ههواڵ
هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆ جاری دووەم هێرشی درۆنی کرایەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەم، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦، چەند هێرشێکی درۆنی کرایە سەر هەریەک لە سورداش لە پارێزگای سلێمانی و کۆیە و خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی دژەتیرۆری کوردستان دوو لەو درۆنانە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستەی پارێزگای هەولێر کراون و هەردووکیان لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێنراون.
لەماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە ٦٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی کرایە سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و لانیکەم ١٦ کەس شەهید بوون و چەندانی دیکەیش بریندار بوون.
بەشێک لە هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون و بەشێکی دیکە لەلایەن گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران.



