سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

ھێزە شاراوەکەی دیاسپۆڕای کوردستانی

کۆمەڵانی دیاسپۆڕا ھەمیشە ھێزێکی گەورەی نەتەوەیی و کاریگەرن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان لە وڵاتی دووەمیان، کە دەتوانرێت لە ھەموو کاتێکدا لەسەرجەم ئاستەکانی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی و کەلتووری ھاوکار و پشتیوانی میللەتەکانیان بن. دیاسپۆڕاکانی نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەتی وەک (یۆنانی، ئیتالی، ئەرمەنی، جوو، تورک و لوبنانی) ھەروەھا نەتەوەکانی بێ دەوڵەتی وەک (باسک، کەتەلۆنیا، سکۆتلەندا، تامیل و…ھتد) نموونەی دیار و بەرچاوی ئەم بۆچوونەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکار و قەیرانی مەزن، بەتایبەتی سیاسەتی داپڵۆسێنەری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستانەوە، سەدان ھەزار کوردستانی لە ھەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە ناچاری نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێهێشتووە و بوونەتە پەنابەر لە سەرتاپای جیهان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، کەندا، ئوستراڵیا..ھتد. وڵات ھەیە دەیان و بگرە سەدان ھەزار ھاونیشتمانی کوردستانی لێگیرساوەتەوە، بەمەش ڕەوەندی کوردستانی لە ڕووی ژمارەوە، بە تایبەتی لەو سی تا چل ساڵەی دواییدا، گەشەکردنێکی فرەوانی بەخۆیەوە بینیوە.

 

دیاردەیەکی ئاساییە کە نەوەی یەکەمی دیاسپۆڕای کوردستانی، وەک ھیی ھەر میللەتێکی دیکە کە بۆ یەکەمجار کۆچ دەکەن، تەرکیزیان بە پلەی یەکەم دەچێتە سەر جێگیربوون و زامینکردنی بژێوی ژیان و ھاوکاریکردنی خانەوادەکانیان لە کوردستان، لەگەڵ خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا و کەلتووری وڵاتە نوێیەکە. ئەگەرچی توانای ئەو نەوەیە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ کۆمەڵگا نوێیەکە سنووردارە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانی سەرکەوتندا، کارێکی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەکیان، ئەگەر کەمینەش بن، سەرکەوتوو بوونە و توانیویانە خزمەت بە کۆمەڵگاکانیان لە ھەردوو دیوی کوردستان و ھەندەران بگەیەنن.

 

نەوەی یەکەمی دیاسپۆڕای کوردستانی زادە و پەروەردەی کوردستانن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام لە خەمی نیشتمانەکەیاندا بوونە و لەکاتی کارەسات و ڕووداوە ناخۆشەکاندا ھەوڵی بێوچانیان داوە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە ڕای گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان. بەڵام مخابن کاریگەرییەکانیان لەسەر پێشهاتە گرنگەکان و ڕاکێشانی سۆزی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بۆ کوردستان و کارتێکردنی چارەنووسی گەلەکەیان ھەر بە سنوورداری ماوەتەوە. ئەمەش بەشێکی پەیوەستە بە بەربەستە مەزنەکانی بەردەم پەناھەندەکانی نەوەی یەکەم لە وڵاتێکی بێگانەدا، یان بە تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی بڕیاردان لەنێو سیستەمی سیاسی و کارگێڕی وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەشێکیشی پەیوەستە بە لێکدابڕان و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕەوەندی کوردستانی بەھۆی خۆبەستانەوەیان بە ڕەوتی ڕووداو و دینامیکیەتی سیاسی ناوەکی کوردستانەوە. ئەو ڕەوەندە وەک بڵێی درێژکراوەی کۆمەڵگاکانی ناوەوەیە، ھەمیشە کێشە و ململانێ و جەمسەرگیرییەکانی ناوخۆی وڵاتیان گواستووەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێبوون. ئەمەش وایکردووە ھاوشێوەی ناوخۆی کوردستان، دیاسپۆڕای کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوەش دووچاری پەتای دابەشبوون و پەرتەوازەیی بن و بەھۆیەوە نەتوانن لە دەوری دۆزە مەزنە ھاوبەشەکەیان کۆببنەوە و کاری لۆبی ھەرەوەزی لە چوارچێوەیەکی گشتگیردا ئەنجام بدەن. بۆیە سەرباری ھەوڵ و چالاکی حزبی یان ڕێکخراوەیی ناو کۆمەڵگای مەدەنی، کەچی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و سیاسەتی وڵاتەکانیان لە ئاستی قەوارە و ژمارەی دیاسپۆڕاکەدا نەبووە.

 

جێگەی دڵخۆشییە کە ئێستا نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانی پێگەیشتوون و زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگەکانی خۆیان بوون و وەک ھەر ھاووڵاتییەک پەرە بە توانستەکانی خۆیان لە بواری فێربوون، خوێندن و کارکردن دەدەن. ئەوانە وەک خاوەنماڵ و بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگا و لەگەڵ کەلتوور و فەرھەنگی وڵاتەکەدا گەشەیان کردووە. زۆرینەیان لە ڕێگەی خوێندن، سیاسەت، ھونەر، ئەدەب و بزنسەوە توانیویانە جێپەنجەیان دیاربێت و بگرە ڕۆڵی سەرکردەیان تێدا ببینن. بێگومان ئەوانە بە شێوازێکی جیاواز لە نەوەی یەکەم بیر دەکەنەوە، پێوەر و نۆڕمی ئەو وڵاتانە شارەزاترن و توانای کارتێکردنیان لەسەر سیستەمی بڕیارداندا زیاترە. ئەوانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە لەمەڕ دۆزە مەزنەکەی کوردستان ببینن، بەتایبەتی ئەگەر توانستەکانیان کۆبکرێنەوە و ئاڕاستە بکرێن. ئەوەش پرسیارە مەزنەکەیە، ئایا چۆن ئەو توانا شاراوەی ڕەوەندی کوردستانی لە ھەندەران بەدەربخرێت و بە دید و ستراتیژ و ڕێچکەیەکی نیشتمانییەوە ئاطاستە بکرێت.

 

دیارە پێشتر ھەوڵدراوە کە لۆبی کوردستانی لە ھەندەراندا ڕێکبخرێت یان ھەماھەنگی لەنێوانیاندا ھەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەو ھەوڵانە پچڕ پچڕ بوونە و بەردەوامێتییان نەبووە. تا ئێستا ھیچ لایەنێک نەیتوانیوە چوارچێوەیەک و بەرنامەیەکی ھاوبەش بێنێتە کایەوە کە ھەوڵە جیاوازەکان لەخۆبگرێت یان گوڕێکی نوێ بداتە گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەم کە لەو وڵاتانە لەدایکبوون و گەورەبوون. ھاوکات بەحزبیکردنی کار و چالاکییەکانی دیاسپۆڕای کوردستانی ھۆکارگەلی بەرچاون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو ھەوڵانە.

 

خۆشبەختانە، بەو دواییە ھەوڵێکی نوێ، بە ھەستێکی نوێ ھاتووەتە کایەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لۆبی کوردستانی و بۆ کۆکردنەوەی کوردستانیانی دەرەوە لە ژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتمانی بەھێز و کاریگەر ئەویش (کۆنفیدڕاسیۆنی دیاسپۆڕای کوردستانی)یە، بەو ئامانجەی کە ببێتە ھۆکارێک بۆ بەھێزکردنی لۆبی کوردستانی و باشتر ئاڕاستەکردنی دیاسپۆڕاکە.

 

ئەم دامەزراوەیە ھەوڵدەدات بە ڕۆحیەتێکی بەھێزی نیشتمانی و دوور لە ئینتیمای حزبی و کەسی کاربکات. بێگومان ئەو جۆرە ھەوڵە دەرفەتێکی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆ بەگەڕخستنی توانستی دیاسپۆڕای کوردستانی و درووستکردنی لۆبییەکی بەھێز و کاریگەر بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خاک و گەلی کوردستان لە ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکاندا، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی ململانێکانی جیهان بێتە ئاراوە.

 

ھیچ کاتێک درەنگ نییە کە ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ھاونیشتمانی دیاسپۆڕا لە ژێر چەتری ئەم دامەزراوە نیشتمانییەدا و پێسپاردنی ئەرکی پلاندانان و ھەماھەنگیکردن تیایدا بە کەسانی چالاک و کاریگەر و خاوەن ئەزموون.  خەڵکانێک کە لەتوانایاندابێت، دوور لە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو یان جەمسەرگیری حزبایەتی، دامەزراوەکە بەنیشتمانی بکەن و بیکەنە پلاتفۆڕمێک بۆ سەرجەم دیاسپۆڕای کوردستانی بە ھەموو نەتەوە، ئایین، پێکهاتە و ئایدۆلۆژیاکانەوە. بە دەستەجەمعی، ھەوڵی زامنکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بدەن، لە ڕێگەی کۆمەکی بێمەرجەوە، ھەتا سەربەخۆیی ڕێکخراوەکە و بڕیارەکانی بپارێزن. لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە کوڕ و کچانی نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانی ڕۆڵی کاریگەری تێدا بگێڕن و بۆندی ئەوانەش لەگەڵ نیشتمانە گەورە ھاوبەشەکەمان پتەوتر بکرێت.

کارۆخ خۆشناو

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...