مەسعوود بارزانی هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە ڕوون دەکاتەوە
گوتەکانی بارزانی، لەمیانەی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ یان برایێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر هات، کە ئەمڕۆ دووشەم، ١ی نیسانی ٢٠٢٤ لە سەلاحەددین بەڕێوەچوو.
لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن. هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
هەر لەو دیدارەدا بارزانی ستایشی ڕۆڵی فەڕەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە “پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت. بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسییەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات”.
سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، “پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بەبێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت”.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بارزانی بە پێویستی زانی كە “هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانە چارەسەر بكرێت و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت. داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت”.