هه‌واڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕوونکردنەوە لەسەر (گرتنەوەی ئاو) دەدات

زێدپرێدس

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵ و لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە، کە باس لە گرتنەوەی ئاو لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە وەک کارتێکی گوشار لەسەر عێراق دەکەن.

کەمێک پێش ئێستا(٢٨ی ئابی ٢٠٢٣) وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو هەواڵ و لێدوانانەی ڕەت کردەوە کە باسیان لەوە دەکرد، هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئاو وەک کارتێکی گوشار لە بەرانبەر بەغدا بەکارهێناوە.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ یەکشەم ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاری نەبەز ڕەفعەت ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاوی کردەوە، هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئاوی وەک کارتێکی گوشار لە بەرانبەر بەغدا بەکارهێناوە و ئەگەر بەغدا پابەندی ڕێککەوتن نەبێت، هەرێم ئاو بۆ عێراق بەرناداتەوە و دواتریش هەواڵەکە بە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبوویەوە و هەندێک لە میدیاکانیش بەبێ ئاماژەدان بەهیچ سەرچاوەیەکی ڕەسمی، هەمان زانیاریی ناڕاستیان بەناوی خۆیانەوە بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونکردنەوەیەک بۆ میدیاکاران و رای گشتی

بەڕێزان … بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان تایبەت بەدۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق.

بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکانمان ڕۆژی یەکشەم ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، کۆبوونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئاو، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگییانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە و ئەو بابەتانەی کە بڵاوبوەنەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە، و هیچ کۆبوونەوەیەک هەڵنەوەشاوەتەوە لەسەر بنەمای ناکۆکی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و  سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدان.

لەپێناو پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم و بەیەکەوە کاردەکەین بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و هاووڵاتیان بەگشتی.

لەکۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش هەردوو وەزارەت پەیوەندییە هاوبەشەکانیان ڕێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبین.

 

لەگەڵ ڕێزدا ….

راگەیاندنی وەزارەتی

کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button