سیاسیشرۆڤه‌

ڕۆژی ٤ی شوبات بڕیاری کۆتایی لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن دەدرێت

هەرێم شێرە

 

دوێنێ دادگای فیدڕاڵی کۆتایی بە دادبینی (ختام مرافعە) داواکەی یەکێتیی نیشتمانی سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هێنا، وا بڕیاریشە لە ٤ی شوبات بڕیارەکەی دادگا ڕابگەیەنرێت. لە دانیشتنی دوێنێدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق گشت داتاکانی سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەری پارێزگاکان و هەروەها چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکانی بەسەر پارێزگاکان خستۆتە ڕوو، سەبارەت بە کورسی کۆتاکانیش پێشنیازێکیان خستە بەردەم دادگای فیدڕاڵی. واپێدەچێت دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر خستنەڕوو و پێشنیازەکەی کۆمسیۆن بدات و سیستەمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی.

 

بەپێت خستنەڕووی کۆمسیۆن کورسییەکان بەسەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بەم شێوەیە دابەشکراون:

– پارێزگای هەولێر (38) کورسی (34 گشتی، 2 مەسیحی، 2 تورکمان).

– پارێزگای سلێمانی (42) کورسی (38 گشتی، 2 مەسیحی، 2 تورکمان)

– پارێزگای دهۆک (28) کورسی (25 گشتی، 1 مەسیحی، 1 تورکمان، 1 ئەرمەن)

– پارێزگای هەڵەبجە (3) کورسی گشتی

دابەشکردنی کورسییە گشتییەکان بەسەر چوار بازنەدا دادپەروەرییەکی تەواوی تێدایە و چیتر هیچ حزب و لایەنێک ناتوانێت بە دەنگی قەزایەک یان ناحیەیەک زۆرترین کورسی بە دەست بێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی نییە.

لەلایەکی تر دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر بازنەکاندا نادادپەروەریەکی زۆری تێدایە، کۆمسیۆن لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان پشتی بە هیچ بنەمایەکی لۆجیکی و یاسایی نەبەستووە. بۆ نمونە ژمارەی مەسیحی و تورکمانەکان لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی زۆر جیاوازە، کەچی هەمان ژمارەی کورسیان پێداون، یاخود لە شاری دهۆک هیچ تورکمانێک نییە، كەچی کورسییەکیان بۆ تورکمان داناوە. ئەم ناڕێكییە لە دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ئەوە دەگەیەنێت كە دووبارە كورسی كۆتاكان لە ناو پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكو دیسان كورسییەكانیان لە بەرژەوەندی حزبەكانی دەسەڵات بەكاردێن.

لە ڕاستیدا ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر ئەم پێشنیازەی كۆمسیۆن بدات واتە لە دژی دەستوری عێراقی بڕیاری داوە، چونكە بوونی کورسی کۆتاکان پێچەوانەی مادەی (14)ی دەستوری عێراقییە کە دەڵێت (هەموو عێراقییەکان بەرانبەر یاسا یەکسانن بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئایین، نەتەوە، مەزهەب…).

تا ئێستا ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان دیاری نەکراوە، کۆمسیۆن چاوەڕوانی سەرۆکایەتی هەرێم دەکات بۆ ئەوەی مەرسومی چوارەم دەربکات، لە هەفتەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتبووی تا بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یەکلایی نەبێتەوە ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری ناکەن. بۆیە پێدەچێت ڕاستەوخۆ دوای بڕیاری داگای فیدڕاڵی 30 ئایار بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...