بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بەردەوامە
زێدپرێس
ئەو گوتانەی بافڵ جەلال تەڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکە هات، کە ئەمڕۆ یەکشەم ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ لە شاری کەرکووک بەسترا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حزبەکە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی، ڕایگەیاندووە، یەکێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامە، هەروەها “جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەکان و نێوان هەرێم و بەغداد لەپێشینەی کارەکانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لای یەکێتی هێڵی سوورە و بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لێدەکەین”.
بافڵ تاڵەبانی، “هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و نێودەوڵەتی کرد و ئەوەشی بۆ یەکهەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێ.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتوویەتی “ستراتیژی نەگۆڕمان لەخزمەتی گەلەکەماندایە و کەرکووکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێکەوەژیان دەکەین”.
کۆبوونەوەکە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکە لە کەرکووک ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەکان، کاری رێکخراوەیی و ئۆرگانەکان و ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و بڕیاردراوە ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.