ئابووریژینگه‌شرۆڤه‌

پارێزگار و دەسەڵاتەکانی؛ ئایندەی “هەناسەدانی شار”

کاك “ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر، کاتێک بانگەشەی بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان کرد ” ئومێدێک”ی دا بە خەڵکی هەولێر کە ڕەنگە دۆخی ژینگەی شارەکەیان باشتر ببێت، دواتر بەزوویی دەرکەوت ئەو “ئومێدە” خۆشباوەڕی بوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

چارەسەر ئەوە نییە هێرش بکرێتە سەر پارێزگار (کە شایەنی ڕەخنەلێگرتنە بێگومان) یان تەشهیری پێبکرێت، چونکە بەو جۆرە، لەبری هەڵوەستەکردن لەسەر پرسێکی جددی، بەشەخسەنە دەکرێت، ئەوە ئیشی پۆپۆلیستەکانە!

بەڵکو دەبێت ئەمڕۆ لای ڕای گشتی زانراو بێت کە دەسەڵات و سەڵاحییەتەکانی پارێزگار (هەر کەسێکیتر بێت) فرەوان بێت یان سنووردار بێت، ناتوانێت لەسەر ئەم پرسە هیچ دەستکەوتێك بۆ خەڵکی هەولێر بەدەست بێنن، چونکە هەموو پارێزگارەکانی پێش ئەوەی ئێستاش، هەمان گرفت لەبەردەمیان بوو، هیچیان پێنەکرا، چونکە گرفتەکە ئابوورییە، سیاسییە، سیستەمێکی گەورەتر لە پارێزگار کە هیچی لە بەردەمدا پێناکرێت، وەکوو دیوارێکی پۆڵایین وەستاوە، ئەمە هەموو وەزیرێکی پەیوەندیداریش دەگرێتەوە.

ئەو سیستەمە ئابووری – سیاسییە لە کوردستان جێگیربووە، کەلتوورێکی چەسپاندووە کە “چارەسەری گرفت” بە “گرفتێکیتر بووە”، لە توێی ٣٠ ساڵێك ئەم شێوازە لە کارکردن زنجیرەیەك “گرفت”ی بەیەکەوە گرێدراوە کە وەکوو زنجیر دەست بۆ هەرئەڵقەیەکیان ببەیت، زنجیرەکە وەکوو دۆڕاندنی “مەلیك” لە شەترەنجدا کۆی سیستەمەکە هەڵدەوشێنێتەوە!

حیکایەتی “ئابووری سەربەخۆ ” ئەو چەترە ئایدیۆلۆژیە موژدەئامێزە بوو کە سەرقەپاغی ئەم زنجیرە بە یەک بەستراوە بوو لە گرفتی ستراتیژی کە هیچ حیساباتێکی پەیوەندی بە “سەقامگیری” و “بەردەوامی” شێوازی دەستکەوتنی داهات نەبووە چەشنی “هەناردەکردنی نەوت” کە داڕێژەرانی پێیان وابوو هەتا هەتاییە، کاتێك تەگەرەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ دروست دەبێت و حکوومەتی بەغدا سەردەکەوێت، ئەو دەمە هەمان بەرهەمهێنانی نەوت، یان هەناردەکردنی قاچاغی لەبەردەم دەمێنێت یان ساغکردنەوەی بەرهەمەکە لە ناوخۆ، کە ئەمە وا دەکات تاکە “کڕیار” هەمان ئەو پاڵاوگە نایاسایانە بن کە نەوتی ڕەش و خاو دەکڕن و دەیکەن بە سووتەمەنی و پێویستییەکانی ناوخۆ لە گازوایل و بەنزین دابین دەکەن!

پاڵاوگە داخەیت نرخی بەنزین و سووتەمەنیەکانیتر دەفڕێت، دایناخەی ژینگەی هەولێرت بۆ وێران دەکات و دەیکاتە شارێکی جیهانی لە “پیسی” ئاوهەوا، دەیکاتە شارێکی نایاب لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە کە بە ڕێژەی ٣٠٠ لە ١٠٠٪ بەرزبۆتەوە!

ئەی چارەسەر چییە؟ ئێستا درەنگەو زوو نییە، کە حکوومەت ئیعلانی “دۆخی تایبەت” بکات، هەرچی توانای کۆمەڵگە هەیە لە بن دەستی حکوومەت نەبێت بەڵکو حکوومەت ببێتە شەریکی گوێڕایەڵی بەرژەوەندییە باڵاکانی ئایندەی کۆمەڵگە و شاری هەولێر!

خاڵی دەست پێکردن؛ پاڵاوگەکان دەبێ “ناچاربکرێن” ستانداردە جیهانییەکان لە ئەمڕۆوە جێبەجێ بکەن و دروستکردنی پاڵاوگەی نوێ دوور لەشار و دێهاتەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە (قسەی بۆش و بەتاڵە ئەگەر حکوومەت یان خاوەنی پاڵاوگەکان بڵێن لە تواناماندا نییە)، داهاتیان هەر ژمارەیەکە دەبێت بخرێتە ژێر ئیرادەی چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی کە تا ئێستا دراون، لیژنە تایبەتییەکانی “هەڵبژێردراوی کۆمەڵگە” لەم پرسە خۆیان چاودێری جێبەجێکردن، بودجەی ئەم پڕۆسەیەش “چاودێری” لەسەر پاڵاوگەکان بێت.

هەر حکوومەت و دەسەڵاتێك “ژینگە” نەکاتە بڕگەیەکی سەرەکی ” ئاسایشیی نیشتمانی” بۆ هاووڵاتییانی حوکمڕانێکی فاشیلە، هەر حکومڕانێك “ئایندە” وا وێنا بکات کە “دوورە”، حوکمڕانێکە لە دەرەوەی زەمەن دەژیت و هیی سەدەیەك لەمەوپێشە، بۆ حومکڕانی جددی “ئایندە” ئێستایە، ئەو وێرانکارییەی دروست بووە و ئەگەر لە ئەمڕۆوە دەست بەچارەسەرکردنی بکرێت بەلای کەمی ١٥ تا ٢٠ ساڵی ئایندەمانی پێویستە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button