د. ئامانج ڕەحیم: کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی ڕۆژی شەممە نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە

د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “خۆشحاڵم و جێی شانازیمە کە بەشدارێکی کارابووم لەگەڵ هەڤاڵەکانم لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنامەی هاوبەشی سێقۆڵی نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕە جیهانییەکان و بەبازاڕکردنی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ”.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ: “بە هیوام ئەم ڕێککەوتنامە سێقۆڵییە وەک خۆی پابەندییەکانی جێبەجێ بکرێت تا ببێتە مایەی سەقامگیریی لە خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم و کۆتاییهاتنی نەهامەتی و چاوەڕوانیی و دۆخی سەختی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی شایستەکانی خۆیان لە کاتی خۆی، کە دەبوو هەر لە سەرەتاوە مووچە بەدوور بێت لەم ناکۆکییانە”.
د. ئامانج ڕەحیم ئاشکرای کرد: “ڕێککەوتننامەکە لە شەش ماددەی سەرەکی و پێشەکییەک پێکهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان واژۆکراوە و ماف و شایستە و پابەندییەکانی هەر سێ لایەنی تێدا دەستنیشانکراوە”.
دەشڵێ: “وا بڕیارە کاتژمێری ٦:٠٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێککەوتی ٢٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆڕی نەوتی هەرێم – جەیهان و جارێکی دیکە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ بکرێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغدا سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێکی دیکە لە بودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم”.
لەوبارەیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ: “لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.
ڕۆژی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتی کوردستان ڕێککەوتنێکی سێقۆڵییان واژۆ کرد بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.



