سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بزووتنەوەی گۆڕان؛ تەڵاق

بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لە دوو یەکەی جیاواز پێکهاتبوو، ئەم دوو یەکەیە بریتی بوون لە بزووتنەوە لە گەڵ حزب. ئەم دوو بەشە هەرچەندە بەبێ بوونی ئاگاییەکی زانستییانە یان زانیارییانە، هەوڵدرا تێکەڵ بکرێن یان پێکەوە کار بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەشەبزووتنەوەییەکەی گۆڕان بریتی بوو لە خواستێکی ڕێکنەخراوی جەماوەریی، کە خۆی تەنها لە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەو خەڵکانەدا نەدەبینییەوە کە پشتیوان بوون، بەڵکو ئەوانەش کە پێیان باش بوو وەک مۆدێل، بەڵام لە بەر هۆکاری تر، ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون.

 

ئەم بەشە ڕێکنەخراوبوو، خواست و خەونی گەورەی هەبوو، هەست بە نادادی و بێبەشیی و قۆرغکاریی هاندەریی بوو. ئامانجی ئەوەبوو دەموچاوی نوێ، مامەڵەی نوێ، دەرفەت لەگەڵ دادپەروەرییدا ببینێت. ئەم جەماوەرە دەیانویست ببن بەو کەسانەی کە تەنها لە کاتی جەنگ و دەنگداندا بیرنەکەونەوە، بەڵکو لە کاتی داڕشتنی بودجە و خزمەتگوزاریشدا لەبیربن.

 

بەشەکەی تری گۆڕان، ئەوانە بوون لە حزبەکانی ترەوە هاتبوون، بە تایبەتی یەکێتی. ئەمانە، هەرچەند لە ناو یەکتردا تەبا نەبوون، بەڵام دەیانزانی یاریی باڵباڵێن و کوتلە و خۆڕێکخستن و خزانە ناو ئۆرگانەکان و فشار بکەن. نەک هەر تەنها بە ئاگابوون لە یارییەکانی مانەوە و ململانێ لە ناو کایەی حزبدا، بەڵکو زۆرێکیان ئاڵودەبووبوون پێی.

 

ئەم بەشە گۆڕانخواز نەبوون، تەبا نەبوون لەگەڵ بزووتنەوەکەدا، بەڵکو یەکێتییەکی تر، حزبێکی تربوون، کۆمەڵێ بەرژەوەندیی سنورداریان دەویست.

 

بەڵام لە ناو کایەی سیاسیدا، ئەوانەی کە بە ئاگان لە خۆڕێکسختن، هەمیشە زاڵ دەبن، بە سەر بێئاگا لە تەڵەکەبازییەکانی حزبایەتی و سیاسەت.

 

مرۆڤی حزبی خاوەن خەونی بچووکە، هەرگیز نایەوێت کایەکە بگۆڕێت، بەڵکو چۆن بە دەستکەوتەکانی بگات. یاری گۆڕانی ڕێساکان، لە هەموو سیستەمێکدا، سەختە و باجی هەیە.

 

بزووتنەوە سیاسییەکان وەک لافاو دێن، فشارێکی گەورەی کاتی دەکەن، ئەگەر نەتوانن خۆیان بگۆڕن بۆ هێزی ڕێکخراو پاش ماوەیەک دەنیشنەوە. بۆ نمونە دەبینیت ترەمپییەکان لە ناو کایەی پارتی کۆمارییەکاندا، بزووتنەوەیەکن کە توانای زاڵبوونیان هەیە بە سەر باڵەکانی تردا، ئەمە دەگمەنە. چونکە بزووتنەوە پشوودرێژ و یاریزان و مەکرباز نییە. بەڵکو زوو ماندوو دەبێت، زوو دەکشێتەوە، زوو دەگەڕێتەوە دۆخە پێشینەییەکەی خۆی و کارەکە بۆ یاریکەرە لێزانەکان بەجێدەهێڵێت.

 

حزبی کوردی کۆپییەکی ساختەی مۆدێلی لینینییە. هەموو شتێک بەکاردەبات بۆ خۆی؛ حزب هەیە لە پێناوی حزبدا.

 

هەرچەندە ئەم قۆناغە لە کوردستان کۆتایی هات. ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی سەرەتاکانی گۆڕان و ناڕەزایییەکانی تر بکەیت، زۆر باس لە مەکتەب سیاسیی دەکرێت وەک یەکەیەکی حزبیی لینینی، بەڵام بە هەڵکشانی خێزانەکان، مەکتەب سیاسیی، ئێستا دیکۆرێکی کۆنی زەوقسز نەبێت هیچی تر نییە.

 

ئێستا ئەوەی هەیە گۆڕانی حزبە، گۆڕانی بزووتنەوە، کۆتایی هات.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...