دهۆک: یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنەربوون تۆمار کرا

وەزارەتی تەندروستی یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی تای خوێنەربوون لە دهۆک ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، دوای بوونی دوو حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سنوری پارێزگای دهۆک و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو. بەداخەوە حالەتێکیان دوای دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان وەکوو دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا”.
زیاتر دەڵێ: دووەم حاڵەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا ئەویش هاووڵاتییەکی (شیلادزێ)یە لە قەزای ئامێدی.
تووشبووەکە، تەمەنی (٤٥) ساڵە و پیشەی ئافرەتی ماڵە و خاوەن و بەرکەوتەی ئاژەڵن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی: “دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک بەهۆی بوونی نیشانەکانی خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری چارەسەری پزیشکی، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە، بەداخەوە وەکوو یەکەمین حالەتی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا”.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن و لەکاتی هەبوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە. هاوکات، هاووڵاتییانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی و بەبێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.