سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

کەرکووک، سریبرینیچای کوردستان!

لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، زۆر بە وردی بەدواداچوونم بۆ ڕووداوەکانی کەرکووک دەکرد، ئاگاداری زۆربەی هەڵوێست و ڕاگەیاندنەکان بووم، هەموو ئاماژەکان دەیانگوت کەرکووک لەسەر لێواری جینۆسایدێکی دیکەدایە. بەحوکمی تایبەتمەندیم لە پڕۆسەی جینۆساید، هەموو نیشانەکانی جینۆسایدم دەبینین. لایەنێک کە بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوو، بە تەنیا لایەنی کوردی بوو، بەتایبەتی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی کورد لە بەغدا، کە هەڵوێستێکی دووسەرە بوو، لەلایەک، شەرمنانە و ترسنۆکانە بوو، لەوەی کە بە خێرایی نەکەوتنە جموجۆڵی سیاسی بۆ ئەوەی خەڵک شەهید نەکرێت و زیانەکان گەورە نەبن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، هاوکار بوو بۆ زیاتر گەورەنەبوونی کێشە و ململانێکە. میلیشیاکان و سوپای عێراق و دژەتیرۆری عێراقی، بە ئەقڵییەتێکی پاوانخوازانەی دژە کوردانە دەجوڵانەوە. ئاخر، بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ڕۆژ ڕێگایەکی سەرەکی نیشتمانی نێوان شارە گەورەکان دابخرێت و بەدەیان هەزار هاووڵاتی ڕووبەڕووی فشار و کێشەی ئابووری ببنەوە، نە حکوومەت و نە سوپا و نە پۆلیس نقەیان لێوە نەیەت و خۆپیشاندەرانی عەرەب و هێزی میلیشیاکان و هەندێک لە تورکمانەکان، لەگوڵ کاڵتریان پێ نەگوترێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەلایەن حاکمی شارەوە بە ئاشکرا سوپاسیان دەکرا، بەڵام کە خۆپیشاندەرانی کورد دژ بەو دۆخە هاتنە سەر شەقامەکان، گوللەباران کران.

 

هەندێک لە نووسەر و ڕاگەیاندنکارەکان پێیان وابوو ئەگەر حیزبە سیاسییەکان لێبگەڕێن، خەڵکی کەروکوک هیچ کێشەیەکییان نییە. ئەم دەربڕینە لە دوو سەرەوە لە بێئاگایی و وەکو کاردانەوەی دژ بە حیزبەکان بوو؛ لەلایەک حیزبی سیاسی یەکێکە لە دیاردەکانی مۆدێرنیتێ و هیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆیی نادۆزینەوە بێ حیزبی سیاسی. بێجگە لەوەی کە خودی حیزبەکان لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێکهاتوون و وزە و توانایان لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەردەگرن. لێرەدا من باس لە باشی و خراپی حیزب ناکەم، بەڵکو باس لە دیاردەی حیزبی دەکەم، هەرچەندە کورد لەو بوارەدا خاوەنی حیزبی سیاسی مۆدێرن نین، چونکە هەڵگری جیناتەکانی خێڵ و تائیفەن، بەرەڵا کراون و بە ماڵی خۆیان کە نیشتمانی کوردستانە، نازاننەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو دابەشبوونەی کە هەیە لە سنوورە سیاسییەکاندا نەماوەتەوە، بە هەموو پێوەرەکان دابەشبوونەکان بە کۆمەڵایەتی کراون و ئاسایی و نۆڕمالیزە کراون. نۆڕمالیزەبوونی ڕقبوونەوە و بەسووک و کەم تەماشاکردنی بەرانبەر، سنوورە ئاساییەکانی نێوان گرووپە مرۆییەکانی بڕیون و بووە بە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی. بێجگە لەوەی کە ئەو جۆرە دەربڕینە جۆرێکە لە بێئاگابوون لە ڕووداوەکانی ناوچەکە و تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان.

 

پڕۆسەی تەعریب، تا ئەمڕۆش بە چەندین شێواز لەبرەو دایە و چاوچنۆکییەکی ئابووری زۆر ڕووی لە کەرکووکە، بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و زۆربوونی دەستی کار بەهۆی کۆمپانیاکانی نەوت و پێگەی ستراتیژی ئەو شارە

 

هێزی دەستەڵاتدار لە کەرکووک کە پشتی بەستووە بە سوپا، میلیشیاکان و پشتیوانی ئیداری، زەمینەیەکی لەباری خولقاندووە بۆ دژە کوردبوون. زەمینەیەک کە ئەگەر نەشڵێین سەدەیەکە، بەڵام لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک کار دەکات. پڕۆسەی تەعریب، تا ئەمڕۆش بە چەندین شێواز لەبرەو دایە و چاوچنۆکییەکی ئابووری زۆر ڕووی لە کەرکووکە، بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و زۆربوونی دەستی کار بەهۆی کۆمپانیاکانی نەوت و پێگەی ستراتیژی ئەو شارە و زۆر فاکتەری دیکە. هەموو ئەمانە وایان کردووە ئەو شارە چاوی زۆر لەسەر بن. وایان کردووە، ئەگەر هەوڵەکان ئاشکراش نەبن، بە شاردراوەیی بەردەوام بن بە مەبەستی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی چڕی دانیشتوانی کورد لە کەرکووک.

 

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش، بە باشی دەرکەوت کە حیزبە کوردییەکان بوێری ئەوەیان تێدا نەبوو، ڕێگری لە کوشت و بڕی هاوزمانەکانییان بکەن

 

جگە لەوەش، حیزبە کوردییەکان، تۆمەتبارن بەوەی کە دەستەڵاتییان لە کەرکووک هەبوو، لەلایەک هیچ هەوڵێکییان بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکووک نەبوو، لەلایەکی دیکەشەوە، ڕەفتار و ئاکاریان هێندە ناشیرین و هەڕەمەکییانە بووە، جۆرێک لە ترس و بیمی لای گرووپە مرۆییە جیاوازەکان دروستکردبوو. جگە لەوەی کە دوو پۆلیس و دوو ئاسایش و دوو جۆر ئاڕاستەی ئیداری لە کەرکووک کاری دەکرد. دوای ئەوەش، تا ئەوڕۆش هەردوو حیزبی سەرەکی بە ئەقڵییەتێکی تائیفی، نابەرپرسیارانە دژ بە یەکدی دەجوڵێنەوە، بەجۆرێک کورد لەو شارە بۆتە پاروویەکی چەوری میلیشیاکان و عەرەبە هاوردەکان و خەڵکی نابەرپرس. لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش، بە باشی دەرکەوت کە بوێری ئەوەیان تێدا نەبوو، ڕێگری لە کوشت و بڕی هاوزمانەکانییان بکەن. تا ئێستاش هەنگاوێکی بوێرانەیان نەناوە، گرتن و تۆقاندنی خەڵکی کورد لەو شارە ڕابگرن.

 

ڕووداوەکان ئەوەیان سەلماند، کوشتن لەسەر ناسنامە، لە ئاوخواردنەوەیەک ئاسانترە و دەیان و سەدان پاساویان هەن بۆ کوشتنی بەرانبەر

 

لە هەموو حاڵەتەکاندا، ڕووداوەکان ئەوەیان سەلماند، کوشتن لەسەر ناسنامە، لە ئاوخواردنەوەیەک ئاسانترە و دەیان و سەدان پاساویان هەن بۆ کوشتنی بەرانبەر. پشت ئەستووربوون بە سوپا، میلیشیاکان و دەستەڵاتی ئیداری، جۆرێک لەخۆباییبوون و هێزی نابینای لای تاکەکان دروست کردووە بەمەبەستی زاڵبوون، زاڵبوونێکی کوێرانە و ڕیشەکێشانە، دژ بە گرووپی بەرانبەر. زاڵبوونێک لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندە، بۆ ئەوان شەرعییەتێکی نیشتمانی هەیە، بەوەی کەرکووک شارێکی عێراقییە و هەموو جۆرە جموجۆڵێکی ناعەرەبی لەو شارە، بە ئاڕاستەی دابەشبوون و کەرتکردن و لەتکرنی عێراقە. قوڵبوونەوەی ئەم ترسە بە کۆمەڵایەتی کراوە. ئەگەر لە ڕابردوودا حکوومەت نوێنەرایەتی ئەو جۆرە گوتارەی کردبێت، ئێستا ئەو گوتارە دابەزیوەتە ناو خەڵک و خەڵک بەخۆی دەیەوێت بەرگری لە یەکێتی خاکی عێراق بکات. لە گوتاری زۆرینەی حیزبە شیعییە دەستەڵاتدارەکان، سەدرییەکان و میلیشیاکاندا ئەو نیگەرانییە بەردەوام و بە ئاشکرا کار دەکات و لە گەشەکردنیشدایە. تاکە لایەنیش کە مەترسی بێت لەسەر دابەشبوون، لە گوتار و بیرکردنەوەی ئەواندا، تەنیا کوردە.

 

ئەگەر ئەو نیگەرانییە ئەمڕۆ دژ بە کورد بێت، بەیانی ڕوو لە تورکمانەکان و لە مەسیحییەکانیش دەکات. ڕوو لە هەموو ناسنامە و هەستێکی ناعەرەبی دەکات

 

تورکمانەکان، هەڵەیەکی میژوویی دەکەن کە پشتیوانی لەو نیگەرانییەی عەرەبەکان دەکەن، لەلایەک، ئەو نیگەرانییە لە حکوومەت و دامودەزگاکانەوە نییە، بەڵکو هیی خەڵکی هاوردە و میلیشیاکانە، بە ئامانجی زاڵبوون و دەستکەوتی ئابووری و ئیداری زیاتر. جگە لەوەش، ئەگەر ئەو نیگەرانییە ئەمڕۆ دژ بە کورد بێت، بەیانی ڕوو لەوانیش و لە مەسیحییەکانیش دەکات. ڕوو لە هەموو ناسنامە و هەستێکی ناعەرەبی دەکات. ئەوەش بەمانای ئەوە نا بەرەیەکی دژە عەرەبی دروست بکرێت و ڕووبەڕووی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە ببنەوە، بەڵکو بەهێزنەکردنی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە کە ئێستا تەنیا هەستێکی دژە کوردییە و بە تێپەڕبوونی کات تەشەنە دەکات، لە وشیارییەکی شۆفینیستانەی کۆمەڵایەتییەوە سەر دەگرێت. بەهێزنەکردنی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە، لەوەدا لاواز نابێت پشتئەستوور بن بە دەوڵەتە دراوسێکان، یا بە جەمسەرگیری دژ بە عەرەب یا دژ بە کورد، بەڵکو دروستکردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بە خەسڵەتەکانی لێبووردەیی و گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراوان و نەهێشتنی فشارەکان لەسەر لایەنێکەوە بێت بە لایەنەکانی دیکە.

 

ئەگەر ئەو جارەش نائارامی شارەکە بەزەبری هێز کۆنتڕۆڵ کرابێت، ئەوە بە دڵنیایی پەنگخواردنەوەکەی بەهێزتر دەبێت و تەقینەوەی داهاتووی کۆنتڕۆڵ ناکرێت

 

ئەگەر خێرا میکانیزمێکی ئیداری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کەرکووک نەدۆزرێتەوە، ئەگەر ئەو جارەش نائارامی شارەکە بەزەبری هێز کۆنتڕۆڵ کرابێت، ئەوە بە دڵنیایی پەنگخواردنەوەکەی بەهێزتر دەبێت و تەقینەوەی داهاتووی کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ئەوسا ڕووبەڕووی پڕۆسەی جینۆساید دەبنەوە، کە لە ناوەڕۆک و ڕووخسار و لەزۆر ڕووەوە لە جینۆسایدی سێربرینیچا دەچێت. لەو ڕووەشەوە، بە ئامانج گرتنی ئەو گەنجانەی کورد لەلایەن هێزە عێراقییەکان دوو نیگەرانی گەورەی لای من دروست کردوون:

یەکەم: کوشتن لەسەر ناسنامە بەپێی کۆمەڵێک داتا و ڕاگەیاندن، حەزێکی بەربڵاوە لەناو سوپا و خەڵک، واتە خواستێکی سیاسی کۆمەڵایەتیی و تەنانەت ئابووریشە. کوشتن ئەو دەرمانەیە کە برینەکانی گرووپی دەستەڵاتدار ساڕێژ دەکات، ڕژانی خوێنی چوار کورد کۆتایی بە داخستنی ڕێگای کەرکووک- هەولێر هێنا، چونکە خوێنی تێدا ڕژا. هێز بەکارهات و دەماری نێرایەتی هێزە عێراقییە شەڕخوازەکانی تێدا تیمار کرا.

دووەم: ترسێکی دیکەش لای من کە پێشتریش هەبوو، ئەمجارەیان گەورەتر بوو، ئەویش مەترسی بوون بە سەرباز لەناو سوپای عێراقدا. سەربازانی کورد لەناو سوپادا، چیتر وەکو کورد بیرناکەنەوە. بیرکردنەوەی دەستەجەمعی سەربازەکان، وەکو گرووپێکی سەربازی، بێجگە لەوەی کە لەسەریانە گوێڕایەڵی فەرمانە گشتییەکانی سەرەوەی خۆیان بن، ئەو بیرکردنەوە دەستەجەمعییە، بەهێزتر دەبێت لەوەی کە لە حاڵەتی ئاساییدا هەیە. نموونەی ئەو مێرمنداڵەی کە کەوتبووە دەست کۆمەڵێک سەربازی کورد لە سوپای عێراق لە کەرکووک، هاواری دەکرد و دەیگوت من هیچ پەیوەندیم بە خۆپیشاندانەکانەوە نییە و من بێگوناهم، بەڵام سەربازە کوردەکان بەزەییان پێیدا نەدەهاتەوە، چ جای ئەوەی لەوە بکۆڵنەوە داخۆ ئەو مێرمنداڵە بەشدار بووە یان نا، یا هەر هیچ نەبێت تەمەنی لەخوار هەژدە ساڵییە و نابێت بەو جۆرە توندوتیژییە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوە چش لەوەی کە دەبووایە بەیەک یاسا و ڕێسا مامەڵە لەگەڵ هەموو گرووپە مرۆییەکان بکرابووایە. ئینجا ئەگەر کوردێک (با سەربازیش بێت) لە نیگەرانی خەڵکی کورد و هاوزمانانی خۆی تێنەگات، چۆن گلەیی لە سەربازێکی عەرەبی ناو سوپا بکرێت؟!

 

نەهێشتنی میلیشیاکان لەو دەڤەرە ئەرکێکی هەنووکەیی و مرۆییە، ڕادەستکردنەوەی شار بە پۆلیسی ناوخۆیی و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دیاردەیەکی سەربازی و میلیشیایی بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوە کاریگەری لەسەر دۆخەکە هەبێت

 

ڕێگریکردن لە جینۆساید، ڕێکاری توند و سەرتاپاگیری دەوێن. پێویستی بە گرتنەبەری پڕۆسەیەکی بەرفرەوان هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی کەرکووک، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە هۆکارن بۆ نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی. نەهێشتنی میلیشیاکان لەو دەڤەرە ئەرکێکی هەنووکەیی و مرۆییە، ڕادەستکردنەوەی شار بە پۆلیسی ناوخۆیی و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دیاردەیەکی سەربازی و میلیشیایی بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوە کاریگەری لەسەر دۆخەکە هەبێت. ئەوەش دەزانم کە پارێزگار سەپێندراوە، بەڵام بەهۆی ناتەبایی هێزە کوردییەکانەوە. بۆیە حیزبە کوردییەکان بەشێک لە بەرپرسیارێتی و گوناهی ئەو دۆخەیان لە ئەستۆدایە.

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...