سیاسیشرۆڤه‌

جەنگی ئيسرائيل و فەڵەستين

 

بەپێی ميديای ئيسرائيل و لێدوانە فەرمييەکان لە ١٩٧٣ەوە ئيسرائيل ڕووبەڕووی هێرشی وا گەورە و کاريگەر نەبووەتەوە و، بۆ یەکەمجار لەو کاتەوە، ئيسرائيل بە فەرمی جەنگی ڕاگەياند و ناتانياهۆ بە ڕوونی گوتی ئيسرائيل لە دۆخی جەنگدایە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم چالاکييەی ئەمجارەی فەڵەستينييەکان جياوازە، چونکە تەنيا لە ڕێگەی مووشەکەوە ئەنجام نەدراوە، یاخود هێرشێک بۆ سەر چەند ئيسرائيليیەک یان تەقينەوە…هتد، بەڵکو هێرشێکی پلانداڕێژراو و سەربازی بووە. چەکدارە فەڵەستينييەکان توانيويانە بچنە ناو هەندێک ناوچە، کە ئيسرائيل بە خاکی خۆی دەزانێت، ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و سەرباز و مەدەنييەکی زۆری ئيسرائيلی کوژراوە و بريندار و بەديلگيراوە. هەر بۆیە ئيسرائيل بە پەلە دۆخی جەنگی ڕاگەياند، نەک ئۆپراسيۆنی سەربازیی تايبەت وەک جارەکانی پێشوو.

لە دەرەوەی هاش و هووشی ميدياکان و سۆشيال ميديا، کە هەندێکیان بە جيهاد و بە سەرەتای کۆتایی هاتنی ئيسرائيلی دادەنێن (زۆربەی جيهانی ئيسلامی)، یان ميدياکانی بەرەکەی تر، کە تەنيا بە کارێکی تيرۆريستی دەزانن. لەم جۆرە جەنگانەدا دوو خاڵ گرنگە لەبەرچاوبگيرێت:

١. جەنگەکە تەنيا لە نێوان ئيسرائيل و فەڵەستينييەکان نييە، بەڵکو هاوکێشەیەکی سياسی فرەوانترە. ئێران یان دەستی تێدا هەبووە یان دەستی تێدا دەبێت. ئەمريکا بە پەلە پشتگيری خۆی ڕاگەياند بۆ ئيسرائيل. پەيوەندی بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان سعوودييە و ئيسرائل هەیە. لەوانەیە پەيوەندی بەو دەنگۆیانەوەيش هەبێت، کە ئەمريکا و ئێران دەستيانکردووەتەوە بە دانوستانەکانيان. هاوکات پەيوەندی بە دۆخی سووريا و ئێرانەوە هەیە. دەکرێت هەندێک لایەنی ناو سووريا و لوبنان و عێراقيش تێوەبگلێن لە ئەگەری درێژبوونەوەی ماوەی جەنگەکە.

٢. لە ئەدەبياتی هاوچەرخی زانستی سياسەت و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکاندا تیۆری ناهاوسەنگی (asymmetry theory) یەکێکە لەو تيۆرييە گونجاوانەی کە دەتوانێت تەفسيری ئەم جۆرە جەنگ و پەيوەندييانە بکات ،کە لە نێوان دوو بەرەن، دانەیەکی بەهێز و گەورە و ئەوی تر کەم هێز و بچووک. ئيسرائيل بەرەی گەورە و بەهێزەکەیە، فەڵەستين بەرەی لاواز و بچووک. لەم جۆرە پەيوەندييەدا (لە کاتی جەنگ)، ئەوا نيمچە مەحاڵە لایەنی لاواز بتوانێت بەشێک لە خاکی لایەنی بەهێز بگرێت بۆ ماوەیەکی درێژ کۆنتڕۆڵ بکات. لایەنی لاواز تەنيا دەتوانێت هەندێک گورزی سياسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە لایەنی بەهێز بدات. هەرگيز ناتوانێت لایەنی بەهێز لەناو ببات، یان لە ڕووی ستراتيژييەوە لێێ بباتەوە. لەبەرانبەردا لایەنی بەهێز دەتوانێت لایەنی لاواز داگيربکات و کاولی بکات و هەڕەشە لە بوونی بکات. کەواتە فەلەستين ناتوانێت ئەو ناوچانەی کە ئێستا گرتوویەتی، تيايدا بمێنێتەوە. لێرەوە، دەتوانين بڵێين لە دوای جەنگەکە، ئەوا خاکی ئيسرائيل یان وەک خۆیەتی، یان زیاتر بووە، لەبەرانبەردا خاکی فەڵەستينييەکان یان وەک خۆی دەمێنێتەوە (کە زۆر بچووک کراوەتەوە) یان بچووکتريش دەبێتەوە. هاوکات لە دوای جەنگەکە، ئەوا ژمارەی کوژارو و بريندارانی فەلەستينييەکان زیاترە، شارەکانيان زیاتر کاولکراوە، بە بەراورد بە ئيسرائيلييەکان. بەکورتی فەڵەستينييەکان ئەوپەڕی دەتوانن قەبارەی زیان گەياندن بە ئيسرائيل گەورەتر بکەن.

پلانێکی حەماس بۆ سنووردارکردنی وەڵامەکەی ئيسرائيل و، هەروەها بۆ سازشکردن بە ئيسرائيل بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە، بريتييە لەو ژمارە ئيسرائيلييەی کە ديلکراون لە لایەن فەلەستينييەکانەوە و گواستراونەتەوە بۆ غەززە، دەکرێت ئازادکردنی ئەو دەستبەسەرکراوانە بکاتە مەرج بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە و سازشکردن بە ئيسرائيل. جارێ ڕوون نييە ئایا ئيسرائيل چۆن دەڕوانێتە ئەو پرسە. بەڵام بە گشتی پلانێکی زيرەکانە ديارە. بەپێی ئەو تيۆرييەی سەرەوە، لایەنی لاواز ئەم جۆرە پلان و پيلان و تەکتيکانەی هەیە، کە هەندێک کات لایەنی بەهێز ناچاری سازشکردن دەکات.

ئەگەر جەنگەکە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی دەبێت لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ئەگەر بەرەی ئێران هاوکاری زۆری فەڵەستين بکەن، ئەوا ئەمريکا ئەگەر ڕاستەوخۆش دەستێوەردان نەکات بۆ هاوکاری ئيسرائيل، ئەوا ناڕاستەوخۆ هەموو هاوکارييەکی ئيسرائيل دەکات.

یەکێک لەو هەڵانەی کە لە تێڕوانينی مسوڵمان و عەرەب بە گشتی و فەڵەستينييەکان بەتايبەتی هەیە، ئەوەیە کە پێيان وایە ئيسرائيل ئامادەی شەڕ و جەنگی ماوەدرێژ نييە، چونکە تێچوونی جەنگ لە ڕووی داراييەوە زۆر بەرزە بۆ ئيسرائيل بە بەراورد بەوەی فەڵەستينييەکان. یان پێيان وایە کوشتنی ئيسرائيلييەک زۆرە و بەڵام کوشتنی دەیان فەڵەستينی هيچ نييە. ئەم تێڕوانينە لە ڕووی نەستەوە، شکستێکی فکری و ئەخلاقی و دەروونييە بۆ نەيارانی ئيسرائيل. جگە لەوەش، خودی تێڕوانينەکە لەگەڵ واقیع و مێژوو ناگونجێت و هەڵەیە، هيچ وڵاتێکی عەرەب و مسوڵمان نييە بە ئەندازەی ئيسرائيلييەکان ئامادەی شەڕ و جەنگ بن. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ میژوو و وردەکاری زۆربەی جەنگ و پێکدادانە سەربازييەکانی ئيسرائيل لەگەڵ فەڵەستين و عەرەب، دەردەکەوێت زۆر کات ئيسرائيل خۆی شەڕی فرۆشتووە و دەستپێشخەری کردووە. مانەوە و بەهێزبوونی ئيسرائيل لە ١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ و سەرکەوتنی بەسەر هەموو نەيارەکانيدا، دوو ئاماژەی گرنگی تێدایە؛ یەکەم، ئيسرائيل هەموو کات لە ڕووی هێز و زانست و مرۆییەوە ئامادەی شەڕ و جەنگە؛ دووەم، هەبوونی چەندين هەڵە و لاوازیی لە تێڕوانين و تێگەيشتنی نەيارەکانی ئيسرائيل بۆ ئەو دەوڵەتە.

لای بەشێکی زۆری کورد و عەرەب سياسەت زیاتر حەماس و هەڵچوون و هاش و هووشی ميديا و سۆشيال ميديایە. لە جەنگێکی لەم جۆرەدا، بردنەوە بۆ فەڵەستينييەکان ئەوەیە خاکە داگيرکراوەکەی خۆیان (وەک خۆیان دەڵێن) بەدەست بهێننەوە. جگە لەوە دەکرێت ناوی لێبنرێت گورزوەشاندن و زیان گەياندن بە بەرانبەر، نەک بردنەوەی جەنگ. ئەم جۆرە تێڕوانينە زۆر کات لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاريخوازی کورددا ئامادەیە، کاتێک حزبێک یان گرووپێکی کوردی گورز لە داگيرکەران دەدەن، بە سەرکەوتنی دەزانن، لەکاتێکدا شارە کوردييەکان داگيرکراون. فەڵەستينييەکانيش هەر لە ئێستاوە بۆ دوای جەنگەکەش خۆیان بە براوەی جەنگەکە دەزانن. بەبێ ئەوەی یەک بست خاکی خۆیان زیاد بکەن و خاکی ئيسرائيل کەمبکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...