سزاکانی سەرژمێری چین؟
لە ماوەی دوو هەفتەی پێشوودا، پاش بێنەوبەرەیەکی زۆر، گفتوگۆی گەرم و دانوستانی بەردەوام لە نێوان هەرێم و عێراق، بەشێکی باش لە داواکارییەکانی هەرێم جێبەجێکران، جگە لە یەک خاڵیان نەبێت، هەرێم دەیویست کە بە گوێرەی کارتی نیشتمانی، هاووڵاتییان لەسەر شوێنی ئەسڵییان تۆمار بکرێن، نەک ئەو شوێنەی کە لە ڕۆژی سەرژمێری لێی دەبن و پاشان لیژنەی هاوبەشی عێراق و هەرێم هەڵبستن بە بەراوردکردنی داتاکان و ناوەکان بگەڕێننەوە بۆ سەر شارەکانیان، لە کۆتاییدا لەگەڵ هەندێک دوودڵی، هەرێم یەکلایی بووەوە کە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە، بەشداری سەرژمێری گشتی دەکات.
لە ڕاستیدا ڕۆژانی کەم ماون بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، هەقی خۆی بوو کە هەڵمەتێکی میدیایی باشی بۆ بکرایە، بەڵام بەهۆی دوودڵی حکوومەتی هەرێم لە بەشداریکردنی سەرژمێری و بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، هیچ گرنگیەکی میدیایی پێنەدراوە. بۆیە خەڵکی پرسیاری زۆری هەیە و چاوەڕێی وەڵامن، پوختەی سەرنج و زانیارییەکان:
١: ماوەی ڕۆژانی سەرژمێری (١٥) ڕۆژە، نەک (٢) ڕۆژ.
بەروارەکانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە کە کراون بە پشووی ڕەسمی و قەدەغەی هاتوچۆیە. ئەو دوو ڕۆژە تیمی ژمێرکار، تەنها زانیاری سەرەکی ژمارەی خەڵک و خێزان تۆمار دەکەن، باقی ١٣ ڕۆژەکەی تر، تەواوی زانیاری فۆڕمی ئەلیکترۆنی سەرژمێری تۆمار دەکەن.
٢: ئەو هاووڵاتییانەی لەو دوو ڕۆژەدا لە کار و خزمەتن و ئێشکگرن وەکو کەرتەکانی پزیشکی و سەربازیی و ئەمنی و میدیایی، ئەو هاووڵاتییانە دەتوانن کارتی نیشتمانی خۆیان لەلای خێزانەکانیان بەجێبهێڵێن و بەبێ دوودڵی، تیمی سەرژمێری تۆماریان دەکەن.
٣: بۆ ئەوانەی لەو ڕۆژەدا خۆیان یان پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەرەوەی وڵاتن، بەهۆیەکانی گەشتکردن و بازرگانی و چارەسەری پزیشکی، ئەوانیش بەهەمان شێوە دەتوانن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەلای ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکەنیان دابنێن، بۆ نمونە لەلای ماڵی خوشک، برا، دایک و باوک، ئەوانیش تۆمار دەکرێن.
٤: ئەگەر بەهەر هۆیەک ڕۆژی سەرژمێری تۆمار نەکرایت، مافی وڵاتنامەت لێ وەرناگیرێتەوە (جنسییە).
٥: بۆ ڕەوەندی کوردستانی و عێراقی کە بە دونیادا بڵاو بوونەتەوە، ئەوانیش هاوشێوەی ناوەوەی وڵات پاش سێ مانگی تر، لە ڕێگای کونسوڵخانەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات تۆمار دەکرێن و هیچ بەدگومانیی و دوودڵییەکی ناوێت. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە، بەگوێرەی قانوونی دەستەی ئامار ژمارە ٣٢ی ساڵی ٢٠٢٣، مادەی (١٢) بڕگەی یەکەم، دەبێت هاووڵاتی عێراقیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات ئەوانیش سەرژمێری بکرێن.
٦: بەگوێرەی قانوونی دەستەی ئامار ژمارە (٣٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١١) پێویستە پاش (١١) ساڵی تر سەرژمێری دانیشتوان بکرێتەوە و بۆهەر (١١) ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت.
٧: خەڵکی کەرکووک و ناوچەکانی تری مادەی ١٤٠ پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆتان، بەگەڕانەوەتان گەرەنتی پاراستنی ناسنامەی مێژوویی شارەکەتان دەکەن.
سزاکانی سەرژمێری چین ؟
لە ڕووی قانوونییەوە پڕۆسەی سەرژمێری بە دوو قانوون ڕێکخراوە، قانوونی سەرژمێری دانیشتووان ژمارە (٤٠ )ی ساڵی ٢٠٠٨ و هەموارەکەی، لەگەڵ قانوونی دەستەی ئاماری عێراق ژمارە (٣٢)ی ساڵی ٢٠٢٣، ئەوەی دووەمیان قانونێکی زۆر گرنگ و سەرەکییە، لەو قانوونەدا هاووڵاتی پابەندکراوە کە دەبێت بەشداری سەرژمێری بکات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی هەیە.
سزاکان بەم شێوەیەن؛
١: ئەگەر هاووڵاتی ڕێگری کرد سەرژمێری بکەن، بەگوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە (٣٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٨) بڕگەی (چوارەم)، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٣) سێ مانگ زیاتر نەبێت و سزادانی دارایی کە لە (٣) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
٢: ئەگەر هاووڵاتی زانیاری درۆی بە مەبەست پێشکەش کرد، بەگوێرەی هەمان قانوون، پاڵپشت بە مادەی (١٩) بڕگەی (یەکەم) هاووڵاتی زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی کە لە (٥) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (١٠) ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
تێبینی یاسایی
هەموو هەو قانوونانەی کە لە پەرلەمانی عێراقی دەردەچن، دەبێت پەرلەمانی کوردستان بۆ کارپێکردنیان لە هەرێم دەنگیان پێ بدات. هەرچەندە لەو ماوەیە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام پڕۆسەی سەرژمێری گشتگیر و نیشتمانی و فیدڕاڵییە.