ئەم ڕاگەیاندنە پێش ڕووداوەکانی یادی نۆ ساڵەی ئەو کارە دڕندانەی ڕێکخراوی داعش دێت کە لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجام دراوە. ئەو بڕیارەی بەریتانیا دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا دێت، کە تیایدا ئاماژە بە تاوانبارکردنی چەکدارێکی پێشووی داعش بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کراوە. لە ڕاگەیاندنەکەدا دەڵێت “بەریتانیا بەردەوامە لە بینینی ڕۆڵی پێشەنگی خۆی بۆ ڕیشەکێشکردنی ڕێکخراوی داعش، لە ڕێگەی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان و بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندە ژەهراوییەکانی”.
لەو بارەیەوە، لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یادی نۆ ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان ڕایگەیاند کە “بەریتانیا ئەمڕۆ بە فەرمی دانی بەوەدا نا، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن داعشەوە کردەی جینۆساید لە دژی خەڵكی ئێزیدی ئەنجام دراوە”. لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەڵێت؛
– خەڵكی ئێزیدی نۆ ساڵ لەمەوبەر بەدەستی داعشەوە زیانێکی بێئەندازەیان بەرکەوت و تا ئەمڕۆش کاردانەوەی بەردەوامە. دادپەروەری و لێپرسینەوە کلیلێکە بۆ ئەو کەسانەی کە ژیانیان وێران کراوە.
– ئەمڕۆ ئەو دانپێدانانە مێژووییەمان ئەنجام دا بەوەی کە کردەی جینۆساید دژ بە خەڵکی ئێزدیی ئەنجامدراوە. ئەو سووربوونە پابەندبوونمان بەهێز دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو خەڵکە ڕزگاربووە قەرەبوو بکرێنەوە و دادپەروەریش بۆ گەڕاندنەوەی مافی ئەو خەڵکە جێبەجێ بکرێت.
ئەو سووربوونە پابەندبوونمان بەهێز دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو خەڵکە ڕزگاربووە قەرەبوو بکرێنەوە
– بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە بینینی ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی بۆ بنبڕکردنی داعش، لە ڕێگەی بونیاتنانەوەی ئەو کۆمەڵگانەی کە بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان پێگەیشتووە و ڕێبەرێتیکردنی هەوڵە جیهانییەکان دژ بە پڕوپاگەندە ژەهراویەکەی ئەو ڕێکخراوە”. ئەو ڕاگەیاندنەش، بەڵگەی ئەوەیە کە ئێزدییەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و مەبەستدار بە ئامانج گیراون.
دیارە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا، کە تیایدا چەکدارێکی پێشووی داعش بە تاوانی کردەوەی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لە عێراق لە ٨ی ئابی ٢٠٢٣ ئەنجام درا، هاندەرێکی سەرەکییە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن بەریتانیاوە، چونکە وەکو ڕاپۆرتەکەی بەریتانیا دەڵێت “هەڵوێستی بەریتانیا هەمیشە ئەوە بووە کە بڕیاردان لەسەر جینۆساید دەبێت لەلایەن دادگاکانەوە کارامە بکرێت، نەک لەلایەن حکوومەتەکان یان دامەزراوەکانی جیاواز لە دادگاکان”. ئەوەش پێنجەمین حاڵەتی داننانە بە جینۆساید کە بەریتانیا بە فەرمی دانی پێدا ناوە، لەوانەش: هۆلۆکۆست، ڕواندا، سرێبرینیچا و جینۆسایدی کەمبۆدیا و جینۆسایدی ئێزیدییەکان.
ئەوی شایانی باسە، ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ دادگای باڵای هەرێمی فرانکفۆرت سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر تەها ئەلجومەیلی، چەکداری پێشووی داعشدا سەپاند، بەهۆی ئەنجامدانی کردەی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کە تیایدا دەستدرێژیکردۆتە سەر ژنێکی ئێزیدی و کچە پێنج ساڵانەکەی لە ٢٠٢٥ و بە کۆیلەکردنیان. لە ١٧ی ژانیوەری ٢٠٢٣، دادگای دادوەری فیدراڵی (BGH) بڕیارەکەی فرانکفۆرتی پشتڕاستکردەوە و تانەی تۆمەتبارەکەی ڕەتکردەوە. بەو جۆرە تاوانی جینۆساید بۆ یەکەم جار چووە ناو ئەرشیڤی یەکێک لە وڵات ئەوروپییە گرنگەکان. دیارە کە تاوانبارەکە بە ڕەچەڵەک عەرەبی سوننەی عێراقە، کە زۆرینەی چەکدارانی داعش بە ڕەچەڵەک عەرەبی سوننەی عێراق بوون و ژمارەیەکی زۆر لەوانە ئەندامی پێشووی حیزبی بەعس و سوپای هەڵوەشاوەی عێراق بوون، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بینی.
دادگای باڵای هەرێمی فرانکفۆرت سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر تەها ئەلجومەیلی، چەکداری پێشووی داعشدا سەپاند، بەهۆی ئەنجامدانی کردەی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
ئەوەی کە گرنگە بزانین داخۆ ئەو کاریگەرییە یاسایی و سیاسییانە چین بۆ سەر ڕەوشی ئێزیدییەکان، لەسەر هەردوو ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتمانی:
ناساندنی جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و بەهاناوەچوونی قوربانیان و ڕزگاربووان و هاوکاری کردن و قەرەبووکردنەوەیان. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانە و ئەنجامدانی پارێزبەندی بۆ هەر گرووپێکی جینۆسایدکراو. ناساندنی جینۆساید لێکەوتەی نێودەوڵەتی دەبن، پەیوەندییەکان لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێن، بەڵام لە دۆخی ئێزیدییەکان، چونکە داعش وەکو دەستەڵات نەماوە، هیچ دەوڵەتێکیش خاوەندارێتی لەو ڕێکخراوە و لە تاوانەکانی ناکات، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنی تاوانبار قورسە و بێجگە لە کەسە دەستگیرکراوەکان، لایەنێکی دیکە نییە، داوای بوردن بکات و ڕاستەوخۆ بەرپرسیار بێت لە قەرەبووکردنەوی ڕزگاربووان، وەکو ئەوەی لە جینۆسایدەکانی دیکەدا ئەنجام دراون. ئەوەی لەو بارەیەوە گرنگە، دەبێت دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە گشتی بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان بگرنە ئەستۆ و ناوچە بەرکەوتووەکان ئاوەدان بکرێنەوە و خەڵکی ئێزیدی بگەڕێنرێنەوە ناوچەکانییان.
لەسەر ئاستی نیشتمانیش زۆری ماوە بۆ ئێزیدییەکان بکرێت. لەلایەک دەبێت هۆشیارییەکی نیشتمانی دروست بێت و خەڵك لەڕووی ئایینییەوە ڕێز لە ئاینەکانی دیکە بگرن و لەوە تێبگەن کە ئازادی ئایینی و خواپەرستی مافێکی گەردوونییە و ڕێزگرتن لە ڕووی گوتاریشەوە گرنگە بەمانای ئەوەی بەگومڕادانان یاخود هەر جۆرە ناووناتۆرەیەک دژ بە کەمینە ئایینییەکان، دەچێتە قالبی بریندارکردن و سوکایەتی پێکردن. لە ڕووی ماف و ئازادییەکانەوە دەبێت چاکسازی لە یاساکاندا بکرێت و هەموو ئەو ئاریشانە چارەسەر بکرێن کە ئێزیدییەکان پێیەوە دەناڵێنن. بەتایبەتیش گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانییان و دەستەبەرکردنی ئاسانکاری نیشتەجێکردن و گرنگیدان بە لایەنی فیزیکی، دەروونی و تەندروستی.
لە ڕووی ماف و ئازادییەکانەوە دەبێت چاکسازی لە یاساکاندا بکرێت و هەموو ئەو ئاریشانە چارەسەر بکرێن کە ئێزیدییەکان پێیەوە دەناڵێنن
خاڵێکی دیکە گرنگە بۆ داننان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی پارێزبەندییە. پارێزبەندی گرنگە بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەو گرووپە مرۆییە لەهەر شوێنێک ژیان و کەرامەتییان پارێزراو بێت. داننانی هەر وڵاتێک بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان وادەکات لە حاڵەتی پەنابەریدا ڕێز لە دۆخەکەیان بگیرێت و هاوکارییان بکرێت و مافی مانەوەیان بە ئاسانی بۆ دەستەبەر بکرێت.
سەرەتا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دان بەو جینۆسایدەدا نرا، لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لێکۆڵینەوەیەکی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردرا بوو، بڵاو کرایەوە و ڕاگەیەندرا، کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) جینۆسایدی دژی ئێزیدییەکان ئەنجام داوە، کە دەگاتە تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ.
لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢١ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات کە تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان، بریتییە لە جینۆساید. هەروەها داواکاری گشتی، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کەریم خان لە شەشەم کۆڕبەندی خۆیدا گوتی: دەتوانم بۆ ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتڕاست بکەمەوە، کە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە تاوانکارییە سەربەخۆکانمان، بەڵگەی ڕوون و قەناعەتبەخشمان لەبەردەستن، کە جینۆساید لەلایەن داعشەوە لە دژی ئێزیدییەکان وەک گرووپێکی ئایینی ئەنجامدراوە .
لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد؛ تیایدا دان بەوەدا دەنێت کە ڕێکخراوی داعش جینۆسادی دژی ئێزیدی و مەسیحییەکان ئەنجام داوە. لە ساڵی ٢٠١٨ کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای جینۆساید و فریاگوزاری و لێپرسینەوەی عێراق و سوریای پەسەند کرد.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەوروپا بڕیارنامەی ٢٠٩١ (٢٠١٦)ی خۆی سەبارەت بە چەکدارانی بیانی لە سووریا و عێراق وەبیر دەهێنێتەوە. هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە “ئەو کەسانەی بەناوی داعشەوە مامەڵە دەکەن، کردەوەی جینۆساید و تاوانی گەورەی دیکەیان ئەنجامداوە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سزا دەدرێن”.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی یەزدا؛ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆماری عەرەبی سوریا (‘لێکۆڵینەوە لە سوریا’) بۆی دەرکەوتووە، کە کردەوەکانی داعش دژی ئێزیدییەکان بە چەندین تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و هەروەها جینۆساید هەژمار دەکرێن. زۆرێک لە دەوڵەت و ڕێکخراوەکان پێشتر دانیان بەوەدا ناوە، کە ئەو تاوانانەی لەلایەن داعش دژی ئێزیدییەکان ئەنجام دراوە جینۆساید پێکدەهێنن. لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا و سکۆتلەندا.
کردەوەکانی داعش دژی ئێزیدییەکان بە چەندین تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و هەروەها جینۆساید هەژمار دەکرێن. زۆرێک لە دەوڵەت و ڕێکخراوەکان پێشتر دانیان بەوەدا ناوە
تا ئەمڕۆش بە مەزەندەی چەندین سەرچاوە، ٣٦٠ هەزار ئێزیدی لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین، هاوکات ٩٠ هەزاری دیکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە عێراق دەرچوون و بوون بە پەنابەر لە دەرەوەی وڵات. ئێستا نزیکەی هەزار و ٨٠٠ ئێزیدی خەڵكی باشوور لە تورکیا و هەزار و ٥٠٠ لە سوریا و هەزار لە یۆنان دەژین. ژمارەی ئەو ئێزیدییانەی ڕۆژئاڤای کوردستان کە پەنایان بۆ ئوردن و لوبنان و تورکیا و ئەوروپا بردووە، نادیارە.
ئەو زیانانەی لە جڤاتی ئێزدییان کەوتن، بریتی بوون لە گیان لەدەستدانی پێنج هەزار کەس، کە سێ هەزار و ٥٤٨ مێ بوون و دوو هەزار و ٨٦٩ نێر بوون، هەروەها شەش هەزار و ٤٧١ کەس بێسەروشوێن بوون. ٨٣ گۆڕی بەکۆمەڵیش دۆزراونەتەوە، کە تا ئێستا ڕێژەیەکی زۆر کەم لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە. سێ هەزار و ٥٧٠ کەس ڕزگار کراون، لەوانەش هەزار و ٢٠٨ ژن و ٣٣٩ پیاون. هەروەها هەزار و ٦٦ کچ و ٩٥٧ کوڕیش. هێشتاش زیاتر لە دوو هەزار کچ و ژنی ئێزیدی بێسەروشوێنن و ئازاد نەکراون.
لەپاڵ هەموو ئەو داتا و تاوانە گەورانە، کۆمەڵگەی موسوڵمان بەگشتی لەسەر ئاستی ڕەسمی و میللیدا، هەڵوێستێکی یەکگرتوویان نەبووە لە ئاست ئەو هەموو تاوانانەی کە بەناوی ئایینی ئیسلامەوە ئەنجام دراون، بەتایبەتیش حیزب و گرووپە ئیسلامییەکان.