سیاسیشرۆڤه‌

پرسی ئەخلاق و سیاسەت

لەپەراوێزی پەیامە هاوخەمییەکەی دەمیرتاشدا

دەمیرتاش لەزیندانی داگیرکەرانەوە پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کوژرانی هەنییە دەنێرێت و پێ لەسەر دۆزە ڕەواکەی فەلەستینییەکان دادەگرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر دەمیرتاش یان هەر سەرکردەیەکی دیاری تەڤگەری باکوور، لە وەزنی ئیسماعیل هەنییە، و بەهەمان شێوەی ئەو لەلایەن ڕژێمی ئەردۆغانەوە شەهید بکرایە، هەنییە یان سەرانی تری حەماس چ پەیامێکییان دەبوو؟

پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ گەلی ژێردەستەی کورد و پێداگرتن لەسەر دۆزە ڕەواکەی؟ یان پەیامی پیرۆزبایی و دەسخۆشی بۆ ئەردۆغان؟

هەنییە و سەرانی حەماس لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی تاقیکراونەتەوە و هاودڵی و ئیعجابی ئەوانمان بەرانبەر ئەردۆغان بینییوە، و ئەگەر هەنییە نەکوژرایە ڕەنگبوو مانگی داهاتوو وەک پاڵەوانێک لە پەرلەمانی تورکەکان بەچەپڵەڕێزانەوە پێشوازی بکرایە.

هەر ئەوەنا…

ڕژێمی خامنەیی لانی کەم هێندەی سەرجەم ئەو فەلەستینییانەی کە بەدەستی ئیسرائیل کوژراون، عارەبی سووننەیان لە سوریا کوشتووە، کە زۆرێکییان هاوفیرقەی ئیسماعیل هەنییە بوون.

بەڵام، هەنییە بەسەر دەرییایەک خوێنی سوورییەکاندا باز دەدات و دەبێتە نزیکترین هاوپەیمانی ڕژێمەکەی خامنەیی و تایبەتیترین دۆستی ئەو.

لێرەدا پرسیارە جددییەکە ئەوەیە، ئەخلاقی سیاسی دەمیرتاش یان پراگماتیک و مەکیاڤێلییەتی هەنییە و سەرانی حەماس؟

وردتر بڵێم، ئایا پێویستە سیاسەت بە ئەخلاقەوە ببەسترێتەوە، یان هاوشێوەی جیهانی سەردەم، لەوانەش سەرانی حەماس، پراگماتیکییانە و لەدەرەوەی کایەی ئەخلاقدا سیاسەت بکەین؟

بەواتایەکی تر، ئایا کورد لە ڕوانگەی ئیمانوێل کانت و جۆن ڕاوڵز سیاسەت بکات و داکۆکی لە پڕەنسیپە ئەخلاقی و دادپەروەرییەکان لە سیاسەتدا بکات، وەک سەلاحەدین دەمیرتاش دەیکات یان کورد تێزەکانی ماکیاڤیلی پەیڕەو بکات و دەبێت سەرنجمان لەسەر دەسەڵات و پراکتیک بێت نەک ڕەچاوکردنی ئەخلاقی، یان وەک کارل شمیت سیاسەت لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دۆست و دوژمن بکەین و پرسی ئەخلاقی لە مانەوە و دەسەڵاتی دەوڵەتدا بە لاوەکی ببینین؟

 

دوا پرسیار ئەوەیە؛

ئەگەر پێمان وابێت ئێمە جیاوازترین و دۆزی ئێمە ڕەواترە و دەبێت ئێمە ئەخلاقییانە سیاسەت بکەین، ئایا لەم جیهانەدا کە لەسەر بنەماکانی ڕیاڵ-پۆلتیکدا دامەزراوە و براوە ئەوانەن کە وەک هێنری کیسینجەر بەرژەوەندییە ستراتیژی و نەتەوەییەکان دەخەنە سەرووی پێوانە ئەخلاقی و مۆراڵییەکان، کوردێکی لاکەوتەی ژێردەستەی بێدەوڵەت دەتوانێت چ شتێک ئیزافەی ئەخلاقی سیاسی بکات؟

هەڵبەت لەو پرسیارە گەڕێن کە دەتوانێت چ دەستکەوتێک لە ئەخلاقی سیاسی هەڵکڕێنێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...