هه‌واڵ

بابەکر زێباری: کەمکردنەوەی بودجەی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە پەیوەندی بە چاکسازییەوە نییە

زێدپرێس

 

ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کەمکردنەوەی بەشە بودجەی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکاوە، ھیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییەوە نییە و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی بەرنامەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە ئەمریکا بەھۆی پابەندنەبوونی وەزارەتی پێشمەرگە بە پڕۆسەی چاکسازییەوە بەشە بودجەی کەم کردووەتەوە، ڕاست نین، چونکە ئەمە نەک تەنیا پێشمەرگە، بەڵکو لە عێراقیش کەم کراوەتەوە و پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەیە.

زێباری هەروەها گوتی “ئێستاش پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت و ھێزەکان یەک دەخرێن و فیرقەیەک لە تەواوبووندایە و ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت و بەم زووانە تەواو دەبن”.

زیاتر دەڵێ “بەرنامەیەکی باش دانراوە و کاری باشی بۆ دەکرێت، کە قۆناغی یەکەم دوو فیرقە تەواو دەبن و دواتریش فیرقەی دیکە دروست دەکرێن و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە خاوەن کۆمەڵێک فیرقە”.

زێباری باسی لەوەش کرد، “پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرجەم ھێزەکان یەک دەخرێن، چونکە بەرنامەیەکی زۆر باش دانراوە و بەبێ دواکەوتنیش بەرنامەکە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت”.

“ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوام دەبن و خۆشیان باسیان لەوە کرد کە لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوام دەبن، زۆریش پێویستە ئەو ھێزانە لە عێراق بمێننەوە، چونکە جارێ عێراق پێویستی بە ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە” ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای گوت.

ئەو لێدوانەی بابەکر زێباری ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کە پاڵپشتی دارایی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە لە ٢٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە و ئەوەش وا لێکدرایەوە، کە بەهۆی پابەندنەبوونی بەتایبەت پارتی و یەکێتییە بەو لێکتێگەیشتن و بەرنامەیەی پێشتر لەگەڵ ئەمریکا بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...