سیاسیشرۆڤه‌

جەنگ و سیاسەت لە جەنگدا

جەنگ، دیمەنێکی کورتکراوەی چڕی سیاسەتە و پردێکی ڕاستەوخۆیە بەرەو ئامانجێک، کە دبلۆماس نەیتوانیوە بیپێکێت، یان وای نیشان داوە ناتوانێت بیپێکێت. بڕیاری جەنگان -سەرەڕای ئەوەی لە سروشتی زۆربەی بوونەوەرەکاندا وەک غەریزەیەکی کۆکراوە هەیە، بەڵام جەنگێکی هەڕەمەکی و بێ‌سەروبەرە- لای مرۆڤ بڕیارێکی هۆشمەندانەیە، ڕێک وەک بڕیاری بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی؛ بڕیاری جەنگەکە هەرچییەک بێت و جۆری بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکەش هەر چۆنێک بێت.

 

هەرگیز ڕووی نەداوە بوونەوەرەکانی تر (جگە لە مرۆڤ)، لە ململانێکانیاندا شتێک لە مرۆڤەوە وەربگرن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەمەش هەمووی سەرکۆنەکردن نییە، چونکە لە ڕەهەندێکی ڕەفتاریدا، زۆرجار مرۆڤ لە ژینگەی دەوروبەرییەوە فێردەبێت و لاسایی دەکاتەوە، لەوانەش ئاژەڵان و بوونەوەرەکانی تر. چەمکی جەنگ هاوتەریب لەگەڵ گەشەکردنی عەقڵی مرۆڤدا گەشەی کردووە، لەوانەش گەشەکردنی سیاسەتەکەی لە کاتی جەنگدا. ڕاستە بزوێنەر و ئامانجەکانی جەنگ لە چوارچێوەی دەستکەوتەکان (چ بۆ تەماح یان بۆ بەرگری) نەماونەتەوە، بەڵام دۆزینەوە، بونیادنان و جووڵاندنی ئامرازە سیاسییەکان، هەمیشە گەورەترین پاشکەوت بوون بۆ سەرکەوتن یان کەمکردنەوەی زیانەکان.

 

سەربازەکان لە جەنگدا ئامرازی دەستی سەرکردە سیاسییەکانیانن، لەو دەوڵەتانەی خاوەن هەژموونی کاریگەرن لە بڕیاری نێودەوڵەتیدا، ڕێگەیان پێنادرێت دەست لە سیاسەت وەربدەن؛ چونکە ئەوان پلانە سەربازییە جێبەجێکارییەکانیان لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئامانجانەدا دادەڕێژن کە سیاسییەکان دەستنیشانیان کردوون. زۆرێک لە سیستەمە سیاسییەکان لەسەر دۆخی ئامادەباشی بۆ جەنگ جێگیر بوون، ئەوان تێگەیشتوون چۆن ئێستا و داهاتوویان لە پێگەیەکی کاریگەردا و لەنێو بازنەکانی ململانێدا بونیاد بنێن. یەکەمین ڕەگەزی هێزی ئەوانیش بریتییە لە ئابووری و سەرچاوەکان (مرۆیی، سروشتی و پیشەسازی)، کە مەبەست لێی بازاڕە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە. بە واتایەکی تر، هێزی سەربازی بۆ دەوڵەتانی خاوەن هەژموون، ئەگەرچی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا وا دەردەکەوێت لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام لە ڕاستیدا لە پلەی سێیەمدا دێت؛ لە دوای ئابووری کە لە پلەی یەکەمە، سیاسەت کە وەک سەرپۆشێک لە پلەی دووەمدا دەوری داوە.

 

دروستە ئەگەر کردارێکی نەشتەرگەری بۆ توێکاریی جەنگ ئەنجام بدرێت؛ ئەگەر پەردەی پڕوپاگەندەی جۆشدان (تعبئة) لەسەر جەنگ لاببرێت -کە مەبەست لە جۆشدان، گوزارشتە لە کولتووری تێگەیشتن لە کارتێکەرەکانی ناو کۆمەڵگە، وەک بانگەشە ڕوحی و ئەخلاقییەکان و بزوێنەرانی جۆش و خڕۆش، کە ئەمانە شتێکن پارەیان بۆ خەرج دەکرێت بۆ مەبەستی دیاریکراو- ئەوا ئەو پەردەیە کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت و دەبێتە یادگاری. بەڵام ئەوەی دەمێتەوە، ئەندامە زیندووەکانی جەنگن: دەستکەوتەکان و پێگە و بەراوردکردنی ئاستی کاریگەری لە ڕووی جێگیری، دابەزین، یان بەرزبوونەوەوە.

 

جەنگان زۆرجار پردێکی ناچارییە و هەندێک جار ڕێگەیەکی بەئەنقەستە و سیاسی دەیخوازێت، بۆ ئەوەی بە کاتێکی خێراتر ئەو کارە بکات کە بەرانبەر نەیارەکەی بە خاو یان بێسوود دەردەکەوێت؛ پاشان دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، یان وەک هاوسەنگێک، یان وەک سەرکەوتوویەکی سەپێنەر، یان وەک بەزێندراوێکی ملکەچ. بڕیاری جەنگ و شەڕکردن، ئەگەر نەتوانێت وێنایەکی واقیعیی بۆ ئەنجام و زیانەکانی دوای جەنگ هەبێت، ئەوا بڕیارێکی ناهاوسەنگە. جەنگ و شەڕکردن دوو خاڵی بێگەڕانەوەن؛ ئەگەر ڕوویان دا، ئەوا دۆخی دوای ئەوان وەک پێش ئەوان نابێت، نە لە ناوخۆدا و نە لە دەرەوەدا.

 

هەموو پڕوپاگەندە و ئاراستەکردنێک لە واقیعدا هیچ بەهایەکی نابێت، مەگەر ئەو لایەنەی بەرەو جەنگ دەچێت بزانێت زیان و دەستکەوتەکانی لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا چیین. ئەم بابەتە لە ناو عەقڵی مرۆڤدا، پێوەری جیاوازییە لەگەڵ ململانێی ئەو بوونەوەرانەی تر کە لە مرۆڤ نزمترن و شەڕ دەکەن. سیاسەت لە کاتی جەنگدا، تاقیکردنەوەیەکی سەختی بڕیاردانە و فاکتەری دەرخستنی عەقڵ و مەودا و قووڵی و ئاڕاستەکەیەتی؛ بە پێچەوانەشەوە، عەقڵەکەی تر کورت مەودا، ڕووکەش و سەرلێشێواوە.

 

فازڵ میرانی

بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button