێراق دەكات، كە بە كورتی بریتین لەمانە:
ـ بوونی پەراوێزخستن لە ناوەندی هەندێک پێكهاتەی دیاریكراو كە دەبێتە هۆی زیادبوونی بارگرژی.
ـ قۆرخكردنی دەسەڵات و سزادانی توێژێكی دیاركراو و، سەپاندنی دیاردەی لە سێدارەدان بە شێوەیەكی فرەوان بەسەر ئەوانەی بە یاسای دژایەتیكردنی تیرۆر حوكمدراون.
ـ بەپێی ئاخافتنی پلاسخارت دەبێت كارێكی زۆر بۆ پاراستنی ماف و ئازادییە سەرەكییەكان بكرێت و، لە بواری یاسادانانیشدا پێویستە عێڕاق پابەندی ڕێكکەوتنە نێودەوڵەتییەكان بێت و ئازادی ڕادەربڕین دابین بكات و، ئەم گوتەیەش ئاماژەیە كە عێراق لەم بوارەدا كەمتەرخەمی هەیە.
ـ ژنان چاوەڕێی شوێنی شیاوی خۆیان لە كایە و ناوەندەكانی بڕیار دەكەن و بەپێی پێویست ئەم بابەتە ڕەچاونەكراوە و، پێویستە بەشدارییان لە بازنەی بەشداریی ڕووكەشی نەمێنێتەوە.
ـ هەر بەپێی ئاخافتنی پلاسخارت پانتاییەكی مەدەنی كارا و پارێزراو ئەركێكی هەنووكەیی و پێویستە كە جێبەجێنەكراوە.
پلاسخارت ئاماژە بە سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات، بەڵام خودی خۆی باس لە شكستی دانانی پارێزگار بۆ كەركووك و دیالە دەكات و، ئاماژە بۆ كۆسپەكانی چەندین دۆسیەی سیاسی دیكە دەكات، كە دڵەڕاوكێ بۆ ڕەوشی سیاسی دروست دەكات، لەوانە شكستی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە لابردنی حەلبووسی، جگە لە زۆر بابەتی دیكەی دەستووری كە چارەسەرنەكراون.
ـ چارەسەرنەكردنی كێشەی شنگال و بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان.
ـ بەردەوامبوونی كێشەی کەمپی هۆل و یەكلانەکردنەوەی كارەکانی یونیتاید كە حكوومەتی عێراق یارمەتی كارەكانی نەدا، بەڵام ئەم خاڵە لە لایەن پلاسخارتەوە ئەوەی پەیوەندی بە بەرپرسیاری حكوومەتی عێراقەوە هەیە بە ڕوونی ناخرێتەڕوو.
هەرچەندە پلاسخارت بەشێوەیەکی نەرم ئاماژەی بە بەشێكی زۆری وردەكارییە نەرێنییەكانی ڕەوشی سیاسی کرد، بەڵام خاڵە نەرێنییە زەقەكان، كە پرسیار لەسەر بوون و نەبوونی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی عێڕاق دروست دەكات لەوە زیاترە كە ئاماژەی پێكراوە.
ئەوەی لە ئاخافتنەكەی پلاسخارتدا نەهاتووە ئەمانەن:
ـ تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی بیست ساڵ لەسەر بوونی دەستوور، چەندین ماددەی سەرەكی دەستوور، كە بە بناغەی سیستمی سیاسییە و پەیوەندی بە قانوونی دادگای فیدڕاڵی و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و ماددەی 140ەوە هەیە جێبەجێنەكراون و، ئەمەش بۆشاییەكی بەرچاوی بواری باسكردن لە دەوڵەتی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەكانە.
ـ بەردەوامبوونی دیاردەی تیرۆركردنی خەڵك، كە لەم دوواییەدا كەسانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی گرتووەتەوە.
ـ بەردەوامبوونی دیاردەی دەوڵەتی قوڵ، كە بە ئاشكرا شوێنی حكوومەتی فیعلی گرتووەتەوە.
ـ زیادبوونی هەژاری و دیاردەی بێكاری و كارتێكردنیان لەسەر ڕەوش و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەوە دەچێت بە ئەركی خۆی نەزانیت.
ـ پلاسخارت باسی كاری كۆمەڵە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا دەكات، بەبێ ئەوەی باس لەوە بكات كە چالاكی ئەو گرووپە چەكدارانە بە شێوەیەكی شەرعی و بەبەرچاوی حكوومەتەوە دەكرێت و ئەو كۆمەڵە چەكدارانە لەلایەن حكوومەتەوە پشتگیری دارایی دەكرێن.
ـ پلاسخارت ئاماژە بە شاڵاوەكانی بۆردمانكردنی شوێنە ئابووری و مەدەنییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی عێراقەوە ناكات، كە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
ـ دەستێوەردانی سەربازی و سیاسی وڵاتە دراوسێكان بەتایبەتی ئێران و توركیا لە ئاخافتنەكەی پلاسخارت ئاماژەی پێنەكراوە.
دوای خستنەڕووی سەرجەم ئەو وردەكارییانەی كە هەندێكیان خودی نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێكردووە و، ئەو وردەكارییانەش كە لێرەدا باسكرا و ئەو ئاماژەی پێنەكردووە، ئایا دەكرێت دەرئەنجامی ئەو ئاخافتنە بریتی بێت لە بوونی عێراقێك كە هەستان و بوژانەوە بە خۆیەوە دەبینێت؟!
كێشەی بەردەوامی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكاش لەوەدایە، كە لە ڕاپۆرتەكانیاندا سەبارەت بە ئیدارەدانی سەرجەم سەرۆك وەزیرەكانی عێراق لە عەلاوی و جەعفەری و مالكی و عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و كازمی و سوودانییەوە بگرە، باسیان لە وەرچەرخانی ئەرێنی چلۆنایەتییان لە ڕەوشی سیاسی كردووە، بەو تێڕوانینەی كە گوایە كار بۆ كۆنتڕۆڵكردن و دەستەمۆكردن و لە خۆگرتنی ڕەوشی سیاسی دەكەن، لە كاتێكدا واقیعی بەرجەستەكراو پەێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەردەخات و كێشەكان ئاڵۆزتر دەبن و بەردەوام ئاسایش خەڵك و ئازادییەكان لە مەترسیدان.