هه‌واڵ

قوباد تاڵەبانی: ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستی خۆی و یەکێتی ڕایدەگەیەنێت: “بە هەموو شێوەیەک دژی دواخستنی هەڵبژاردنین و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی قوباد تاڵەبانی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکسیم ڕوبین کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢ی ئایاری ٢٠٢٤ پێشوازی لێ کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ڕوون کردووەتەوە و ڕایگەیاند: “بە هەموو شێوەیەک دژی دواخستنی هەڵبژاردنین و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرا. لەمبارەیەشەوە، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین پەیوەندییەکی ئاسایی و تەندروست و هاوسەنگمان لەگەڵ هەموو وڵاتان و بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێدا هەبێت”. زیاتر گوتی: “هەرێمی کوردستان هەرگیز سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆسەر هیچ لایەنێک و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی باش و تەندروستمان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە ڕووی بازرگانییەوە”.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی پارێزگای سلێمانی کرا، “کونسوڵی گشتیی ڕووسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی هەستی بە گەشەسەندنێکی بەرچاو کردووە لەڕووی وەبەرهێنانەوە”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

هاوکات قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد “ڕاستە کە پێشتر کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم وەبەرهێنەراندا دروست دەکرا، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا هەنگاوی باشمان ناوە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم وەبەرهێنەران” و گوتیشی: “خۆی لە نزیکەوە چاودێری چۆنییەتی بەرەوپیشچوونی کاروباری وەبەرهێنان دەکات و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات”.

ئاماژەی بەوەشدا “ئەم هەنگاوانە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی بە جۆرێک کە ساڵی ڕابردوودا پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا یەکەم بووە لە ڕووی وەبەرهێنانەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...