سەبارەت بەم دۆخەی ھەرێمی كوردستان کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو كێشە و قەیرانی قووڵتر هەنگاو دەنێت، گەر سەیر بکەین دەبینین ئەم قەیرانانە ڕەگ و ڕیشەی کردەییان هەیە، کە لە بەرژەوەندی هەردوو حزبدا بەرجەستە دەبن. ھۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە دژوارەش پەیوەندی بە عەقڵیەتی حوكمڕانییەوە هەیە، کە بریتییە لە عەقڵیەتێکی چەوتی پاوانخواز، کە بەداخەوە نەخۆیان چاکی دەکەن و نە ڕێگە بە سازکردنی زەمینەش دەدەن بۆ چارەسەر، ئێستایشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە و نەیشیان ویستووە کە بە ئیرادەیەكی یەكگرتوو ڕووبەڕووی كێشەكان ببینەوە.
دەبینین کە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا بەرەو چارەسەر ناچێت، هاوکات پەیوەست بەم کێشەوە، گەر بگەڕێنیەوە بۆ دواوە، بۆمان دەردەکەوێت، لەكاتی بەھێزیی پێگەی ھەرێم كە زەمینەی سیاسی و دەستووری لەباربوو، نەتوانرا داخوازییە سیاسی و یاساییەكان یەكلابكەنەوە، نەتوانرا ڕێککەوتن لەسەر یاسای گاز و نەوت و یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بكەن، یاخود ماددە دەستوورییەكان بە یاسا ڕێكبخەنەوە، ئەمە پێمان دەڵێت ئێمە لاوازین بەرانبەر مەرجە سەپێنراوەکان، قبووڵكردنی یاسای بودجە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە لە مفاوەزەدا ناشارەزا و كڵۆڵ بوون.
لەم قۆناغەدا کە ھەرێم و دەسەڵات و كیانەكە پێویستی بە كاری ھاوبەش و ھاریكاری ھەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک دۆسیە وەک ھەڵبژاردن و ھەمواری یاسای بودجە، كەچی سەرباری ئەم بارودۆخە خراپە دوو حزبی دەسەڵات شەڕ لەگەڵ یەكتر دەكەن، ئەوەتا زیاتر لە پەنجا ڕۆژە مووچەی كارمەندانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە نەدراوە.
لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە پڕ قەیراناوییەدا حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات بێھەڵویست و شەرمنن، بەرانبەر تاڵانكردن و فەرھودكردنی موڵكی گشتی بێدەنگن و ناتوانن پێشڕەوایەتی خەڵك بكەن، سەبارەت بە دۆسیە گرنگەکان پرسیار و بەدواداچوون ناكەن، گەر وا بڕوات نەك گویژە بەڵكو ئەزمڕ و سەفین و ھەندرێنیش تەخت بكەن مێشێك مێوانیان نابێت، ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپتریش ببێت، لەسەر شۆستەكان لاشەی مردوو ببینن، لە دەربڕینی چەند دێڕێكی سوواوی سی و دوو ساڵە زیاتر هیچ ناكەن، کەواتە کارێک ناکەن زیانی بۆ پەزەكان هەبێت.
حزبەکانی هەرێم ئەرکی سیاسی و ئەخلاقی خۆیان لە دەستداوە، ئامانج و مەبادئیان وەلاناوە، پێداگرتن لەسەر بنەماكانی ئامانجەكان ئەركە و پڕەنسیپێكی مەردانەیە، بەڵام ئاستەنگییەکان وەك توڕی جاڵجاڵۆكە ڕێگرن.
ئەم حزبانە قسەی زۆر دەكەن، نووسینی زۆر، بەڵام نەك كاریگەر نین لەسەر جەماوەر، بەڵكو لەسەر ئەندامەكانیشیان کاریگەرییان نییە، لەوانەیە بڕێکیان قسەكەرێكی باشیش بن، بەڵام كارزانێكی لێزان نین، چونكە بنەماكانی حزب و سیاسەتەكانی حزب داكۆكیكردنە لە خەڵك.
بۆ ئەوەی دوو حزبەکەی دەسەڵات لێیان نەڕەنجێن، ئەو لایەنانە بەردەوام پاساوی لاواز بۆ گوتەكانیان دەهێننەوە، ئەمەش بێڕەواجی لای جەماوەر دروستكردووە، ئەم حزبە موعارەزانە سەیری چەپ و ڕاستی خۆیان ناكەن تا بزانن چییان كردووە و چ دەكەن، کە ئەمەش مانای دابڕانە لە خەڵک.
جێگەی خۆیەتی کە گوتەیەکی شكسپیر وەبیر بهێنمەوە كە دەڵێ (خۆت ماندوو مەكە بۆ پاساوھێنانەوە، چونكە خەڵك گوێت لێ ناگرێت، بەڵکو تەنیا گوێ لەوە دەگرێت کە خۆی ئارەزووی دەکات و دەیەوێت)، كەواتە دەپرسم خەڵك چی دەوێ و ئێوە چی دەڵێین ئەی حزبەكان؟
كار و چالاكی باش، جەماوەر بە بەرزی تەماشای دەكات و ئیجابییانە ھەڵسەنگاندنی بۆ دەكات، بۆ نموونە حزبی شیوعی كوردستان چەند مانگێک لەمەوبەر لەپێش بارەگای مەڵبەندی هەولێر گردبوونەوەیەكی ئەنجامدا، زۆرێک لە خەڵکی کوردستان پشتگیری ئەو چالاکییەیان کرد، دەی گەر ئەم نموونەیە بکرێتە کار و بەرنامەی ھەفتانە و مانگانەی حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەوە بەدڵنیاییەوە خەڵك پێشوازی لێدەكات.
دووپاتی دەكەمەوە و دەڵێم بارودۆخی ھەرێم، بە دەسەڵات و كیانەكەیشیەوە بەرەو لاوازی و تا ڕادەی لە ناوچوونیش دەڕوات، فشارەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق کە فشاری ئێرانی لەپشتە، دوور نییە لە دوای ھەڵبژاردنی ئەمریكا و سەركەوتنی ترامپ پاشەكشەی لێنەكەوێتەوە، ئەوكاتە دەكەوینە بەردەم بەرداشی ھێزەكانی توركیا و ئێران و گورگانخواردمان دەكەن، بۆیە پێویستە لە سەر حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات، پێداچوونەوەی جددی بە شێوازی خیتابی سیاسی و شێوازی هەڵوێست دەربڕین بەرانبەر بە دەسەڵات بکەن، پێوێستە لەسەر بەرنامە و خاڵی ھاوبەش تەبابن، لەسەر پێشڕەوایەتیكردنی جەماوەر و مافە ڕەواكانیان کۆکبن، دەزگای ڕاگەیاندنەكانیان یەكبخەن و بەیەك ئاڕاستە فشار بكەن، خۆپیشاندانی جەماوەری لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان ڕێکبخەن، تەنیا بەو جۆرە هەنگاوانە جەماوەر پێشوازیان لێدەكات و پێگەی خۆیانیش بەھێز دەكەن.
خۆ گەر بەپێچەوانەوە کار بکەن و بەردەوامبن لەسەر ئەم شێوەكاركردنەی ئێستا، کە زەمەن و زرووف تەجاوزی کردووە، ئەوە لە مێژوودا لاپەڕەی ڕەش تۆمار دەكەن.