
(١)
یەکێک لەو چەمکانەی کە نوسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی بێت یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاری دێنن، جیاوازی نەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای ژێردەستە چییە؟ ئایا بەڕاستی کورد ژێر دەستەیە و داگیرکەرانی کوردستانیش سەردەستەن؟
دیارە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا سەپاندنی هەژموون واتە سەپاندنی بەها، زمان، کولتوور و مۆدێلی ژیانی لایەنی لاواز، بە جۆرێک لایەنی ژێردەستە هیچ بژاردەیەکی نەمێنێت بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان و خۆگونجاندن، بەمانای ئینتەگراسیۆن یان ئینتەگرێیشن (Integration). لێرەدا ئەگەر داگیرکراو باوەڕ بەوە بێنێت کە چارەنووسی لەگەڵ داگیرکەر دایە و دۆخی ژێردەستەیی دۆخێکی سروشتی و حەتمییە، یان بە کورتی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە، ئەوە لە قۆناغی داگیکراوی دەردەچێت بۆ قۆناغی ژێردەستەیی. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا کورد باوەڕی بەو ژێردەستەییە هێناوە؟ ئەو دۆخەی کە بەسەریدا هاتووە بە سروشتی دەزانێت و بەتەواوەتی و ڕەهایی خۆی ڕادەست کردووە؟
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەینەوە، ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان داگیرکاری (Occupation) و سەردەستی (Hegemony)؟ بەبۆچوونی خۆم و لە ئەنجامی بەراوردکاریم بۆ دۆخی کورد، لە ڕوانگەی ئەو تیۆرییانەی لەو بوارەدا شڕۆڤە کراون؛ جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان هەردوو چەمکی داگیرکەر و سەردەست، بەتایبەتیش لە ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزمدا. لەو ئەدەبیاتەدا جیاوازییەکە زیاتر پەیوەندی بە شێوازی سەپاندنی دەستەڵاتەوە هەیە. داگیرکەر زیاتر پشت بە هێزی ڕەق دەبەستێت، کە خۆی لە بەکارهێنانی سوپا، زەبروزەنگ، یاسا و داگیرکاری فیزیکی و جوگرافی دەبەستێت. بەڵام سەردەست، زیاتر پشت بە هێزی نەرم دەبەستێت، بەمانای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی گشتی، سەپاندنی کولتوور و ئایدیۆلۆژیا و ڕازیبوونێکی سایکۆلۆژیانەی ژێردەستە بە کولتوور و ئایدیۆلۆژیای سەردەستە، کە بۆی هەیە قۆناغی دوای داگیرکاری بێت. واتە داگیرکراوەکان تا لەقۆناغی داگیرکراویدا بن، مانەوەیان مسۆگەرترە تا لە قۆناغی ژێردەستەییدا. ئەوەی زیاتر هەستی بەو جیاکارییە کردووە ئەنتۆنیۆ گرامشییە. گرامشی دەستەڵات دابەش دەکات بۆ دوو چەمکی سەرەکی. یەکەمییان سەپاندن (Domination)، کە لە ڕێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرێت، بەتایبەتیش سوپا و پۆلیس و دادگاکان. چەندی چەمکی هەژموونە، لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەدەست دێت، کە بریتین لە (قوتابخانە، مزگەوت/ کڵێسا، میدیا و کولتوور). لە ڕوانگەی ئەودا لێرە دەستەڵات دەبێتە “سەردەست” چونکە وای لە خەڵک کردووە بە ئارەزووی خۆیان بەبێ هێزی سەربازی باڵادەستیی (ئەوی دیکە) قبوڵ بکەن.
بۆ سەلماندنی ئەو ڕوانگەیە، ڕایەکی لەو جۆرە هەیە لەلایەن دوو مێژوونووسی هیندی گایاتری سپیڤاک و ڕاناجیت گوها پشتڕاست کراوتەوە، کە پێیان وایە بریتانیا لە هیندستان داگیرکەر بوو، دەستەڵاتیشی هەبوو، بەڵام سەردەست نەبوو، بەمانای ئەوەی بەریتانیا نەیتوانی سەردەستی ڕۆحی و کولتووری بەسەر هیندییەکاندا بسەپێنێت. ئەمەش مانای وایە داگیرکەر هەمیشە جیاوازە لە سەردەست، یان دەتوانین بڵێین داگیرکەر قۆناغێک لەپێش سەردەستەوەیە. ئەگەر داگیرکەر توانی سەردەستیی ڕۆحی و کولتووریی بەسەر داگیکراودا بسەپێنێت، ئەوە داگیرکراو دەبێتە ژێردەستە و دەچێتە قۆناغی دووەم. بەڵام تا ئەو ئاستەی کە نەتەوەی داگیرکراو خۆی ڕادەست نەکات، خۆی نەگونجێنێت (ئینتەگرێیت) نەکات لەگەڵ داگیرکەر، ئەوە هێشتا ئەو نەتەوەیە نەبووە بە نەتەوەیەکی ژێردەستە. فرانس فانۆنیش پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات. ئەو لە کتێبی “پێست ڕەشەکان، ماسکە سپییەکان” دا، لەڕوانگەیەکی دەروونییەوە ئەو جیاوازییە ڕوون دکاتەوە. ئەو پێی وایە کەی داگیرکراو بە سووک و بێبەها تەماشای زمان و کولتووری خۆی کرد، مانای وایە هەوڵ دەدات وەکو داگیرکەرەکەی لێ بێت، واتە ماسکە سپییەکە بپۆشێت، لەوانەیە لەباشوور و ڕۆژئاڤای کوردستان پێوەری ماسکە سپییەکە ببێت بە دشداشە و عەگال. واتە کەی داگیرکراوی کورد دشداشەی پۆشی، ئەوە جۆرێک بێت لە خۆبەدەستەوەدان و داگیرکەر وەکو سەردەستی ڕۆحی و دەروونی تەماشا بکات، یان هەست بەخۆی نەکات، کە ئەو نەک هەر داگیرکراوە، بەڵکو جڵەوی ڕووبەڕووبوونەوەشی لەدەستداوە. کەواتە لێرەدا لە ڕوانگەی فانۆنەوە مەترسیدارترین قۆناغ، قۆناغی دووەمە، کە قۆناغی ژێردەستەییە، قۆناغی لەدەستدانی هەژموون، یان قۆناغی سڕینەوەی سیما تایبەتەکان و خۆڕادەستکردنی تەواوەتی بە داگیرکەر و بوون بە ژێردەست. بەڵام ئێدوارد سەعید لەو بارەیەوە نەیپێکاوە. ئەو پێی وایە کۆلۆنیالیزم توانیویەتی ڕۆژهەڵات، بەتایبەتیش دونیای عەرەبی لەڕووی کولتووری و رۆحییەوە داگیر بکات، بەڵام لە واقیعدا کۆلۆنیالزم بەتەواوەتی شکستی هێناوە لەوەی نەتەوەی عەرەب داگیر و دەستەمۆ بکات، دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی بەجێهێشتن. دەتوانین بڵێین کۆلۆنیالیزم وڵاتانی دونیای سێیەم و عەرەبیی لە دۆخێکی نزیک لە دۆخی فەوزا و گەڕەلاوژێدا بەجێهێشتن، بەڵام نەیتوانی بەها و نۆڕمە ڕۆژئاواییەکان بسەپێنێت، کە لە پێشەوەی هەموویانەوە بنەماکانی دیمکوراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوە ژیانن.
کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، ئایا کورد ژێردەستەیە؟ بەمانایەکی دیکە، ئایا داگیرکەر توانیویەتی زمان و کولتوور و مۆدێلی ژیانی خۆی بەسەر نەتەوەی کورددا بسەپێنێت؟ لە ڕاستیدا ئەو وەڵامە زۆر ئاڵۆزە. لەوانەشە بۆ هەر بەشێکی داگیرکراوی کوردستان پێویستمان بە وەڵامێکی جیاواز هەبێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین لە وەڵامدا بڵێین نەخێر کورد ژێردەستە نییە، با بەشێک لەکوردیش بە تەواوی کەوتبێتە ژێر هەژموونی داگیرکەر و بەهاو نۆڕمەکانی داگیرکەری قبوڵکردبن. داگیرکەری عەرەب، تورک و فارس، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەییش، لەژێر هەژموونی سیاسەتی ڕاگواستن و لەیەکدابڕین و قەدەغەکردنی زمان و کولتووری کوردەواری توانیبێتی بەشێک لەکورد ژێردەستە بکات، بەڵام تا ئێستاش زۆرینەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە بەرگرییەکی هەمیشەییدا بوون و ڕازینەبوون ژێردەستە بن. داگیرکراوە، ڕاستە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە پڕۆسەی خۆگونجاندن و ئینتەگراسیۆن (Integration) بباتە پێشەوە. لێرەدا تێبینییەکی زۆر گرنگیش هەیە شایەنی ئاماژە پێکردنە، ئەویش ئەگەر کوردێک هەبێت پێی وابێت داگیرنەکراوە، ئەوە بە دڵنیایی نەک هەر قۆناغی داگیرکران و قۆناغی ژێردەستەییشی پەڕاندووە، بەڵکو ئەو لە قۆناغی کۆتاییدا دەژیێت و بەتەواوەتی لە قالب و بچمی داگیرکەردا تواوەتەوە و هەموو سیماکانی کوردبوونی خۆی لەدەست داون.
لێرەدا پرسیارێکی دیکەی جیددی دێتە پێشەوە، ئەویش پڕۆسەی ئینتەرگراسیۆنی بەڕێز ئۆجەلانە. ئایا مەبەست لە چەمکی ئینتەگراسیۆن هەمان ئەو پڕۆسەی ئینتەگرێیشنی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ پەنابەران؟
لە ڕوانگەی ئۆجەلانەوە
ئایا پڕۆسەی “ئینتەگراسیۆن” قبوڵکردنی ژێردەستەییە
(2)
لە ئەڵقەی پێشوودا لەژێر ناوی ئایا کورد “ژێردەستەیە” یان “داگیرکراو”، بەڕوونی ئەوەمان باس کرد کە کورد بە شێوەیەکی گشتی داگیرکراوە، بەڵام چەمکی ژێردەستەیی بۆ زۆرینەی دۆخی کورد نەگونجاوە. ئەو نوسەر و توێژەرانەی، کە پێیان وایە کورد ژێردەستەیە، پێدەچێت لە جیاوازی ئەو دوو چەمکە تێنەگەیشتبن یان بیریان لێ نەکردبێتەوە. لەوێدا بە پشتبەستن بەهەندێک ڕوانگەی تیۆرییەوە ڕوونمان کردەوە کە کورد لە دۆخی داگیرکاری دایە بەڵام بەهۆی ئەو بەرگرییە ڕۆحی و فیزیکییە بەردەوامەی دژی داگیرکەر، توانیویەتی خۆڕاگر بێت و نەبێت بە ژێردەستە. لە کۆتایی بابەتەکەدا پرسیارێکی تایبەتمان بە پڕۆسەی ئینتەرگراسیۆنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان وڕوژاندووە. ئایا مەبەست لە چەمکی ئینتەگراسیۆن هەمان ئەو پڕۆسەی ئینتەگرێیشنی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ پەنابەران؟
گەیشتن بە وەڵامێکی دڵنیاکەرەوە قوڕسە، لێرەدا دوو ڕوانگە هەن، ڕوانگەیەک لەسەر بنەمای تیۆری و نوسینەکانی بەڕێز ئۆجەلان هەڵسەنگاندن بۆ چەمکەکە دەکەن، ڕوانگەی دووەمیش لەسەر بنەمای واقیع و ئەو پڕۆسەیەی کە لە باکووری کوردستان و تورکیا بە گشتی بەڕێوە دەچێت. لێرەدا سەرەتا بە کورتی شڕۆڤەیەک بۆ ڕوانگەی یەکەم دەکەین، دواییش باس لە ڕوانگەی دووەم. بەڵام بەر لەوەی باس لە هەردوو ڕوانگەکە بکەم، بە کورتی مەبەست و تێگەیشتنی خۆم بۆ ئەو چەمکە دەخەمە ڕوو، بە تایبەتیش لە ڕوانگەیەکی ڕۆژئاواییەوە، چونکە خودی چەمکەکە لە ڕۆژئاواوە هاتووە.
ئەو چەمکە بە ئینگلیزی بە ئینتەگرێیشن (Integration) گۆدەکرێت، بەڵام لە زمانەکانی دیکەی ئەوروپیدا بەتایبەتیش ئەڵمانی و فەڕنسی بە ئینتەگراسیۆن یان ئینتەگراتسیۆن گۆ دەکرێن، لە هۆڵەندیشدا بە ئینتەخراتسی (Integratie) دەخوێندرێتەوە. ڕەچەڵەکی وشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینی (Integratio)، کە بە مانای “تەواوکردن”، نوێکردنەوە و یەکخستن دێت. دیارە سەرەتای بیرۆکەکە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانیی کۆن و بەکارهێنانی چەمکەکە لە بواری بیرکاریدا، دواتریش لە سەدەی حەڤدەهەمدا لەسەر دەستی ئیسحاق نیوتن و گیتفرین لایبنیتس لە بواری بیرکاریدا پەرەی پێدراوە و لێرەدا بواری ئێمە نییە.
لەبواری کۆمەڵناسی و سیاسیدا، چەمکەکە بە زۆر شێواز کراوە بە کوردی. هەر لە مانای پێکەوەگونجان و تێکەڵبوون، تا تەواوکردن. من لە توێژینەوەیەکدا کە بۆ کۆنفڕانسی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە سلێمانی (2026) نوسیبووم، چەمکی (گونجاندن)م بەکار هێناوە، چونکە چەمکەکە بەشێکە لە سیاسەتی کولتووری وڵاتانی ڕۆژئاوا. هەموو ئەو پەنابەرانەی ڕوو لە ڕۆژئاوا دەکەن، دەبێت خۆیان لەگەڵ کولتوور و بەها و نۆڕمەکانی ئەو وڵاتانە بگونجێنن، هەر لە فێربوونی زمانەوە تا زانین و ناسینی بەها و نۆڕمە رۆژئاواییەکان. بۆیە پێم وایە (گونجاندن) لە چەمکەکانی ئاوێتەبوون و تێکەڵبوون شیاوترە. لە گونجاندندا دەکرێت زمان و کولتووری خۆیان بپارێزن، بەڵام لە تێکەڵبوون و ئاوێتەبووندا پارێزگاریکردن لە زمان و کولتووری باوان وەکو مەحاڵی لێدێت و زیاتر لە تاوانەوە نزیک دەبێتەوە.
لەبواری کۆمەڵناسیدا، کۆمەڵناسی گەورەیی فەڕەنسی ئیمێل دۆرکهایم، داهێنەری ئەو چەمکەیە و بە شێویەکی بەرفراوان پەرەی پێداوە، دوای ئەویش کارل دۆیج و تاد. ئەگەر لە ڕووی فەلسەفییەوە تەماشای بکەین “کۆکردنەوەی بەشە پەرشوبڵاوەکان بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تەواو و بەهێزتر) دەگەیەنێت”، هەروەها چەمکەکە بەتەواوی جیاوازە لە چەمکی تاواندنەوە (Assimilation)، کە لە هەندێک وڵاتی ئەوڕوپیدا زۆر بە جیددی کار لەسەر تاواندنەوەی پەنابەر دەکەن لە کولتوور و بەها و نۆڕمەکانی ئەو وڵاتەدا، بەتایبەتیش لە فرەنسا تا ئاستێکی زۆر ئەو سیاسەتە دەگیرێتە بەر. ئەمەش لەسەر بنەمای فلسەفەی سیاسی کۆماری فەڕەنسی پێکهاتووە، کە پێی وایە “کۆمار پێکهاتووە لە هاوڵاتی یەکسان، نەک کۆمەڵێک گروپی جیاواز”.
دۆرکهایم لە کتێبی دابەشبوونی کاری کۆمەڵایەتی (The Division of Labour in Society – 1893) دا، دەیەوێت بزانێت چۆن کۆمەڵگە لە داڕمان دەپارێزرێت، کە لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناغی هاوچەرخ (مۆدێرن). لە ڕوانگەی ئەودا گونجاندن (Integration) لە چوارچێوەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان گەشە دەکات و دوو شێواز یان دوو قۆناغی هەن.
(1) هاوپشتیی میکانیکی. لەو کۆمەڵگەیەدا، کە سەرەتایی و سادەیە؛ پەیوەدنییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەهێزن، هەموو خەڵک وەک یەک بیردەکەنەوە و یەک ئاینییان هەیە و هەمان جۆری کار دەکەن. یاساکان لێرەدا سزایان هەیە و توندن بۆ پاراستنی ویژدانی کۆمەڵ. (2) ناوی ناوە “هاوپشتی ئۆرگانیک”، کە تایبەتە بە کۆمەڵگە هاوچەرخە پیشەسازییەکان. لێرەدا خەڵک لە بیرکردنەوە، ئایین و شێوازی ژیاندا زۆر جیاوازن، گونجاندن لەرێگەی پشتبەستن بە یەکدییەوە دروست دەبێت. لێرەدا کارەکان دابەشکراون. نانەوا پێویستی بە پزیشکە، پزیشک پێویستی بە ئەندازیارە، ئەندازیاریش پێویستی بە جووتیارە. کۆمەڵگە وەک جەستەی مرۆڤ یەکدەگرێت، کە تێیدا هەر ئەندامێک کارێکی جیاواز دەکات و هەموویان پێویستییان بە یەکدی هەیە. دۆرکهایم کتێبێکی دیکەشی هەیە بەناوی (خۆکوژی). لەوێدا ئینتەگرێیشن بریتییە لە: “ئەو ئاستەی کە تێیدا تاکەکەس هەست دەکات بەستراوەتەوە بە کۆمەڵگەکەیەوە، خۆی بە بەشێک لە گروپێکی گەورەتر دەزانێت (وەک خێزان، کڵێسا و نیشتمان)”. ئەو جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ژیان لەسەر ئاستی ئینتەگرێیشن وەستاوە، ئەگەر ئەو ئاستە تێکبچێت خۆکوژی ڕوودەدات. دیارە وردەکاری زۆرە بەڵام بۆ دۆرکهایم ئینتەگرێیشن وەک سیکۆتین وایە، کە کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێتەوە. کۆمەڵگەی تەندروست پێویستی بە ئاستێکی هاوسەنگ لە ئینتەگرێیشن هەیە؛ کەمبوونی دەبێتە هۆی نامۆبوون و لێکترازان، زۆربوونی لەراددەبەدەریشی تاکایەتی مرۆڤ دەکوژێت.
بەپێی ئەدەبیاتی ئۆجەلان، نەک ڕاگەیاندنەکانی میدیا و ئەو مشتومرەی لەو دوو ساڵەی دواییدا لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری یان وەک ئەوەی تورکیا ناوی ناوە (دەوڵەتی بێ تیرۆر) دروست بووە؛ ئینتەگرێیشن یان ئینتەگراسیۆن لای بەڕێز ئۆجەلان چی دەگەیەنێت؟ بنەمای چەمکەکە لای ئۆجەلان لە ڕەخنەگرتن لە “دەوڵەت/نەتەوە” و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا سەردەگرێت. ئەو بە توندی دژی ئەو جۆرە ئینتەگرێیشنەیە، کە سیستمی باڵادەست دەیەوێت بەسەر گەلان (نەتەوەکان)دا بیسەپێنێت. (مۆدێرنیتەی سەرمایەدریش) ئەو سیستمە سیاسییەیە کە ئەمڕۆ وڵاتانی رۆژئاوا پێڕەوی لێ دەکەن. ئۆجەلان لە دوو ڕووەوە لێکدانەوەی بۆ کردووە:
یەکەم: ئینتەگراسیۆنی سەپێندراو یاخود (پێوانەکردنی کۆمەڵگە لەناو دەوڵەتدا). لێردا ئۆجەلان پێی وایە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت/ نەتەوەکان هەوڵ دەدەن هەموو پێکهاتە و گروپە کولتووری، زمان و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو یەک قالبی یەکپۆش و فەرمیدا بتوێنێتەوە. ئەوجۆرە ئینتەگراسیۆنە لای ئەو وەک تواندنەوەی کولتووری (ئەسسیمیلاسیۆن) و سڕینەوەی ناسنامە ڕەسەنەکان وایە. لەم دۆخەدا ئینتەگراسیۆن واتە ببیتە بەشێک لەو سیستمەی کە دەتچەوسێنێتەوە و واز لە تایبەتمەندییە کولتووری و مێژووییەکانی خۆت بێنیت، بۆ ئەوەی لەناو دەوڵەتدا ببیتە هاوڵاتییەکی گوێڕایەڵ. لەوانەیە تەنها مۆدێلی فەرەنسی نزیک بێت لەو تێگەیشتنە، وەک ئەوەی مۆدێلی عەلمانییەتیش (سەکولاریزم) لە فەرەنسا جیاوازە و ئەوان پێی دەڵێن لایسیتێ. مۆدێلی ئینتەگراسیۆنی تورکیش کتومت ئەو مۆدێلەیە و هەر ئەوەش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داواکراوە. بۆ نموونە کوردێک لە تورکیا ئەگەر بەتەواوی بتوێتەوە، هیچ کێشەیەکی فیزیکی و سایکۆلۆژی نییە، دەتوانێت بشبێتە سەرۆک کۆمار و لەکۆتاییدا خزمەت بە کۆمار بکات. خودی ئۆجەلانیش ئاماژە بەو دۆخە ژێردەستەییە دەکات.
دووەم: جێگرەوەی ئۆجەلان: پێکەوەژیانی ئازاد لە جیاتی ئینتەگراسیۆنی سەپێندراو. ئۆجەلان لە پڕۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا، مۆدێلێکی دیکە پێشنیاز دەکات لەجیاتی ئینتەگراسیۆنی سەپێندراو، پشت بە یەکێتی ئارزوومەندانە و “پێکەوەژیانی گەلان” دەبەستێت. ئەو مۆدێلە دوو تایبەتمەندیی هەن: (1) پارێزگاریکردن لە ڕەسەنایەتی. ئەو پێی وایە گەلان (بۆ نموونە کورد، عەرەب، ئاشووری، تورکمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)، پێویستە لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە پێکەوە کار بکەن و یەکبگرن، بەڵام بەبێ ئەوەی ناسنامەی کولتووری و خۆبەڕێوەبەرێتی لەدەست بدەن. (2) ڕەتکردنەوەی پاشکۆیەتی؛ کە تێیدا گەلێکی بندەست ببێتە پاشکۆی کولتووری و ئابووری نەتەوەی باڵادەست، ئەو دۆخە نەفسییەی کە لە ئاڵقەی یەکەم ئاماژەم پێکردووە. لە بەرامبەردا، داوای سیستمێکی ئاسۆیی دەکات کە تێیدا پێکهاتەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە یەکەوە دەکەن، نەک لە ڕێگەی تواندنەوە لەناو دەوڵەتێکی ناوەندیدا. هەرچەندە وشەی ئاسۆیی، بەمانای تێکەڵبوون و کێ لە کوێ دەژیت، کێشە دروست ناکات. ئەو مۆدێلەش نزیکە لە مۆدێلی بەریتانیا بۆ نموونە، سکۆتلاند (Scotland) و ئایرلاندای باکوور (Northern Ireland) و وێلز (Wells) لەگەڵ ئینگلاند (England)، هەموویان لەناو یەک یەکێتیدا بەناوی شانشینی یەکگرتوو بە شێوەیەکی ئاسۆیی لەناو یەک دەوڵەتدا و بەیەکەوە کار دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەو دەوڵەتە کۆنفیدرالی تەواو، فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی بێت، بەڵکو پێی دەگوترێت دیڤۆلیوشن (Devolution)، بە مانای شۆڕکردنەوەی دەستەڵات.
کەواتە مەبەستی ئۆجەلان لە ڕەخنەکردنی ئینتەگراسیۆن، ڕەتکردنەوەی ئەو پڕۆسەیەی کە دەیەوێت کۆمەڵگە و نەتەوەکان ناچار بکات ناسنامەی خۆیان پێشکەشی دەوڵەت/ نەتەوەی باڵادەست بکەن. ئەو لەجیاتی ئەوە، باوەڕی بە مۆدێلێک هەیە، کە تیایدا نەتەوەکان پێکەوە دەژین و هاوئاهەنگ دەبن، بەڵام بە پاراستنی تەواوی جیاوازییە کولتووری و سیاسییەکانی خۆیان.
ئایا لە واقیعدا ئاڕاستەکان بەرەو ئەو مۆدێلەی ئینتەگراسیۆن دەڕۆن کە ئۆجەلان دەیەوێت، وەک ئەوەی لە کتێبی “دۆزی کورد و چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک” بە وردەکارییەوە باسی دەکات؟ لە ڕاستیدا جێگیرکردنی وەها باوەڕێک وەکو یوتۆپیا وایە لەو دۆخە سیاسییەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە کۆمەڵێک هۆکارەوە. لەوانەش؛ دەوڵەتی تورک تا ئەورۆش پرۆسەکە بە ئاشتی یان پڕۆسەی چارەسەری ناو نابات، بەڵکو بە دەوڵەتێکی بێ تیرۆر. هەروەها تا ئەوڕۆش هیچ هەنگاوێکی کردەیی و ئەرێنی بەرەو هیچ جۆرە مۆدێلێک نەنراوە، چ جای ئەو مۆدێلە ناسەنترالیزمەی کە ئۆجەلان باوەڕی پێی هەیە. نابێت لەبیرمان بچێت، کورد لە باکوور لەگەڵ شۆفینیترین دەوڵەت و کۆمەڵگەدا مامەڵە دەکەن، مەگەر ئەو مۆدێلەی دەوڵەت تەنها لە سیستمی ئاپارتهایدی باشووری ئەفریقا هەبووبێت. بۆیەشە لە نوێترین گردبوونەوەی ئەندامانی دەم پارتیدا، یەکێک لەو ئەندامانە کە ناوەکەی نەنوسراوە و لینکی ڤیدیۆکە لای خۆم پارێزراوە، دەپرسێت:
“ئێمە داوای سەربەخۆیی ناکەین، داوای فیدراڵی ناکەین، داوای بەڕێوەبەرێتی خۆجێیی ناکەین، کەواتە لەم پرۆسەیەدا ئێمە چی بەدەست دێنین؟ بۆچی داواکارییەکانمان سەبارەت بە زمانەکەمان ڕوون و ئاشکرا نین؟ ئێمە میللەتێکین باجی زۆرمان داوە و فیداکارین. زیاتر لە 40 ساڵە بۆ مافەکانمان تێدەکۆشین. بەڵام ئەو باجەی داومانە نەگەیشتۆتە ئامانج، چونکە داواکاریەکانمان بە ڕوونی ناخەینە ڕوو. نازانین ئەو پرۆسەیە بەرەو کوێ دەمانبات. پێویستە بە گەلەکەمان بڵێین چی بەدەست دەهێنین، ئێمە دەتوێینەوە (ئەسسیمیلە دەبین) ئێمە دەسڕێینەوە و ون دەبین، چونکە ئینتەگراسیۆن بە مانای ئەوەیە کورد بتوێندرێتەوە، ئێمە دژی ئەم ئینتەگراسیۆن و ئەسسیمیلاسیۆنەین و توانەوە و تێکەڵبوون قبوڵ ناکەین”.
لەپاڵ ئەوەش؛ ئەوەی کە جێگای ڕەخنە و نیگەرانییە، ئەزموونی ڕۆژئاڤای کوردستان؛ بەپێی ئەو داتا و دەنگۆیانەی لە ڕۆژئاڤاوە دێن، ئەزموونی ڕۆژئاڤا بەرەو بەتاڵکردنەوە لە مانا و قورسایی خۆی دەڕوات بەرەو سیستمێکی بێ ناو، بێجگە لە شۆرکردنەوەی هەندێک دەستەڵاتی زۆری سیمبۆڵیک. ئەمەش پێچەوانەی ئەو تیۆرییە باوەیە کە خودی ئۆجەلان داوای دەکات. بۆیە، ئێمە لەبەردەم دۆخێکداین جێگەی نیگەرانی و خۆزگەیە بۆ ئایندەی نەتەوەی کورد لە باکوور و ڕۆژئاڤا.
لەو مۆدێلەی ئۆجەلاندا لەوە بووینەتەوە کە چیتر باس لە دەوڵەت/ نەتەوەیەکی تایبەت بە کورد بکرێت، چونکە ئەو لە بارەی دەوڵەتەوە بەگشتی دەڵێت “تیۆری دەستەڵاتی هەژموونگەرایی ناوەندیی لەسەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا گەورەترین هەڕەشەی سەر دیموکراسی و خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتییانە، لەلایەن دەوڵەت نەتەوە دێت” (ل.43). کەواتە لەوە دڵنیاین کە ئۆجەلان دەوڵەت نەتەوەی نەک هەر بەلاوە ناوە بەڵکو بە مەترسیشی دەزانێت لسەر دیموکراسییەت و خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراسییانە. کێشەی ئەو تێزە لە گشتگیرییەکەی دایە، ئەگەر بێت و تێزەکە تایبەت بێت بە دەوڵەتێکی وەکو تورکیا، ئەرگومێنتەکە بەتەواوەتی دەگۆڕدرێت. بەڵام دەوڵەتێک لەسەر بنەماکانی دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە بینابکرێت؛ هیچ مەترسییەک لەسەر هیچ گروپێکی مرۆیی ڕەسەنی ئەو دەڤەرە نییە، تەنانەت بەپێی مۆدێلی شانشینی یەکگرتوو.
بەهەرحاڵ بۆ ئەوەی زۆر درێژدادڕ نەبین، ئەرگومێنتی نیشتمانسازی لەلای بەڕێز ئۆجەلان (فاشیزمە) ئەو دەڵێت “چەمکی هەموو شتێک لە پێناو نیشتمان سەرچاوەی خۆی لە چەمکی نەتەوەی فاشیستی وەردگرێت، بەختکردنی هەموو شتێک لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و نەتەوەیەکی دیموکرات مانادارترە (ل.48). لێرەدا دوای شرۆڤەیەکی دوور و درێژی ئەو بابەتە؛ بەدیلی بەڕێز ئۆجەلان تەنها و تەنها ئینتەگراسیۆنە، بەو مەفهەموی خوارەوە کە دەڵێت:
“دەشێت نەتەوەی جیاواز تێکەڵ بەیەکتر لە ئارادا بێت. ئەگەر نەتەوەی دیموکرات لەگەڵ نەتەوەی یاسایی ڕێکبکەوێت بە ئاسانی دەتوانن بەیەکەوە بژین. وێڕای ئەوەی وڵات، ئاڵا و زمان بەهادارن بەڵام پیرۆز نین. لەجیاتی دژایەتی وڵاتی هاوبش، زمان و ئاڵاکان بەیەکەوە لەسەر بنەمای دۆستایەتی هاوبەش بەکاربێنن و ژیانداری بکەن؛ نەک تەنیا دەرفەت و زەمینەی هەیە، بەڵکو لەهەمان کاتدا پێویستییەکی ژیانی کۆمەڵگەی مێژووییە”.
بەهەر حاڵ بۆ ئەوەی زوڵم لەو تێزە نەکەین، ڕوانگەی ئۆجەلان بەتەواوی جیاوازە لەگەڵ ئەو دەنگۆ و مۆدێلەی کە ئێستا کاری بۆدەکرێت. ئەوەی لە تورکیە و باکووری کوردستان دەگوزەرێت، هێشتا بەدەیان فەرسەخ دوورە لەو ڕوانگەی ناو ئەدەبیاتی ئۆجلان بۆ کۆمەلگەی دیموکراتیک، چونکە مادام باس لە پێکەوەژیان دەکرێت لە یەک دەوڵەتدا، شان بە شانی نەتەوەی یەکەم، لەسەر بنەمای ئینتەگراسیۆن؛ بە پێی تێگەیشتنی ئۆجەلان، دەکرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و کورد لەو بەشەی کوردستاندا نەک هەر بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بگات، بەڵکو بگاتە ئاستی هەموو ئەو مافانەی کە تورک تیایدان.
دوای ئەو کورتە (درێژدادڕییە) پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ بەشێکی زۆری کورد لە باکوور لە دۆخی توانەوە (ئەسسیمیلاسیۆن) دان، لەسەر بنەمای ئەو مۆدێلەی کە خودی ئۆجەلان ڕەخنەی کردووە و ناوی ناوە (ئینتەگراسیۆنی سەپێندراو). ئایا دەوڵەتی تورک ئامادەیە لەو هەموو سەروەرییە نەژادییەی خۆی دابەزێت و واز لەهەندێک لە دەستەڵاتەکانی خۆی بێنێت و شۆڕیان بکاتەوە بۆ باژێرەکان و بۆ نەژادێک کە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت بە دواکەوتوو و تورکی چیای دەزانێت و ناوی (کوردستان) قەدەغەیە؟ ئایا دەوڵەتی تورک ئامادەیە واز لەو مۆدێلەی “ئینتەگراسیۆنی سەپێندراو” بێنێت لە ئایندەیەکی چاوەڕوانکراودا؟ ئەگەر 20٪ی وەڕاست بگەڕێت؛ ئەوە وەکو موعجیزەیەکی سەدەی بیست و یەکەم وایە. تا چرکەساتی نوسینی ئەم دێڕانە؛ تورکیا نەک هەر ئامادەی وەها مۆدێلێک نییە کە ئۆجەلان لەڕووی تیۆرییەوە داوای دەکات، بەڵکو ئەو دەوڵەتە هێندە ملهوڕ و ستەمکارە، مرۆڤ لە ئاستیدا واجیم دەمێنێت. لە کۆتاییشدا ئەو پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە داخۆ کورد لە باکوور بەرەو قبوڵکردنی ژێردەستەیی دەڕوات، یان دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕهێنان بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک و بانگەوازی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان؟



