
١-
ئەنفال ڕووداوێکی کاتی و جیاواز نییە. ئەوەی بە ئەنفال ناودەبردرێت، تەنیا قۆناغ و ئەلقەیەکە لە زنجیرەیەکی دوور و درێژی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا. لەو ڕوانگەیەوە، هەموو ئەوانەی بەناوی توێژینەوە، شرۆڤە و شیکارییەوە، هەوڵدەدەن ئەنفال وەک ڕووداوێکی سەربەخۆ و دابڕاو لە قۆناغەکانی پێشوو، شی بکەنەوە، هەڵەیەکی گەورە دەکەن.
٢-
ئەنفال نە دەستپێکی تاوانەکانە و نە ڕووداوێکی جوایەز، لەبەرئەوەیش ناتوانین بە شێوەیەکی ڕوون و تەواو قسە لەسەر ئەنفال بکەین، ئەگەر لە مێژوو و پڕۆسە درێژخایەنەکەی جیا بکەینەوە. بۆیە، ئەگەر ئەنفال تەنیا لە هەلومەرجی ساڵی ١٩٨٨دا ببینرێ، هۆکارە سەرەکییەکان و مەبەستە ستراتیژیکەکانی ئەو پڕۆسەیە ون دەبن، وەک ئەوەی تاوانەکە تەنیا کاردانەوەیەکی کاتی بێت، نەک بەشێک لە پیلانێکی درێژخایەن. کاتێک هۆکارەکان ون دەکەین، سیاسەتی جینۆساید بە تەواوەتی دەرناکەوێت. ئەو هەڵە کوشندەیە زۆرجار سەردەکێشێت بۆ ئەوەی بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان لە پڕۆسەی ئەنفالدا وەک کاردانەوەی کاتی دەرکەون، نەک ستراتیژی درێژخایەن.
٣-
گەلی کورد لە باشووری کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، چەندین تاوانی دژە مرۆیی، تاوانی جەنگ، کۆمەڵکوژی و … هتد بەسەردا سەپێنراوە. لە قۆناغێکی نزیکتر لە ئەنفال، سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن، ڕاگواستن، سیاسەتی هەڵاوێرد لە فۆڕمەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، زمان و فەرهەنگ و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ و … هتد، هەموو ئەوانە، پێشەکی و ئامادەکاری ئەو قۆناغەن کە بە ئەنفال کۆتایی دێت. ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە تاوانەکان پێوەست نین بە هەلومەرجی شەڕەوە، بەنموونە گرێدانیان بە شەڕی عێراق- ئێران، بەڵکوو بەشێکن لە سیاسەتێکی ڕێکخراو بۆ لەناوبردنی گرووپێکی دیاریکراو.
٤-
لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە، بە تایبەتی لە توێژینەوەی جینۆسایددا، جینۆساید هەمیشە بە پڕۆسەیەکی پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ دەبینرێت؛ بە جیاکردنەوە و هەڵاوێردی گرووپ و دژایەتییەوە دەست پێ دەکات و بە کۆمەڵکوژی کۆتایی دێت. بەو جۆرەیش، ئەنفال قۆناغی کۆتاییە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و بەبێ تێگەیشتنیش لە قۆناغەکانی پێشوو، ناتوانرێت وەک جینۆسایدێکی تەواو لێی تێبگەین.
٥-
دیسان، جیاکردنەوەی ئەنفال لە مێژوو و ئەوەی لە قۆناغەکانی پێشوودا ڕوودەدات، مەترسییەکی گەورەی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە، چونکە دەتوانرێت وەک ڕووداوێکی کاتی یان کاردانەوەیەکی سەربازی پیشان بدرێت، لە کاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە ئەو پڕۆسەیە سیستەماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو بوو. ئەدەبیاتی تیۆری و توێژینەوەی جینۆساید، ئەنجامگیرییەکی تۆکمەی هەیە کە وەک دەستپێکێکی بنچینەیی کار دەکات؛ جینۆساید کاردانەوە نییە.
کورت و کرمانجی، قسەکردن لەبارەی ئەنفال، بەبێ گەڕانەوە بۆ قۆناغەکانی پێش ئەنفال، وەک ئەوەیە قسە لەسەر کتێبێک بکەین کە تەنیا چەند لاپەڕەیەکمان لە کۆتایی کتێبەکە خوێندبێتەوە. ئێستا ئەنجامێکمان هەیە، بەڵام نازانین لە کوێوە دێت و دروست دەبێت.
٦-
ئەگەر بمانەوێ کار لەسەر شێواز و ڕێوشوێنە ناوخۆییەکانی ئەنفال بکەین، وەک ڕاگواستن، کۆکردنەوەی خەڵک، ئۆردوگا زۆرەملێکان، گۆڕەبەکۆمەڵەکان و … هتد، ئەوکات ئێمە بە شیکارییەکی تەکنیکییەوە خەریکین، نەک تێگەیشتنێکی ڕوون و ڕاست لە پڕۆسەیەکی قووڵ.
٧-
نەبوونی مەعریفەیەکی سەرەتایی لەمەڕ جینۆساید و کۆمەڵکوژی، وا دەکات، بەداخەوە، زۆرجار ئەوانەی هەڵسوکەوت لەگەڵ تاوانێکی وەک ئەنفال یان کیمیاباران یان هەر تاوانێکی دیکەی دژ بە گەلی کوردستان دەکەن، بکەونە ناو هەڵەیەکی کوشندەوە؛ هەڵەیەک کە کارتێکەری لە سەر ئێستا و داهاتووی نەتەوەیەک هەیە و ئەمن ئەو بابەتەم بە ئەنفالکردنی ئەنفال گوزارشت کردووە.




