بودجەی گشتی دەوڵەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، بە ٢١١ تریلیۆن و ٨٦١ ملیار و ٣١٢ ملیۆن و ٥٠٤ هەزار دینار دیاریکراوە، بەگوێرەی خشتەکانی بودجە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسندکراوە.
لە بودجەی گشتی دەوڵەتی عێراق، بڕی ٣٣ تریلیۆن و ١٥٩ ملیار و ٥٤٤ ملیۆن و ٥٣٢ هەزار دینار بۆ بوارەکانی ئەمنی و سەربازی تەرخانکراوە، کە ڕێژەی ١٥.٦٥٪ی کۆی گشتی بودجەی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە پێکدەهێنێت.
پشکی دەزگا، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە بودجەی ٢٠٢٤دا
دەزگەکانی ئاسایش و سەربازی | بودجە | ڕێژە ٪ | ژمارەی ئەندامان | ڕێژە ٪ |
ناوخۆ | 14,894,373,147 | 44.92 | 707004 | 49.14 |
بەرگری | 11,653,137,687 | 35.14 | 431413 | 29.98 |
دەستەی حەشدی شەعبی | 4,556,611,538 | 13.74 | 238075 | 16.55 |
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر | 914,393,597 | 2.76 | 23659 | 1.64 |
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی | 463,969,264 | 1.40 | 14353 | 1.00 |
دەزگای هەواڵگری نیشتمانی | 395,299,538 | 1.19 | 12131 | 0.84 |
فەرماندەیی فرقەی تایبەت | 8,940,371 | 0.03 | 12000 | 0.83 |
دەزگای پیشەسازی جەنگی | 272,819,390 | 0.82 | 143 | 0.01 |
کۆی گشتی | 33,159,544,532 | %100 | 1,438,778 | %100 |
ئەو زیاتر لە ٣٣ تریلیۆن دینارەی بۆ بوارەکانی ئەمنی و سەربازی لە بودجەی گشتیی عێراق تەرخانکراوە، دابەش دەبێت بەسەر هەشت وەزارەت، دەزگا و دەستەی دیاریکراودا؛ وەزارەتی ناوخۆ ڕێژەی ٤٤.٩٢٪، وەزارەتی بەرگری ڕێژەی ٣٥.١٤٪ و دەستەی حەشدی شەعبی بە تەرخانکردنی ڕێژەی ١٣.٧٤٪ی بودجەکە، سێ گەورەترین پشکی بودجەکەیان بەرکەوتووە.
سەرجەم ئەندامانی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی لە عێراق یەک ملیۆن و ٤٣٨ هەزار و ٧٧٨ کەسن، وەزارەتی ناوخۆ بەڕێژەی ٤٩٪، بەرگری بەڕێژەی ٣٠٪ و حەشدی شەعبی بەڕێژەی ١٦.٥٥٪ سێ گەورەترین هێز لەڕووی ژمارەی ئەندامان پێکدەهێنن.
هەڵکشان لە بودجەی ئەمنی و سەربازی
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بودجەی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی عێراق لە ٢٩ تریلیۆن و ١٨٤ ملیار و ٦١٤ ملیۆن و ٤٧٩ هەزار دینارەوە بۆ ٣٣ تریلیۆن و ١٥٩ ملیار و ٥٤٤ ملیۆن و ٥٣٢ هەزار هەڵکشاوە. ئەوە زیادبوونێکە بەڕێژەی ١٢٪ لە بودجەی ئەمساڵی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣.
بودجەی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی لە ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا
دەزگەکانی ئاسایش و سەربازی | 2024 | 2023 | جیاوازی |
ناوخۆ | 14,894,373,147 | 13,887,487,961 | %6.76 + |
بەرگری | 11,653,137,687 | 9,763,710,625 | %16.21 + |
دەستەی حەشدی شەعبی | 4,556,611,538 | 3,743,703,290 | %17.84 + |
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر | 914,393,597 | 797,853,719 | %12.75 + |
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی | 463,969,264 | 401,237,186 | %13.52 + |
دەزگای هەواڵگری نیشتمانی | 395,299,538 | 307,542,798 | %22.2 + |
فەرماندەیی فرقەی تایبەت | 8,940,371 | 0 | %100 + |
دەزگای پیشەسازی جەنگی | 272,819,390 | 283,078,900 | %3.62 – |
کۆی گشتی | 33,159,544,532 | 29,184,614,479 | %11.99 + |
بەشەبودجەی سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ٢٠٢٤ بەراورد بە ٢٠٢٣ هەڵکشاوە، جگە لە دەزگای پیشەسازی جەنگی کە بەڕێژەی ٣.٦٢٪ لە کورتی داوە.
کەمترین هەڵکشان لە بەشەبودجەی ناوخۆ تۆمارکراوە، کە تەنیا ٦.٧٦٪ دەبێت، هەروەها زۆرترین هەڵکشان لە بودجەی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تۆمارکراوە کە ڕێژەی ٢٢٪ و لە پلەی دووەمیشدا دەستەی حەشدی شەعبی کە بەشەبودجەکەی بەڕێژەی نزیکەی ١٨٪ زیادکراوە. پاشان وەزارەتی بەرگری کە هەڵکشانێک بەڕێژەی ١٦.٢١٪ لە بەشەبودجەکەی تۆمارکراوە.
هەرچی پەیوەندی بە فەرماندەیی فرقەی تایبەتەوە هەبێت، کە ژمارەیان ١٢ هەزار چەکدارە، تەرخانکراوی داراییان لە بودجەی ئەمساڵ بۆ دابینکراوە.
ژمارەی ئەندامانی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی لە ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا
دەزگەکانی ئاسایش و سەربازی | 2023 | 2024 | جیاوازی |
ناوخۆ | 701446 | 707004 | %0.79 + |
بەرگری | 453951 | 431413 | %4.96 – |
دەستەی حەشدی شەعبی | 238075 | 238075 | %0 |
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر | 23716 | 23659 | %0.24 – |
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی | 14308 | 14353 | %0.31 + |
دەزگای هەواڵگری نیشتمانی | 11840 | 12131 | %2.4 + |
فەرماندەیی فرقەی تایبەت | 0 | 12000 | %100 + |
دەزگای پیشەسازی جەنگی | 88 | 143 | %38.46 + |
کۆی گشتی | 1,443,428 | 1,438,778 | %0.32 – |
بەکۆی گشتی ژمارەی ئەندامانی هێزەکانی ئەمنی و سەربازیی عێراق بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی ٢٠٢٤ بەراورد بە ٢٠٢٣ بەڕێژەی ٠.٣٢٪ لەکورتیداوە. لەکورتیدانەکە پێوەستە بە دابەزینێکی گەورە لە ژمارەی ئەندامانی هێزەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، کە لە خشتەی بودجەی ٢٠٢٣ ژمارەیان بە ٤٥٣ هەزار و ٩٥١ کەس دەستنیشانکراوە و لە خشتەی بودجەی ٢٠٢٤ ژمارەکە بۆ ٤٣١ هەزار و ٤١٣ کەس کەمبووەتەوە. ئەوەش لەکورتیدانێکە بەڕێژەی ٤.٩٦٪ لە نێوان ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤.
وەک دەردەکەوێت، زیادکردنی بەشەبودجەی هێزەکانی ئەمنی و سەربازی لە عێراق بەڕێژەی ١٢٪ لە ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤، پێچەوانەیە لەگەڵ دابەزینی ژمارەی ئەندامانی هێزەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکە لەسەر ئاستی دەستە و دامەزراوەکاندا، پەیوەندی نییە بە هەڵکشان لە ژمارەی ئەندامانی هێزەکان. بەنموونە، لەکاتێکدا بەشەبودجەی حەشدی شەعبی بەڕێژەی نزیکەی ١٨٪ هەڵکشاوە، بەڵام ژمارەی ئەندامانی هێزەکە لە نێوان ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ بە نەگۆڕی ماوەتەوە. ئەوە لەکاتێکدا کە بەدیاریکراوی ٨١٢ ملیار و ٩٠٨ ملیۆن و ٢٤٨ هەزار دینار بۆ بودجەی هێزەکانی حەشدی شەعبی زیادکراوە.
یان بەنموونە، دەزگای پیشەسازی جەنگی کە ژمارەی ئەندامانی لە ٨٨ کەسەوە بۆ ١٤٣ کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەشەبودجەکەی بەڕێژەی نزیکەی ٤٪ کەمکراوەتەوە.