ئومێد خۆشناو: لە پێدانی كارەبای نیشتمانی ستەم لە هەولێر كراوە
زێدپرێس
پارێزگارى هەولێر، لە کاتى کردنەوەى پیشانگایەکی بەروبووم و بەرهەمی خۆماڵی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، لە بارەی خراپیی دۆخى کارەباى هەولێر گوتی: “پێدانى كارەبای نیشتمانی لە هەولێر لەگەڵ شارەکانى تر زۆر جیاوازە، کارەباى هەولێر كەمترە و ستەم لە شارەکەمان كراوە، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا دۆخی كارەبا زۆر خراپتر بووە و هەست بەوە دەكەین نادادپەروەری هەیە لەپێدانى کارەبا، بۆیە زۆرجار دانیشتووانی هەولێر پارەی موەلیدەكان زیاتر دەدەن”.
لە بارەی چارەسەری پێویست بۆ ئەو بابەتەش، پارێزگارى هەولێر داواكارییەكی خۆی بۆ وەزیری كارەبا ئاشكرا كرد، کە داوایانکردووە تێستی ساڵانەی كارەبای نیشتمانی ببێتە تێستی وەرزی، چونكە تێستی ساڵانە یەكێكە لەو هۆكارانەی بڕی كارەبای نیشتمانی دیاری دەكات.
ڕاشیگەیاند: “داواكارین لە وەزارەتی كارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتە بكات، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە كارەبا بە شارەكان بدرێت، چونكە ئەگەر لە شارێك ١٢ کاتژمێر كارەبا هەبێت و لە شارێكی تریش ٣ کاتژمێر هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەركی خەڵك قورستر دەكات، ئەوەش دادپەروەری نییە”.