هه‌واڵ

ئەمریکا بە بڕی ٤٢٥ ملیۆن دۆلار کەرەستەی سەربازی و بەرگری بە کوێت دەفرۆشێت

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆنگرێسیان لە فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی و بەرگری دژە مووشەکی بە بەهای ٤٢٥ ملیۆن دۆلار بە حکوومەتی کوێت ئاگادارکردووەتەوە.

 

دەزگای هاوکاری ئاسایشی بەرگری (دی ئێس سی ئەی) سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەسەر ئەو بابەتە ڕۆژی ٣٠ نیسان بەیاننامەیەکی لە پێگەی ئەلیکترۆنی خۆیان بڵاوکردووەتەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستەمی پاتریۆتی ٨.١ و کەرەستەکانی پەیوەندیدار بەو سیستەمە بە بڕی ٤٢٥ ملیۆن دۆلار بە حکوومەتی کوێت داوە.

 

ڕاشیگەیاند کە هەمان ڕۆژ بڕوانامەی پێویستی پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە و لەم فرۆشتنە ئەگەرییە ئاگاداری کردووەتەوە.

 

گرێبەستەکەی نێوان کوێت و ئەمریکا ئەمانە لەخۆدەگرێت: زیادکردن و نوێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی سیستەمەکە، گەیاندن، دانان و نوێکردنەوە، پەرەپێدانی پرۆگرامەکان؛ گەیاندن و پشتگیری؛ پاراستنی بەردەوام؛ پارچەی یەدەگ و چاککردنەوە؛ ئامێری ڕاهێنانی کارمەندان و ڕاهێنان؛ خزمەتگوزاری پشتگیری ئەندازیاری، تەکنیکی و لۆجستی حکوومەتی ئەمریکا و بەڵێندەر، یەکخستنی و پشتگیری تاقیکردنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری لۆجستی و پشتگیری بەرنامەکە. هەروەها کۆی تێچووی مەزەندەکراو ٤٢٥ ملیۆن دۆلارە.

 

بەیاننەمەکە دەشڵێت کە “ئەم فرۆشتنە پێشنیار کراوە پاڵپشتی لە سیاسەتی دەرەوە و ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەکات” چونکە دەبێتە هۆی یارمەتیدان بۆ باشترکردنی ژێرخانی هاوپەیمانێکی گەورەی غەیرە ناتۆ کە هێزێکی گرنگ بووە بۆ سەقامگیری سیاسی و پێشکەوتنی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

هەروەها دەڵێت کە فرۆشتنی پێشنیارکراو توانای کوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو باشتر دەکات.

 

دەشڵێت کە پێشنیاری فرۆشتنی ئەم کەرەستە و پاڵپشتییە هیچ گۆڕانکارییەک لە “هاوسەنگی سەربازیی بنەڕەتی” لە ناوچەکەدا ناکات.

 

لە ناوەڕاستی ٢٠١٢، حکومەتی کوێت ٦٠ سیستەمی پێشکەوتووی پاتریۆت (پاک-٣)ی بەبەهای ٤.٢ ملیار دۆلار لە ئەمریکا کڕی. بەڵام داوای کردووە سیستەمە نوێکە بکڕێت بۆ تۆکمە کردنی سیستەمی بەرگری وڵاتەکەی بەتایبەتی دوای زیادبونی ئاڵۆزی و ناکۆییە هەرێمایەتییەکان لە ناوچەکەدا، لەنێویاندا مەترسییەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران بەتایبەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق.

 

دانانی ئەو سیستەمە دەبێتە هۆی بەهێزبونی سیستەمی بەرگری کوێت بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی لە مەترسی هێرشی موشەکی و هەروەها دابینیکردنی ئاسایشی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئامانجێکی تری ئەمریکایە.

 

محەمەد عەبدوڵڵا- زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button