سیاسی
ئاراستەکان

دەنگ و سەنگی پێکهاتەکانی کەرکووک لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

زێدپرێس

 

توێژینەوەیەک دەریدەخات، ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕابردوودا، بەردەم لە پاشەکشەدا بووە و لەکۆی ١٢ کورسی نوێنەرایەتی لە پارێزگای کەرکووکدا، لیستە کوردییەکان بەگشتی ٦ کورسی و بە پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانیشەوە ٦ کورسییەکەی دیکەیان بردووەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

توێژینەوەکە، لەلایەن ئارام جەمال توێژەر و شارەزای بواری هەڵبژاردن، بە ناونیشانی، “دەنگ و سەنگی پێکهاتەکانی کەرکووک لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا” ئەنجامدراوە. ئەوە پیشان دەدات، کە لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووکدا، بەرزترین ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بووە، کە ڕێژەی (٨٤.٦٪)ە و نزمترین ڕێژەی بەشداربوونیش لە هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە، کە ڕێژەی (٤٣.٩٠٪) پێکدێنێت.

توێژەرەکە، بەپشتبەستن بە داتا و ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی گشتی دەنگدەران، ژمارە و ڕێژەی دەنگدەران لە هەر هەڵبژاردنێکدا، ژمارەی لیستەکان و دەنگەکانیانی خستووەتەڕوو.

ئارام جەمال لە سەرەتای توێژینەوەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، توێژینەوەکەی بە پلەی سەرەکی پشت بە ژمارەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک دەبەستێت، بەهۆی ئەوەی تەنیا یەکجار و لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامدراوە.

بەهۆی گرنگی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە و ئەو ئامار و داتایانەی تیایدا خراونەتەڕوو، زێدپرێس لەم ڕاپۆرتەدا، پوختەیەک لە داتا و زانیارییەکانی توێژینەوەکە، بەگوێرەی هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان دەخاتەڕوو.

 

هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥، لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی ژمارە ٧١ی پۆل بریمەردا، هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنەکان بۆ هەریەک لە ١٨ پارێزگاکەی عێراق بەڕێوەچوو. لەم هەڵبژاردنەدا سنوری کارگێڕیی هەر پارێزگایەک کرایە بازنەیەکی هەڵبژاردن و قەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن وا دیاریکرا کە هەر پارێزگایەک ٤١ کورسی بەربکەوێت، جگە لە پارێزگای بەغدا کە ٥١ کورسی بەرکەوت.

پارێزگای کەرکووک و هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی، بۆ یەکەمجار لەو هەڵبژاردنەدا بەهرەمەند بوون و بەهۆیەوە بوونە خاوەنی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگا. بەڵام لەدوای ئەو هەڵبژاردنەوە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تا ئێستا هەڵبژاردنی دیکەی بەخۆوە نەبینیەوە. بڕیارە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دووەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت.

لە هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، ٢٤ لیست کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی ٤١ کورسی دەکرد، ژمارەی دەنگدەرانی تۆمارکراو ٥٧٦ هەزار و ٤٨ دەنگدەر بوو، کە ٤٠٠ هەزار و ٨٩٢ کەس دەنگیان دا و بەو شێوەیە ڕێژەی ٦٨.٧٪ی دەنگدەران بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، لیستی برایەتی کەرکووک، کە زۆربەی لیستە کوردییەکانی لە خۆدەگرت، لە سەر ئاستی پارێزگای کەرکووک زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و ٢٦ کورسی بردەوە. لەدوای ئەو، بەرەی تورکمانی عێراق ٨ کورسی و لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەکانیش ٧ کورسی ئەنجوومەنەکەیان بردەوە.

بە هەموو پارتە کوردییەکان لەو هەڵبژاردنەدا، ٢٤١ هەزار و ٨١٨ دەنگیان بەدەستهێنا، کە ڕێژەی ٦٠.٣٪ی کۆی دەنگی بەشدارانی هەڵبژاردنەکە دەکات. دەنگەکان بەم شێوەیە بەسەر پارتە کوردییەکان دابەشبوون: پارتی ٧ کورسی، یەکێتی ٥ کورسی، شیوعی ٣ کورسی، یەکگرتوو ٣ کورسی، سۆسیالیست یەک کورسی، زەحمەتکێشان یەک کورسی.

لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە، هیچ هەڵبژاردنێکی دیکە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام نەدرا، بەو هۆیەوە کە پارێزگای کەرکووک بەدەرکرا لە هەردوو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ و لەلایەکی دیکەیشەوە لە ٢٨ی ١٠ی ٢٠١٩دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەمواری دووەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقدا، کە بە یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ ناسراوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بە کەرکووکیشەوە هەڵوەشاندەوە.

 

هەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانی ڕاگوزەر

لە هەمان ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥دا و لەپاڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، دوو هەڵبژاردنی گشتی دیکە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدران؛ هەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانی عێراق و هەڵبژاردنی دووەمین خولی پەرلەمانی کوردستان.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی ڕاگوزەردا، هەموو عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن و بە لیستی داخراو بەڕێوەچوو.

لەم هەڵبژاردنەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی ١٤ ملیۆن و ٢٧٠ هەزار دەنگدەری تۆمارکردووە و لەو ژمارەیەش ٨ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار و ٨٧١ دەنگدەر بەشداربوون، بەڵام کۆی دەنگی دروست لەو هەڵبژاردنەدا ٨ ملیۆن و ٤٥٦ هەزار و ٢٦٦ دەنگدەر بووە، کە ڕێژەی (٥٨.٩٪) پێکدێنێت.

لەم هەڵبژاردنەدا (١١١) پارت ‌و هاوپەیمانی و لیستی تاکەکەسی کێبڕکێیان لەسەر (٢٧٥) كورسی کرد و لە ئاکامدا تەنیا (١٢) پارت‌ و هاوپەیمانی کورسییەکانیان بردەوە.

ئەوەی پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەبێت، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی پارتە کوردییەکان لە پارێزگای کەرکووک بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش پارتەکانی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمانەوەیە. پارتە کوردییەکان ڕێژەی (٦٠٪)ی کۆی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەیان بەدەستهێنا، لەکاتێکدا کۆی پارتە عەرەبییەکان ڕێژەی (٢٣.٥٪) و بەرەی تورکمانی عێراقی ڕێژەی (١٦.٥٪)ی دەنگەکانی بردەوە.

 

هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لە دوای پێکهێنانی کۆمەڵەی نیشتمانی ڕاگوزەر، لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥دا، هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.

لە هەڵبژاردنەکەدا، دەستکاری سیستەمی هەڵبژاردن کرا و لەبری ئەوەی هەموو عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت، سنوری کارگێڕی هەر پارێزگایەک کرایە بازنەیەکی هەڵبژاردن.

بەگوێرەی یاساکەی هەڵبژارن، (٢٧٥) کورسی نوێنەرایەتی بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا و لەو ژمارەیە (٢٣٠) کورسییان لەسەر ئاستی پاریزگاکان دابەشکران و (٤٥) کورسیشیان لەسەر ئاستی نیشتمانی و بە شێوەی کورسی قەرەبووکردنەوە دیاریکران.

لە هەڵبژاردنەکەدا، ١٥ ملیۆن و ٥٦٨ هەزار و ٧٠٢ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش ١٢ ملیۆن و ٣٩٦ هەزار و ٦٣١ کەس بەشداریان کرد. بەڵام بە هۆکاری ئەوەی ٢٠٥ هەزار و ٤٩٨ کارتی دەنگدان پووچەڵکراونەتەوە، کۆی دەنگی دروست لەو هەڵبژاردنەدا ١٢ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ١٣٣ دەنگ مایەوە، کە ڕێژەکەی دەکاتە (٧٨.٣٪).

هەرچی پەیوەندی بە پارێزگای کەرکووکەوە هەیە، ٩ کورسی بەردەکەوت و ٦٩١ هەزار و ٥٨١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ٥٩٥ هەزار و ٤٢٥ کەس دەنگیان دا. کۆی دەنگە دروستەکان ٥٨٥ هەزار و ٦٣٢ دەنگ بوون، لەکاتێکدا ٩ هەزار و ٧٩٣ دەنگ پووچەڵ کرانەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش ڕێژەی بەشداری دەنگدەران (٨٤.٦٪) بوو.

لەو هەڵبژاردنەدا، دوو لیستی کوردی بەشداربوون، کە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی و لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوون. هاوپەیمانی کوردستانی بە بەدەستهێنانی ٣١٢ هەزار و ٧٥٤ دەنگ، ڕێژەی ٥٣.٤٪ی دەنگەکان، ٥ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٦ هەزار و ١٣٨ دەنگ، هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا و بەسەرجەم لیستەکانی عەرەبی و تورکمانی، ٤ کورسیان مسۆگەر کرد.

 

هەڵبژاردنی دووەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

هەڵبژاردنەکە لە ٧ی ئاداری ٢٠١٠ و بەیاسایەکی نوێ بەڕێوەچوو. بۆ یەکەمجار کورسی کۆتای پێکهاتەکان هاتە ناو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و ٨ کورسی کۆتا بۆ هەریەک لە مەسحی، ئێزدی، سابیئەی مەندائی و شەبەک تەرخانکران. لیستی داخراو لابردرا و لیستی نیمچەکراوە جێی گرتەوە. ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە ٣٢٥ کورسی دەستنیشانکرا.

لەم هەڵبژاردنەدا ١٨ ملیۆن و ٧٤١ هەزار و ٤٩٣ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبووە و لەو ژمارەیەش ١١ ملیۆن و ٥٢٦ هەزار و ٤١٢ دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد، کە ڕێژەی (٦١.٥٪) پێکدێنێت.

لەم هەڵبژاردنەدا (٨٦) قەوارەی سیاسی و (١٢) هاوپەیمانێتی و (٦٢٣٤) کاندیدی حزبی و هاوپەیمانێتی و تاکەکەسی بەشداریان کرد. لەو چوارچێوەیەدا، چوار لیستی کوردی بەشدار بوون، هاوپەیمانی کوردستانی، لە هاوپەیمانێتی یەکێتی و پارتی پێکهاتووە. ژمارەی کورسییەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، (١٠) کورسی کەمیکرد، بە بەڵگەی ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی لە (٥٣) کورسییەوە بۆ (٤٣) کورسی دابەزی.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک لیستێکی هەڵبژاردنی تازە بۆ یەکەمینجار لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری کرد و (٨) کورسی بردەوە. یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان (٤) کورسی بردەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتر (١) کورسی کەم کرد و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان (٢) کورسی بردەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووتر کورسییەکی زیاد کرد.

ئەوەی پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەبێت، ١٢ کورسی بەرکەوت و یەک کورسی کۆتا بۆ مەسیحییەکان تەرخانکرا بوو. ٧٦٢ هەزار و ١٧٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ٥٥٦ هەزار و ٣٨٤ کەس دەنگیان دا و ڕێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتە ٧٣٪.

لەم هەڵبژاردنەدا پێکهاتەی کورد لە پارێزگای کەرکووکدا لەپاڵ لیستی هاوپەیمانی کوردستانی، کە لە (یەکێتی، پارتی، حشک، حسک، بزووتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتکێشان) پێکهاتووە، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیش بە لیستی جیا بەشداربوون. بزووتنەوەی گۆڕان ٣٦ هەزار و ٥٥٤ دەنگ، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٢٤ هەزار و ٢٤٧ دەنگ و کۆمەڵی ئیسلامیش ٧ هەزار و ١٧٥ دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کام لەو سێ لیستە نەیانتوانی کورسی نوێنەرایەتی لە پارێزگای کەرکووک ببەنەوە.

لیستی هاوپەیمانی کوردستانی، بە بەدەستهێنانی ٢٠٦ هەزار و ٥٤٢ دەنگ ٦ کورسی و لیستی عێراقییە بە ٢١١ هەزار و ٦٧٥ دەنگ ٦ کورسی مسۆگەر کرد، لەکۆی ١٢ کورسی لە پارێزگای کەرکووکدا.

 

هەڵبژاردنی سێیەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ڕۆژی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٣، هەڵبژاردنی سێیەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسایەکی نوێ بەڕێوەچوو. عێراق بەسەر ١٨ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرا و هەر پارێزگایەک کرایە بازنەیەکی هەڵبژاردن. ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران ٣٢٨ کورسی و ٨ کورسی کۆتاش بۆ پێکهاتەکان یەکلاکرابوویەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا (١٠٧) لیستی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە تۆمار و پەسەندکران، کە لە (٧١) قەوارەی سیاسی و (٣٦) هاوپەیمانی پێکهاتوون و بە هەموویان (٩٠٣٢) کاندیدیان هەبوو.

لەم هەڵبژاردنەدا، ٢١ ملیۆن و ٦٩٤ هەزار و ٦٢ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لە کۆی ئەو ژمارەیەش ١٣ ملیۆن و ١١٨ هەزار و ٨٧٤ کەس دەنگیاندا و ڕێژەی دەنگدان گەیشتە ٦٠.٤٪.

لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک، ٨٤١ هەزار و ٢٩٧ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ٥٧٠ هەزار و ٧٥٩ کەس دەنگیان دا و ڕێژەی دەنگدان گەیشتە ٦٧.٨٤٪.

لە کۆی ئەو (١٢) کورسییەی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ بازنەی پارێزگای کەرکووک دیاریکراوە، لیستەکانی سەر بە پێکهاتەی کورد (٨) کورسییان بردۆتەوە و لیستەکانی سەر بە پێکهاتەی تورکمان (٢) کورسی و پێکهاتەی عەرەبیش (٢) کورسی بردەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا، بۆ یەکەمجار پارتی و یەکێتی بە لیستی جیا بەشداریان کرد، یەکێتی بە بەدەستهێنانی ٢٠٩ هەزار و ٩٦٤ دەنگ، ٦ کورسی و پارتی بە بەدەستهێنانی ٦٣ هەزار و ٧٦ دەنگ ٢ کورسی بەدەستهێنا. بەڵام هیچ کام لە لیستە کوردییەکانی دیکە؛ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و لیستی ئاشتی کوردستان نەیانتوانی کورسی بەدەست بهێنن.

بە سەرجەم لیستە کوردییەکان ٣٠١ هەزار و ٦٤٩ دەنگیان بەدەستهێنا؛ لە بەرانبەر لیستە عەرەبی و تورکمانییەکاندا، کە ٢٦٩ هەزار و ١١٠ هەزار دەنگیان بەدەستهێنا.

 

هەڵبژاردنی چوارەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٨دا هەڵبژاردنی چوارەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو. هاوشێوەی هەڵبژاردنەکەی پێشوو عێراق بەسەر ١٨ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرا- هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن.

لەم هەڵبژاردنەدا (٢٢٩) لیستی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە (٢٠٤) لیستیان بەشێوەی قەوارەی سیاسی و (٢٥) لیستیشیان لە شێوەی هاوپەیمانێتیدا چوونە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و بە هەموویان (٦٩٩٣) کاندیدیان هەبوو.

کۆی ژمارەی ئەوانەی لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەبوو ٢٤ ملیۆن و ٣٥٢ هەزار و ٢٥٣ کەس بوون. لەم هەڵبژاردنەدا ١٠ ملیۆن و ٨٤٠ هەزار و ٩٩٨ کەس چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیاندا، بەمەش ڕێژەی بەشداری دەنگدەران بۆ ٤٤.٥٢٪ پاشەکشەی کرد.

لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک، ٣١ لیست و ٢٩١ کاندید کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی ١٢ کورسی دەکرد. بەدیاریکراوی ٩٩١ هەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ٥٧٠ هەزار و ٧٥٩ کەس دەنگیان دا و بەوەش ڕێژەی دەنگدەران گەیشتە ٤٤.٥٠٪.

لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک تاکە لیستی براوەی سەر بە پێکهاتەی کورد توانی ١٨٣ هەزار و ٢٨٣ دەنگ بەدەستبهێنێت و (٦) کورسی ئەم پاریزگایە بباتەوە. ژمارەی دەنگەکانی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی بە پلەی دووەم دێت و ٨٤ هەزار و ١٠٢ دەنگی بەدەستهێنا و (٣) کورسی بردەوە، دواتر لیستی بەرەی تورکمانی بە پلەی سێیەم هات، کە ٧٩ هەزار و ٦٩٤ دەنگی بەدەستهێنا و (٣) کورسی بردەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا، چەندین لیست و هاوپەیمانی دیکەی کوردی بەشداربوون، بەڵام هیچ کورسییەکیان نەبردەوە، لەناویاندا؛ هاوپەیمانی نیشتمان کە لە گۆڕان، کۆمەڵ و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری پێکهاتبوو، لیستی نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، سۆسیالیست و حزبی شیوعی.

لیستە کوردییەکان بەسەریەکەوە ٢٢٣ هەزار و ٢٥٥ دەنگیان بەدەستهێنا و ٦ کورسیان بردەوە. هەروەها لیستە عەرەبییەکان بە بەدەستهێنانی ٢٢١ هەزار و ٥٣٠ دەنگ ٤ کورسی و لیستی تورکمانی بە بەدەستهێنانی ٧٩ هەزار و ٦٩٤ دەنگ ٣ کورسی بردەوە.

 

هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا، هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسایەکی نوێ بەڕێوەچوو. یاسا نوێیەکە عێراقی بەسەر (٨٣) بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرد، لەسەر بنەمای دابەشکردنی هەر پارێزگایەک بەسەر (٣-٥) بازنەی هەڵبژاردندا.

بەکۆی گشتی ٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام تەنیا ٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١ دەنگیان دا، لەکاتێکدا ٧٧٥ هەزار و ٥٧٦ دەنگ پووچەڵ کرایەوە و بەو جۆرەیش تەنیا ٨ ملیۆن و ٨٥٤ هەزار و ٢٥ دەنگی دروست مایەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا ١٨١ لیست (١٦٠ قەوارەی سیاسی و ٢١ هاوپەیمانێتی) و (٣٥٢٣) کاندید بە هەر سێ جۆرەکەیەوە (کاندیدی حزب و هاوپەیمانی و تاکەکەسی) لە کێبڕکێدا بوون بۆ بردنەوەی (٣٢٩) کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران. تەنیا ٣٤ لیست و ٤٣ کاندیدی تاکەکەسی براوە بوون.

لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک، ٣٤ لیست و هاوپەیمانی کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی ١٢ کورسی نوێنەرایەتی دەکرد، لەپاڵ ٥٦ کاندیدی سەربەخۆدا. بەگشتی ٩٣٦ هەزار و ٦٢٤ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام تەنیا ٤١١ هەزار و ١٤٧ کەس بەشداریان کرد و دەنگیان دا، بەوەش ڕێژەی دەنگدان گەیشتە ٤٣.٩٠٪.

لەکۆی ٣٤ لیستدا، (٥) لیستیان سەر بە پێکهاتەی کورد بوون و بە هەموویان لە سێ بازنەکەدا (١٦) کاندیدیان هەبوو. تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ کورسییان بردەوە و بە هەموو لیستەکانیش ١٣٩ هەزار و ٣٠٧ دەنگیان بەدەستهێنا.

پێکهاتەی تورکمانیش بە دوو لیست بەشداربوون و ٤٦ هەزار و ٣٧٧ دەنگیان بەدەستهێنا و بەرەی تورکمانی یەک کورسی بردەوە.

هەرچی پێکهاتەی عەرەبییە، بە ٢٣ لیست بەشداربوون، بەڵام تەنیا چوار لیستیان یەکی یەک کورسییان بردەوە و بە هەموو لیستەکانیش ١٢٠ هەزار و ٩٤٥ دەنگیان بەدەستهێناوە.

لەکۆی ٥٦ کاندیدی سەربەخۆشدا، ١٠٤ هەزار و ٥٦٠ دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا دوو کاندیدی سەربەخۆ کورسیان بردەوە.

بەتێکڕای گشتی، لیستە کوردەکان لەسەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی سنوری پارێزگای کەرکووک، ٥ کورسیان بردەوە و بە هەموویان ١٣٩ هەزار و ٣٠٧ دەنگیان بەدەستهێناوە.

لیستە عەرەبەکان ٤ کورسیان بردەوە و بە هەموویان ١٢٠ هەزار و ٩٤٥ دەنگیان بەدەستهێنا. هەروەها پێکهاتەی تورکمان لەم هەڵبژاردنەدا بە دوو لیست بەشداربووە و تەنیا یەک کورسیان بردەوە و بە هەردووکیان ٤٠ هەزار و ٣٧٧ دەنگیان بەدەستهێنا.

 

ئەنجامە گشتییەکان

توێژینەوەکە، بە ڕەچاوکردنی هەموو ئەو ژمارانەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ تا ئێستا دەستکەوتوون، بە چەند ئەنجامێکی دیاریکراو گەیشتووە، لەناویاندا:

  • ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕابردوودا، ڕوو لە دابەزین بووە و بەرزترین ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە کە ڕێژەی (٨٤.٦٪)ە و نزمترین ڕێژەی بەشداربوونیش لە هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە، کە ڕێژەی (٤٣.٩٠٪) پێکدێنێت.
  • تێکڕای هەڵبژاردنە گشتییەکانی ڕابردووی پارێزگای کەرکووک ئەوە پیشان دەدات، کە لە کۆی ١٢ کورسی ئەو پارێزگایەدا، بەرکەوتەی پێکهاتەی کوردی ٦ کورسییە و پێکهاتەی عەرەب ٤ کورسی و پێکهاتەی تورکمان ٢ کورسی بەردەکەوێت.
  • لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووکدا، ژمارەی حزبەکانی سەر بە پێکهاتەی عەرەب بە زۆرترین لیست بەشدارییان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا کردووە و لەوان کەمتر لیستەکانی سەر بە پێکهاتەی کوردە و لیستەکانی سەر بە پێکهاتەی تورکمان کەمترین لیست بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.
  • دوو هۆکاری سەرەکی هەن، کە ڕۆڵیان لە گواستنەوەی یەک یان دوو کورسی لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی دی هەیە؛ یەکەمیان ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی هەر پێکهاتەیەکە و دووەمیان کەم و زۆری ژمارەی لیستەکانی ناو هەر پێکهاتەیەکە.
  • لە دوای حەوت هەڵبژاردنی گشتی، هەتا ئێستا هیچ لیست و هاوپەیمانێتییەک نەیتوانیوە سەرتاسەری بێت و سنوری پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک تێپەڕێنێت.
  • هەتا سیستەمی هەڵبژاردنی پیادەکراو لە خزمەتی هێزە گەورەکاندا بێت، وەک بەهێزترین تێکڕا یان سانتلیگۆی هەموارکراوی (١.٦)، هاوپەیمانە بەهێزەکان قازانج دەکەن و دەنگی حزبە بچووکەکانیش دەفەوتێت و لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا نابێتە کورسی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...