
دوای چەندین ساڵ لە کاری بەردەوامی کنە و هەڵکۆڵینی زانستی لە گردەکانی هێلاوە و عەلیاوە لە دەشتی هەولێر، تیمێکی شوێنەواریی هاوبەشی ئیتاڵی و کوردی گەیشتنە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر و چەندین کەلوپەلی مێژوویی ناوازەیان دۆزییەوە کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە نۆ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ئەم دۆزینەوە نوێیانە بە تەواوی پشتڕاستی دەکەنەوە کە دەشتی هەولێر یەکێک بووە لە سەنتەرە هەرە گرینگ و سەرەتاییەکانی ژیان، کۆمەڵایەتیبوون و گەشەسەندنی پیشەسازی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. پرۆفیسۆر لوکا پەیرۆنێل، لە تیمی شوێنەواریی زانکۆی میلانۆی ئیتاڵی، سەبارەت بە گرنگی دۆزینەوەکانی گردی عەلیاوە ڕایگەیاند کە ئەم شوێنەوارانە زۆر سەرنجڕاکێشن و تیمەکەیان وەک بەڵگەی ناوازەی بەرهەمهێنانی تایبەتی پیشەسازی لە میزۆپۆتامیای کۆندا هەژماریان کردوون، و ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆزینەوەکانی گردی هێلاوەش نیشانەی ڕوونی زیادبوونی چالاکیی کۆمەڵایەتی و ئابوورین لە سەرەتای هەزارەی چوارەمی پێش زاییندا.
ئەنجامە زانستییەکانی ئەم هەڵکۆڵینە پانتاییەکی فرەوان لە قۆناغە مێژووییەکان دەخەنە ڕوو، بە شێوەیەک لە گردی هێلاوە کۆنترین چاخەکانی ناوچەکە دەردەکەون کە بۆ هەزارەی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین دەگەڕێنەوە، و تێیدا شوێنەواری خانوو، کارگەی کوورە، دوو بینای گەورەی سێ بەشی و چەندین شوێنی مۆرلێدان لەسەر گڵێنە دۆزراونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، لە گردی عەلیاوە ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەکەدییەکان لە نیوەی دووەمی هەزارەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و زیاتر لە ٥٠ کوورەی دروستکردنی خشت و شوێنی گەرمکردنی کوورەکانی تێدا بەدی دەکرێت، ئەمەش نیشانەی پێشکەوتنی باڵای تەکنەلۆژیای بیناسازی و ئابووریی دانیشتووانی ئەو سەردەمەیە. ئەم پڕۆژە شوێنەوارییە گرنگە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە لەلایەن تیمی شوێنەواریی زانکۆی میلانۆی ئیتاڵی (MAIPE) بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر جێبەجێ دەکرێت، و پرۆسەکە تاوەکو ئێستاش بە پاڵپشتیی دارایی و زانستی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و چەندین هاوبەشی نێودەوڵەتی بەردەوامی هەیە.



