فڕۆکەخانەی سلێمانی: هیچ فڕۆکەیەک گڕی نەگرتووە
زێدپرێس
ئەمڕۆ چوارشەم، ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە چەند میدیا و سۆشیال میدیایەکی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە فڕۆکەیەک لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئاگری گرتووە و لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
دواتر، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ فڕۆکەیەک لەناو فڕۆکەخانەکە گڕی نەگرتووە، بەڵکوو پلانی كتوپڕی فڕۆكەخانە بۆ مەشق و ڕاهێنانی تیمەكانی فڕۆخانە ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لەلایەن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکراونەتەوە، لە چوارچێوەی مەشقی تیمەکانی فریاگوزاری فڕۆکەخانەکەدا، چالاکییەک لە شێوەی گڕتنی فڕۆکەیەک ئەنجامدراوە و تیمەکانی فریاگوزارییش نمایشی بەهاناوەچوون دەکەن. ئەو وێنەیە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوکراوەتەوە، میدیاکان بەبێ هیچ بەدواداچوونێک وەک هەواڵی گڕتنی فڕۆکە بڵاویان کردووەتەوە.