بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤، ڕایگەیاند، شەپۆلەکە، سەرەتا لە باشووری هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات بە تایبەت لە دەڤەری گەرمیان کە زۆرترین بڕی دابارینی دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانی درەنگانی شەودا، بڕی باران بارینی پێشبینیکراو بۆ ئیدارەی گەرمیان لە نێوان (٣٥-٤٥)ملم دەبێت و هەندێت کات هەورە تریشقە و لێزمە باران دەبێت و ئاستی ئاویش بەرز دەبێتەوە .
کەشناسی پێشبینی کردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلە درێژببێتەوە بۆ سەر بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەو ناوچانە لە نێوان (٢٠-٢٥) ملم دەبێت.
هەروەها، باران بارین درێژدەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان و بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لە سەنتەری هەولێر (١٠-١٥)ملم و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووی (٢٠)ملم دەبێت .
سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کاریگەری ئەم شەپۆلە باران بارینەیان بە لاوازی لەسەر دەبێت و بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەو دەڤەرە لە نێوان (٧-١٢) ملم دەبێت .
کەشناسی هەروەها، پێشبینی دەکات، لەگەڵ باران بارین لە شەودا بارستە هەواییەکی سارد ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت و ئەگەری تەرزە بارین لەگەڵ ئەم شەپۆلە باران بارینە زیاترە و لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەم کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت .