
ئەم ڕۆمانە باسی ژیانی “خانی لەپ زێڕین” و شەڕی قارەمانانەی قەڵای دمدم (١٦٠٩-١٦١٠) دەکات، کە لە داستانێکی فۆلکلۆریی ڕەسەنەوە لە دژی داگیرکاریی و ململانێی ئیمپراتۆریەتەکانی سەفەوی و عوسمانی وەرگیراوە.
بەڵام خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە تەنیا وەك گێڕانەوەیەکی مێژویی سادە، نادادپەروەریەکی گەورەیە لە دەقەکە؛ ئەم ڕۆمانە کاتێك بە تەواوی ڕوناک دەبێتەوە کە لە فلتەری فەلسەفەی مێژویی و ئەدەبیدا سەیری بکەین.
ڕەنگە ئەم ڕۆمانە، ئەم تێکستە مێژوییە، گرنگترین شت بێت کە بیرمەندی گەورەی مارکسیستی و هەنگاری، «جۆرج لۆکاچ»مان بەبیر بهێنێتەوە. پەرتوکی شیکاری «ڕۆمانی مێژویی»ی ئەو کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٧ بە زمانی ڕوسی و دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بە زمانی هەنگاری بڵاوی کردەوە، بە یەکێك لە قوڵترین و دەوڵەمەندترین بەرهەمەکانی ڕەخنەی ئەدەبی دادەنرێت.لۆکاچ لەم پەرتوکەدا پڕەنسیپێکی بنەڕەتی دادەمەزرێنێت:-
“ڕۆمانی مێژویی ڕاستەقینە، تەنیا گێڕانەوەیەکی کتومتی و ڕۆژمێریی ڕوداوە مێژوییە کۆنەکان نیە، بەڵکو دەبێت ببێتە ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەنوسرێت”
لۆکاچ پێی وایە ڕۆمانی مێژویی لە ڕووی فیکریەوە سەر بەو واقیعەی ئێستایە کە نوسەرەکەی تێیدا دەژی؛ نەك بە مانای سەپاندنی میکانیکیانەی تێڕوانینی شەخسی نووسەر بەسەر ڕابردودا، بەڵکو بەو مانایەی کە هێڵە درامی و مێژوییەکانی ڕووداوە کۆنەکە و بکەرەکانی (پاڵەوانەکان، میلەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان) پەیوەندیەکی ئۆرگانیک و حەتمیان بە ئێستای ئێمەوە هەبێت.
لەم شوێنەدا؛ عەرەبی شەمۆ بە تەواوی دەبێتە جێبەجێکارێکی داهێنەر و بێدەنگی کۆنسێپتەکانی جۆرج لۆکاچ. کاتێک عەرەبی شەمۆ لە سەدەی بیستەمدا دەست دەداتە نوسینەوەی داستانی قەڵای دمدم (کە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەمدا ڕوویداوە)، ئەو تەنیا مێژونوسێک نیە تۆز لەسەر ڕووداوەکان بمالێت، بەڵکو ئەو مێژو زیندو دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارە گەرمەکانی سەردەمی خۆی و داهاتوی پێ بداتەوە.

لۆژیکی ڕووداوە کۆنەکە لەم ڕۆمانەدا دێتە ناو ویژدان و کلتوری درێژکراوەی سەرخانی تێڕوانینی “بەرەنگاری” و بوون نەبوونی لە ئەمڕۆدا. عەرەبی شەمۆ مێژو بەکاردێنێت بۆ داڕشتنی هۆشیاریەکی نوێ؛ ئەو نیشانی دەدات کە کێشەی ڕزگاری و شوناس، کێشەیەکی بەردەوامی مێژوییە.
بەپێی تیۆری لۆکاچ، پاڵەوانەکانی ڕۆمانی مێژویی دەبنە “نوێنەری هێزە مێژوییە گەورەکان” و عەرەبی شەمۆش خانی لەپ زێڕین و گەلی نێو قەڵاکە وەک هێمای ئیرادەی ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی لە قۆناغێکی هەستیاردا وێنا دەکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە لۆکاچ پێی دەڵێت “پێویستی مێژویی” کە لە ناو قوڵایی واقیعی ئێستادا ڕەگ دادەکوتێت.
لە ڕۆمانی “قەڵای دمدم”دا ئێمە تەنیا بە داستانی بەرەنگاریەکی سەخت و نایەکسانی سەربازی شاد نابین، بەڵکو بە جۆرێک لە بەڕێوەبردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی قەڵا ئاشنا دەبین.
لێرەدا حەقیقەتێکی مێژوویی گرنگ دەسەلمێنرێت: قەڵا تەنیا شوێنی کۆمەڵێک یان ناوچەیەکی یاخیبوی شاخان نیە کە لە دەوروبەری خۆیان داخرابن، بەڵکو لە ڕاستیدا ببووە شوێن یان پەناگەی هەموو زوڵملێکراوەکانی تری ناوچەکە بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە.
تەنانەت وەستا سەرەکیەکانی بنیاتنان و دروستکردنی قەڵاکە لە هەمان ئایین و کلتوری کوردی نەبوون، بەڵام لە هەمان قەناعەتی ئەم ئەزمونە هاوبەشە بوون لە بووندا؛ پێشەوایەتی و کلتوری و مرۆییەکانی نێو ئەم داستانە فۆلکلۆریە، کە مامۆستا عەرەبی شەمۆ لە نێو ڕۆمانەکەدا زۆر بە جوانی خستویەتیە ڕوو، دەریدەخات کە ئەزمونی قەڵای دمدم پایەیەکی سەرەکی هێزەکەی لەسەر “کراوەیی” کۆمەڵگەکە بنیات نرابوو.
ئەم فرەکولتوری و کراوەییە، لەو سەردەمەدا وەک ڕەگەزێکی هێزی چۆنایەتی، بەرەنگاریەکەی لە شەرێکی خێڵەکی تەسکەوە گۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی مرۆیی فراوانتر لە دژی ستەمی ئیمپراتۆرییەتەکان.
ڕۆمانەکە لە وەرچەرخانێکی مێژویدا، تەنیا لێهاتویەکانی قارەمانێکی تاکەکەسی دەرناخات، بەڵکو هەموو ئەو دۆخانەش دەخاتە ڕوو کە چۆن توانا شاراوەکان و وەرگرتنی کەسایەتیە تازەکان و بەکارهێنانەوەیان لە سیستەمەکەدا، دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و بەرەنگاریەکی جیاواز (نەک تەنیا لە ڕووی چەندایەتی، بەڵکو لە ڕووی چۆنیەتیەوە) بنیات بنێت.
بۆ قوڵبونەوە لە ڕەهەندە فەلسەفیەکانی ناو تێکستەکە، دەکرێت سوود لە تێڕوانینەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی هاوچەرخ، «ئالان بادیۆ» وەربگرین. بادیۆ کاتێك باسی سێ پایە یان ئەرکە سەرەکیەکەی فەلسەفە دەکات، “خۆشەویستی” وەک یەکێک لە گرنگترین پایەکان دەستنیشان دەکات.
لای بادیۆ، خۆشەویستی تەنیا هەستێکی سۆزداری کەسی یان حەزێکی بایۆلۆژی نیە، بەڵکو خۆشەویستی “بەرکەوتنێکە لەگەڵ حەقیقەتێکدا” کە جیهان لە ڕوانگەی “دووانە”وە (نەک یەک یان تاک) سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. خۆشەویستی لای ئەو، پڕۆسەیەکی سیاسی و فەلسەفیە کە ئیرادەی مرۆڤ لە خودپەرستیەوە بەرەو حەقیقەتێکی گشتیتر دەبات. ئەو دەڵێت “خۆشەویستی ڕاستەقینە، تاقیکردنەوەی بنیاتنانی جیهانێکە لەسەر بنەمای جیاوازی، نەک لەسەر بنەمای شوناسی تاکەکەسی.”
لەم ڕوانگەیەوە، کاتێک سەیری داستانی خۆشەویستی نێوان “شەباب و دولبەر” دەکەین لە ناو ڕۆمانەکەدا، دەبینین ئەم کورتکراوەی خۆشەویستیە تەنیا پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی سادە و ڕۆمانسی نیە. ئەم پەیوەندیە پەیوەندیەکی لۆژیکی و توندی بە نەخشەدانان هەیە لەسەر ئەو چارەنوس و وەرچەرخانانەی لەبەردەم ئەم ئەزموونەدا دەوەستن.
خۆشەویستی شەباب و دولبەر بە تەواوی گرێدراوە بە ئیرادەیەکی گشتیترەوە؛ ئەوان چەند سەد ساڵێک بەر لە ئێستا، بەبێ ئەوەی فەلسەفەی نووسراو بخوێننەوە، ئەم ئەرکە فەلسەفییەیان (کە بادیۆ باسی دەکات) تێکەڵ بە ژیانی خۆیان کردووە.
قەناعەتی هەردوو خۆشەویستەکە ئەوەیە کە دەبێت سۆزی پاکی خۆیان پێشکەش بە “ئامانجە” گەورەکە بکەن کە ئەویش بەرگری کەرامەتی قەڵایە، و لە توێی ئەم بەرگریە بەکۆمەڵەدا، مانایەکی باڵا و نەمر بە خۆشەویستیەکەی خۆیان دەبەخشن.
ئەوان لە ڕێگەی عەشقەکەیانەوە دەبنە بەشێک لە حەقیقەتی ئازادی خەڵك و داستانی قەڵا. هەڵبەتە، ئەم دوو کەسایەتیە ڕەنگدانەوەی خودی ئەو داستانەن کە هۆشیاری کۆمەڵگەی کوردی لەو سەردەمەدا دروستی کردون، کاتێک کۆمەڵگە تێدەگات کە بەبێ قوربانیدانی گەورە، نە عەشق دەپارێزرێت و نە قەڵای بەرگری.
ڕۆمانی “قەڵای دمدم” تەنیا پڕ نیە لە بیرۆکەی ڕووت، بەڵکو دەقێکی دەوڵەمەندە بە سیمبولەکانی ژیان. خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا بە تەواوی هەست بە بۆن و بەرامەی ژینگە دەکات؛ بۆنی ڕووبار، کێوی سەرکەش، گژوگیا، زوڵفی کچانی قەڵا، خواردنی سادەی ناو سەنگەرەکان و ئارەقەی ئەسپەکان. ئەمە واقیعگەرایەکی سۆزداریە کە ژیان لە ناو جەرگەی جەنگدا دەپارێزێت.
بەڵام لە پاڵ ئەم سیمبولانەی ژیاندا، نووسەر سیمبولێکی تاریك و مانابەخشیشمان پێ نیشان دەدات:-
لە دیوەخانی خاندا، سەری مۆمیاکراوی کەمتیارێک هەڵواسراوە. لە چیرۆکی پشت ئەم کەمتیارەدا هاتووە کە لە ڕابردودا مردوەکانی لە گۆڕ دەرهێناوە و دەیخواردن، و دواتریش منداڵی زیندوی دەڕفاند!
لێرەدا عەرەبی شەمۆ ئەم کەمتیارە وەک هێمایەکی سیاسی قوڵ بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (و دواتریش بۆ ئایدۆلۆژیای عوسمانچێتی لە سەردەمی نوێدا) لێکدەداتەوە.
کەمتیارەکە هێمای ئەو هێزە داگیرکەرەیە کە مێژوی کورد (مردوەکان) دەشێوێنێت و دەیشارێتەوە، و هاوکات پڕۆسەی سڕینەوەی شوناس و سەپاندنی کلتوری بێگانە بەسەر نەوەی نوێدا (منداڵەکان) دەسەپێنێت. کەمتیاری مێژو، دەیەوێت ڕابردو و داهاتوی ئەم میلەتە پێکەوە قوت بدات.
داستانی بەرگری دمدم بە تەقاندنەوەی قەڵاکە لەلایەن خانی لەپ زێڕین خۆیەوە بە کۆتایەکی تراژیدی و بەسوێ دەگات. خان و هاوڕێکانی ڕێگا نادەن قەڵاکە بکەوێتە دەستی دوژمن و ببێتە شوێنی سوکایەتی پێکردنیان؛ ئەوان مەرگی سەربەرزانە هەڵدەبژێرن. ئەم کایە تراژیدیە، هێمایەکە بۆ پێشوازیکردن لە مردن لە پێناو نەدۆڕاندنی شوناس و ڕەتکردنەوەی ئەو پێناسەیەی کە داگیرکەر دەیەوێت بەسەریاندا بسەپێنێت.
ئێمە بۆ هەمیشە؛ دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ڕۆمانی “قەڵای دمدم” تەنیا ئەرشیفێکی سارد و سڕی بەرەنگاریی لە لاپەڕەکانی مێژودا نیە. ئەم دەقە داستانێکە کە هەمیشە دەتوانرێت دوبارە ببێتەوە؛ چونکە ئەو ئیرادە و جیهان بینیەو ڕوانگەیە کە تینوی ژیان و ئازادیە، سنووری کات و شوێن و مێژو دەبەزێنێت.
تا ئەو کاتەی ستەم و هەوڵی سڕینەوەی شوناس بونی هەبێت، کۆنسێپتەکەی جۆرج لۆکاچ لەسەر زیندوێتی ڕۆمانی مێژویی لێرەدا کار دەکات: قەڵای دمدم دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ ئێستا و داهاتوومان، مانیفێستۆیەکی زیندوی ڕوحی بەرەنگاریە کە فێری مرۆڤایەتیمان دەکات چۆن لە پێناو پاراستنی حەقیقەت و عەشق و کراوەیدا، لە بەرانبەر تاریکی کەمتیارەکاندا بوەستینەوە!




