شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

له‌ ٨ی ئاداری ٢٠٢٤دا

هه‌ڵكشان و داكشانی ڕه‌وشی دۆزی ژنان و پڕۆسه‌ی تێكۆشان بۆ دابینكردنی مافه‌كانی له‌ نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی پڕۆسه‌ی مۆدێرنه‌ و ڕۆشنفكیری و عه‌قڵانیه‌تی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ تیایاندا باس له‌ قۆناغی گواستنه‌وه‌ بۆ دیموكراسی و گه‌شه‌پێدان بكرێت وه‌ك له‌ هه‌ندێك له‌ نموونه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌وانه‌ش كوردستانی خۆمان، هه‌رده‌م شوناسێكی به‌رچاوه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌ بواری خه‌باتی ژنان له‌ پێناوی ئازادی و یه‌كسانی و نه‌هێشتنی سه‌رجه‌م دیارده‌كانی توندوتیژی و بابه‌تی به‌شداری سیاسی بووه‌.

 

زۆرجار له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا و له‌ سایه‌ی ڕه‌وشێكی له‌باردا، كه‌ بێگومان په‌یوه‌ندی به‌ سه‌قامگیری سیاسی و ئاڕاسته‌ی به‌ره‌و دیموكراسی و هه‌نگاونان بۆ گه‌شه‌پێدان له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا بووه‌، كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی ئه‌رێنی و چلۆنایه‌تی له‌ بواری دابینكردنی مافه‌كانی ژنان ئه‌نجامدراون، به‌ شێوازی ده‌ركردنی یاسای پێویست و دانانی میكانیزمی جێبه‌جێكردن و ده‌زگای تایبه‌ت بۆ بایه‌خدان به‌ دۆزی ژنان و ماوه‌دان به‌ چالاكی ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییكانی بواری پرسی ژنان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بەهۆی كه‌ڵه‌كه‌نه‌بوونی پڕۆسه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵگایی له‌ بواری گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌گه‌ڵ هه‌ر شه‌قاندن و له‌رزینێك هه‌نگاوه‌كانی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و داكشان به‌هۆی فشاری هێزی كۆنه‌په‌رست و هه‌ڵگرانی نه‌ریته‌ دژە مه‌ده‌نییه‌كان ده‌ستپێده‌كات و هه‌نگاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا بۆی بلوێت، ڕیسه‌كان ده‌كاته‌وه‌ خوری و كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كاروانێك، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ڕێڕه‌وی تێكۆشانی درێژخایه‌نی گرتۆته‌به‌ر، بهێنێته‌وه‌ خاڵی ده‌ستپێك.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م نموونانه‌ به‌ گشتگیری ئاڵۆزی بۆ تێكۆشانی ژنان و ڕه‌وتی پێشكه‌وتنخواز له‌ كۆمه‌ڵدا له‌ پێناوی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ دۆزی ژنان درووست كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاڵۆزی و ته‌گه‌ره‌ دروستكردنه‌ و ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی هه‌ن بۆ بزووتنه‌وه‌ی فیمینیستی له‌ كوردستاندا زیاتره‌، جگه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌ ناوخۆییه‌كانی نێو خودی كۆمه‌ڵگا له‌ هه‌رێمدا، ده‌ستتێوه‌ردان و به‌ربه‌سته‌كانی دیدی سیاسی و به‌كارهێنانی چه‌كوشی دادگای فیدڕاڵیی عێراق ئاڵۆزی و به‌ربه‌ستی نوێی لەبه‌رده‌م تێكۆشانی ژنانی كوردستان دروست كردووه‌.

نموونه‌ی ئه‌م به‌ربه‌ستانه‌ش بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵی ژماره‌ ٢٣٠یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕگه‌یه‌ك له‌ یاسای هەموارکراوی باری كه‌سێتی كه‌ له‌ كوردستاندا ماف به‌ ژنان ده‌دات له‌ حاڵه‌تێك مێرده‌كه‌ی ژنی به‌سه‌ردا بهێنێت له‌ دادگا داوای جیابوونه‌وه‌ بكات، كه‌چی دادگای فیدڕاڵی به‌ پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی ٤١ له‌ ده‌ستووری عێراق، كه‌ مافی فره‌بوونی یاساكانی باری كه‌سێتی به‌پێی ئاین و ئاینزاكان داوه‌، ئه‌و دادگایه‌ به‌رگی موفتی له‌به‌رده‌كات و وه‌ك “موجته‌هدێك” له‌ بواری فقهی ئیسلامی بڕیار ده‌دات.

نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ دوا بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە، كه‌ ئه‌م جاره‌یان به‌رگی زانایه‌كی بواری سۆسیۆلۆجی له‌به‌رده‌كات و به‌كارهێنانی وشه‌ی جێنده‌ر له‌ ڕینماییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به ‌ناشیاو داده‌نێت و لای ده‌بات.

ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ دۆخی مه‌سه‌له‌ی تێكۆشانی ژنان له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا، ڕەچاوی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ شاڵاوه‌كانی دژایه‌تیكردنی بابه‌تی جێنده‌ر و شێواندنی پێناسه‌كه‌ی نه‌ك ته‌نیا له‌ كوردستان و عێراق، به‌ڵكو له‌ سه‌رجه‌م ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیادا به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت، ئه‌مه‌ش له‌ سیاسه‌تی هێز و ناوه‌ندی پارێزگاریخواز و هه‌ڵگرانی پڕۆسه‌ی ئیسلامی سیاسی و حوكمڕانه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان جیاناكرێته‌وه‌، له‌ ڕێگای توندكردنی ئه‌م شاڵاوه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ كار بۆ سه‌پاندنی تێكڕای ئه‌و ئاڕاسته‌ سیاسییانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگای پیاوسالاریین و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بارودۆخێكی لێڵ و ته‌مومژاوی به‌ لابردنی ڕای گشتی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی ئازادی و نان و ژیانی پڕ كه‌رامه‌ت و نه‌هێشتنی بێكاری و هه‌ژاری و وابه‌سته‌ی ئابووری دروست ده‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانی ژنان له‌ هه‌شتی ئایاری ٢٠٢٤دا داكشانێكی به‌رچاو و شاڵاوێكی فه‌ره‌لایه‌ن دژ به‌ بزووتنه‌وه‌ی فیمینیستی له‌ كوردستان و كار و خه‌باتی ڕێكخراوه‌كانی ژنان و تێكۆشانی هێزی پێشكه‌وتنخواز و ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌ ساڵانی ڕابردوودا له‌ یاساكانی په‌رله‌مان و هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تدا ئه‌نجامدراون‌، به‌دیده‌كرێت.

ئه‌م ڕه‌وشه‌ نوێیه‌ پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌یەكی هه‌مه‌لایه‌نە و هاوبه‌شی ڕێكخراوه‌ فیمینیسته‌كان و هێزه‌ سیاسییه‌ چه‌په‌كانی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ تیایدا ته‌گه‌ره‌ كۆن و نوێیەكانی به‌رده‌م كاروان و پڕۆسه‌ی كاركردن بۆ یه‌كسانی ژنان و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رجه‌م مافه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێت و به‌ڕوونی ئاماژه‌ به‌و ڕێگرییانه‌ بكرێت، كه‌ ئه‌مڕۆ بواری سیاسه‌تی گشتی و یاساكان و بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و ئاڕاسته‌كانی گوتاری ئایینی و كه‌نارخستنی به‌شداری ژنان له‌ كاری سیاسی گرتووەته‌وه‌.

بێگومان مه‌به‌ست له‌م خوێندنه‌وه‌ هاوبه‌شه‌ گه‌یشتنه‌ به‌ داڕشتنی ئه‌جیندا‌ی كاری هاوبه‌ش و گوتارێكی یه‌كگرتووی كاریگه‌ر به‌ مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانی كاری وابه‌ست به‌ تێكۆشانی ژنان به‌تایبه‌تی له‌ بواری په‌رله‌مان و یاسادانان و كاری حكوومه‌ت و چالاكی و كاری حزبه‌ سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و بواری میدیا.

له‌م بواره‌دا گرنگه‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان له‌ كوردستاندا ڕۆڵێكی كارا بگێڕێت و ستراتیجی نیشتمانی كوردستانی تایبه‌ت به‌ دۆزی ژنان له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌لتووری یه‌كسانی و دژایه‌تی توندو‌تیژی و كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مكی یه‌كسانی جێندەری بخرێته‌ نێو سه‌رجه‌م سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كانی حكوومه‌ت و بواری دانانی بودجه‌ی گشتی، به‌ ڕەچاوكردنی ئاڵۆزی و به‌ربه‌سته‌كان ئه‌م ستراتیجه‌، ده‌و‌ڵه‌مه‌ند و نوێبكاته‌وه‌.

ته‌واوكه‌ری ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ به‌ كاركردنی حكوومه‌ت بۆ به‌هێزكردنی توانای ئابووری ژنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئاستی ئابووری، كه‌ به‌هۆی هه‌ژاری ژن و دیارده‌ی بێكاری، نابه‌رانبه‌ری ڕه‌گه‌زی تیادا هه‌یه‌.

یه‌كێك له‌ بواره‌كانی دیكه‌ی كاركردن، بابه‌تی حزبی سیاسییه‌، كه‌ گرنگه‌ سه‌رجه‌م حزبه‌ دیموكراسی و پێشكه‌وتنخوازه‌كان مه‌سه‌له‌ی مافی ژنان و به‌شدارییان له‌ ژیانی ناوخۆیی حزبه‌كان و بڕیاری سیاسی و كۆمیته‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كانی نێو حزب و به‌شدارییان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگادا له‌ پێشه‌نگی لیستی كاركردنی حزبیدا بێت.

گرنگه‌ ئه‌جێندای كاره‌كان بواری چالاكی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بگرێته‌وه‌ و بوارێكی فرەوان بۆ ژنانی لاو له‌ به‌شداریكردنی چالاكییه‌كانیان و له‌ بواری پێگه‌یاندنیان ببینێت و په‌ره‌ به‌ بنیاتنانی تۆڕی هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانی دروستكردن سه‌باره‌ت به‌ مافی ژنان بده‌ن.

ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوارێكی دیكه‌ی كاری هاوبه‌شی گرنگه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و وێنه‌ و شێوازه‌ی كۆمه‌ڵگا ته‌قلییدییه‌كان ده‌یده‌نه‌ كه‌سایه‌تی ئافره‌ت وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی لاواز و بێده‌سه‌ڵات كه‌ مه‌یلی هه‌ڵه‌ی هه‌یه‌.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندی ڕێكخراوه‌كانی ژنان و بزووتنه‌وه‌ی فیمینستی به‌ ئاژانسه‌ تایبه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌شداری له‌ سه‌رجه‌م چاوپێكه‌وتن و كۆنگره‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرنگه‌ و ڕێگای جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر شوناسی نێونه‌ته‌وه‌یی تێكۆشانی ژنان له‌ پێناوی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان و یه‌كسانیدا.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button