سیاسی
ئاراستەکان

دوو گیانبەختکردووی بەریتانی بە بیانگەی پاڵپشتیی کورد داوایان لەسەر بەرزکراوەتەوە

شکۆ شێرکۆ

 

دان بێرکی و سام نیوی ئەو دوو گیانبەختکردووەی بەریتانیان کە ماوەیەک لەمەوبەر وەک سەربازی خۆبەخش لە بەرەکانی ئۆکڕانیا لە دژی ڕووسیا گیانیان لەدەست دا. لە لایەن خەڵک و حکوومەتەوە هەڵوێستیان بە هەڵوێستێکی بوێرانەی دژە-ئۆتۆریتاری پێشوازی لێ کرا و بە پاڵەوانی وڵات لە قەڵەم دران. ئەوە لە کاتێکدایە، کاردانەوەکانی حکوومەتی بەریتانیا بە هەمان شێوە نەبوون کاتێک لەپاڵ هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا لە دژی داعش خەباتیان دەکرد، لە دژی بڵاوبوونەوەی تیرۆر و فاشیزم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دان بێرکی سەربازێکی پێشووی سووپای بەریتانیا بوو، ماوەیەک لە ئەفغانستانیش سەربازی کردبوو. دوای تەقینەوەیەکی تیرۆرستی لە یاریگای مانچستەر لە ٢٠١٧، کە بووە هۆی مردنی ٢٢ دانیشتووانی شارۆچکەکەی و برینداربوونی سەدان کەس، بڕیاریدا ڕاستەوخۆ بێتە ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی لەپاڵ هێزە کوردییەکان و کەسە نێودەوڵەتییەکانی دی شەڕی تیرۆر بکات. لەوێ هەر زوو بە دیداری دان نیوی (برای سام نیوی) شاد دەبێت، کە لەو کاتەدا لەتەک هێزی ئاسمانی شاهانە شەڕی گرووپە ئیسلامییەکەی دەکرد و دەنگۆی ئەوەش هەیە، زانیاریی لە دژی داعشی کۆکردبێتەوە بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانی.

 

ساجد جاڤد، وەزیری ناوخۆی ئەوکات، گەشتکردن بۆ ڕۆژئاوای وەک تاوان دیاری کرد و مانگێکی خستە بەردەم ئەوانەی لەوێن تاکوو بەجێی بهێڵن. دان بێرکیش هەموو ئەوەی پێشکەشی کرا نازناوی “دانی جیهادی” بوو

 

دوو ساڵ دواتر و دوای ڕاگەیاندنی لەناوبردنی داعش لە لایەن هەسەدە، دان بێرکی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی. ڕەنگە لەو کاتەدا پێشبینی پێشوازییەکی گەرمی لە خەڵک و حکوومەت کردبێت، بەڵام دەرکەوت ئەردۆغان پێش ئەو خۆی گەیاندووەتە لای کاربەدەستانی بەریتانیا و بەڵێنی بە تاوانبارناساندنی جوڵانەوە کوردییەکانی لێ وەرگرتوون. کەمپینەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ٢٠١٨ و ٢٠١٩، وای کرد هێزە جیهانییەکان تورکیای خاوەن دووەم زەبەلاحترین سووپای ناتۆ، بخەنە هاوکێشەکەوە. پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، هەروەها تاوانبارکردنی جوڵانەوەی کوردی و ناڕەزایی لە خۆبەخشان بۆ ڕۆیشتنیان بۆ ڕۆژئاوا، ڕێگەی بۆ حکوومەتی بەریتانیا خۆش کرد ڕێکارەکان لە دژی کورد و لە بەرژەوەندی تورکیا و تیرۆر توندتر بکات. زۆری بەسەردا نەڕۆیشت، ساجد جاڤد، وەزیری ناوخۆی ئەوکات، گەشتکردن بۆ ڕۆژئاوای وەک تاوان دیاری کرد و مانگێکی خستە بەردەم ئەوانەی لەوێن تاکوو بەجێی بهێڵن. دان بێرکیش هەموو ئەوەی پێشکەشی کرا نازناوی “دانی جیهادی” بوو.

 

کاتێک دان بێرکی دەستگیر کرا، گوتی، “تیرۆرست نیم، ئێوەش دەزانن تیرۆرست نیم. لە شەڕکردن بۆ ئەو وڵاتە زیاتر هیچم نەکردووە. ئەوە گاڵتەجاڕییە.”

 

دان بێرکی و سام نیوی دووان لە نزیکەی ئەو نیو دەرزەن کەسە بوون، کە تۆمەتی تیرۆریان بەو بیانگەوە خرایە پاڵەوە. دان نیوی لە ٢٠١٩ گەڕایەوە بۆ ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی شەڕی داعش و تورکیا بکات، لە ڕێگەیدا، هەواڵی ئەوەی پێ دەگات باوک و براکەی بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی تیرۆر دەستگیرکراون، بەهۆی ئەوەی بڕی ١٥٠ پاوەندیان بۆ دان ناردووە. هەروەها دان بێرکیش، کە ئەو کاتە لە بەریتانیا بوو، بە تۆمەتی یارمەتیدانی دان نیوی و هەوڵدان بۆ گەڕانەوە دەگیرێت. ئەگەرچی تۆمەتەکان شکستیان هێنا لە پێکهێنانی سزایەکی یاسایی، بەڵام ئەستەمە ئەو بردنەوەیەی دادگا دان بێرکی خۆشحاڵ کردبێت، بەهۆی ئەوەی حەوت مانگ لە زیندان مایەوە و بە نازناوی جیهادییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە شکۆی کەم دەکرایەوە، لە کاتێکدا ژیانی خۆی بۆ شەڕکردن لە دژی تیرۆری جیهادییەکان سپاردبوو. کاتێک دەستگیر کرا، گوتی، “تیرۆرست نیم، ئێوەش دەزانن تیرۆرست نیم. لە شەڕکردن بۆ ئەو وڵاتە زیاتر هیچم نەکردووە. ئەوە گاڵتەجاڕییە.” سام و باوکیشی بە کەفالەت ئازادکران، بەڵام ژیانیان بەدەر نەبوو لە نەهامەتی بەدەست هێرشەکانی پۆلیس بۆ سەر ماڵیان و لە کاتی زانکۆش.

ئەگەرچی ڕێکارەکان لە دژی کوردەکان توندتر بوون، بە تایبەت لەدوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەک سەرۆک و نزیکبوونەوەی بەریتانیا لەگەڵ تورکیا، هەروەها بەکارهێنانی یاسای دژە-تیرۆر، تاکوو ئێستا هیچ هاووڵاتییێک سزای دادگایی نەدراوە بۆ چوونە ڕیزەکانی یەپەگەوە.

نیشانەکان لەم دۆخە دووڕووییەی بەریتانیا؛ بانگەشەکردن بۆ دیموکراسی، مافی چارەخۆنووسین و مافە بنەڕەتییەکان، وەستانەوە لە دژی تیرۆر، بەڵێنی بەتاڵی یارمەتیدانی کوردەکان لە لایەک، لە لایەکی دیکەش ڕێگەدان بە تورکیا لە درێژکردنەوەی دەسەڵاتە ئۆتۆریتارییەکەی، کوشتن و تیرۆرکردنی خەڵک و سڕینەوەی شووناسی کورد، ئاماژە بە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ تورکیا دەدەن بۆ توندترکردنی ڕێکارەکان. ئایدا کایکۆ، لێکۆڵەرێکە و توێژینەوە لەسەر بە تاوانبارناساندنی جوڵانەوەی کورد دەکات، دەڵێت، “یەکێک لە پێشخەرییەکانی هەواڵگریی تورکیا چاودێریکردن و لەناوبردنی جوڵانەوەی کوردییە، تورکیاش بە ڕژدی دەستی بەو ئامانجەوە گرتووە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی هاوپەیمانەکانی، کە بەریتانیا لە پێشی پێشەوەیانە.” ئەو ئامانجەی تورکیا بە زەقی لە ڕەتکردنەوەی داوای فینلەندا و سوید بۆ هاتنە ناو ناتۆ خۆی بەرجەستە دەکات. تورکیا سەرنجی لەسەر بە تاوانبارناساندن، گرتن و دیپۆرتکردنەوەی کوردەکانە لە دوو وڵاتەکە تاکوو ڤیتۆکەی لە دژی ئەو دوو وڵاتە بکشێنێتەوە.

 

دان نیوی دەڵێت، “خەڵکی مافی چارەخۆنووسین و ئازادییان هەیە، بەتورککردن و بەڕووسکردن یەک بیرۆکەن و هەمان ڕەشنووسیان هەیە، هەردووکیان بە زۆرەملێ کولتووری دیکە دەشێوێنن و تێکیان دەدەن.”

 

کاتێک بە ئاسانی دەتوانرێت پەنجە بخرێتەسەر لێکچووەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا لە جەنگیان دژی ئۆکڕانیا و جوڵانەوە کوردییەکان، دوو دەسەڵاتی فرەوانخوازی ئۆتۆریتاری، کە ئامادەی هەڵگیرساندنی جەنگ و سڕینەوەی نەتەوەی زەبەلاحن لە پێناو فرەوانکردنی دەسەڵاتیان، بەڵام حکوومەتی بەریتانیا دوو هەڵوێستی جیاواز لەگەڵ هەر یەکێکیان دەنوێنێت. مامەڵەکردنی لەگەڵ خۆبەخشانی شەڕی داعش/تورکیا و ڕووسیا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. دان نیوی دەڵێت، “خەڵکی مافی چارەخۆنووسین و ئازادییان هەیە، بەتورککردن و بەڕووسکردن یەک بیرۆکەن و هەمان ڕەشنووسیان هەیە، هەردووکیان بە زۆرەملێ کولتووری دیکە دەشێوێنن و تێکیان دەدەن.” سەبارەت بە بەریتانیاش دەڵێت، “مامەڵەکردن لەگەڵم بەم جۆرە لە لایەن وڵاتێکەوە کە بۆی جەنگاوم، تێڕوانینێکی نوێی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا و حکوومەتەکە بە گشتی پێدام. گرتنی براکەم چاوی کردمەوە بۆ دووڕووییەکانی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان و بەشێک لە چەپەکانی ڕۆژئاوا.” پێشی وایە ئەو جۆرە مامەڵەیە، هاوتەریببوونی هەردوو جەنگەکە، هەروەها ئەو بەهایانەی لە پەیوەندییان لەگەڵ جوڵانەوە کوردییەکە دەستیان کەوتوون، هەرسێکیانی هاندابێت وەک خۆبەخش گیانی خۆیان بە جەنگی ئۆکڕانیا بسپێرن، “بەم ڕۆحیەتەوە گەشتمان بۆ ئۆکڕانیا کرد. ئیمپێریاڵیزم هەڵەیە، ئیدی گرنگ نییە کێ بڵاوی دەکاتەوە.”

سام نیوی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکڕانیا، لە تەمەنی ٢٢ ساڵی، لە ٣١ی ئاب گیانی لەدەست دا، مردنی دان بێرکیش، لە ١١ی ئاب، هێشتا لەژیر لێکۆڵینەوەی پۆلیسە و گومان دەکرێت خۆبەخشێکی دیکەی هاوپەیمان دەستی لە مردنی هەبووبێت. لە لێدوانێکدا، تۆڕی هاوبەستی کوردستان لە بەریتانیا دەڵێت، “هەردووکیان وەک پاڵەوان دەمێننەوە. بەڵام هەردووکیشیان ڕووبەڕووی گێچەڵ و ڕاوەدوونان بوونەوە لە لایەن دەوڵەتی خۆیانەوە، ئەوەش وای کرد ژیانێکی ئاسایییان لەناو بەریتانیا نەبێت. دووڕوویی بەریتانیا لە پاڵپشتیکردنی جەنگی تورکیا لە دژی کوردەکان، گاڵتەکردنە بە بانگەشەکانی حکوومەتی بەریتانیا لە پاڵپشتیکردنی بۆ دیموکراسی، مافی چارەخۆنووسین و مافە بنەڕەتییەکان لە ئۆکڕانیا.” لە کۆتاییدا کایکۆش دەڵێت، “لەو ساتە تراژیدییەدا، دەبێت لەبیرمان بێت ئەو پرسیارە بکەین: لە بەرژەوەندی کێدایە دەوڵەتی بەریتانیا بە توندی دوای هاوپەیمانانی کورد بکەوێت لەژێر یاسای دژەتیرۆر؟”

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...