ئابووریهه‌واڵ

بەرهەمی گەنم و جۆ لە کوردستان زیادی کردووە و نیسک و نۆک دابەزیوە

بەرهەمەکانی گەنم و جۆ لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە و نیسک و نۆک لە کورتییان داوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لەماوەی ساڵانی ١٩٦-١٩٧٠ تا ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ گۆڕانکاری بەسەر بڕ و بەرهەمی دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

لەماوەی ساڵانی ١٩٦٩-١٩٧٠دا، بەرهەمی ساڵانەی گەنم لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٧٧ هەزار و ١٩٧ تۆن، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢دا بۆ یەک ملیۆن و ٩٣٤ هەزار و ٨٣٩ تۆن هەڵکشاوە. بەرزبوونەوەکە لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکاندا تۆمارکراوە، لە پارێزگای هەولێر بڕی بەرهەمی ساڵانە بۆ گەنم لە ٧٣ هەزار و ٥٢٠ تۆنەوە بۆ ٤٢٣ هەزار و ٩٥٤ تۆن، لە پارێزگای سلێمانی بەرهەمی ساڵانی گەنم لە ٦١ هەزار و ٢٣٩ تۆنەوە بۆ ٩٣٣ هەزار و ٧٥٨ تۆن، لە پارێزگای دهۆک بەرهەمی ساڵانەی گەنم لە ٤٢ هەزار و ٤٣٨ تۆنەوە بۆ ٤٧٩ هەزار و ٦٢٠ تۆن، لە پارێزگای هەڵەبجە بەرهەمی ساڵانەی گەنم لە ٣١ هەزار و ٦٦ تۆنەوە بۆ ٣٥ هەزار و ٢٩١ تۆن و لە ئیدارەی گەرمیان بڕەکە لە ٥٢ هەزار و ٩٩٢ تۆنەوە بۆ ٦٢ هەزار و ٢١٦ تۆن بەرزبووەتەوە.

هەرچی پێوەندی بە بەرهەمی جۆوە هەیە، لە ١٤٦ هەزار و ٣٢٣ تۆنی ساڵانە لە ١٩٨٠-١٩٨١دا، بۆ ١٧٥ هەزار و ١٤٢ تۆن بەرزبووەتەوە. ئەو بەرزبوونەوەیە لە هەموو پارێزگاکاندا نییە، لە پارێزگای هەولێر بەرهەمی ساڵانەی جۆ لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨١دا بڕی ٩٦ هەزار و ٧٢٧ تۆن بووە، بەڵام لە ٢٠٢١-٢٠٢٢دا بۆ تەنیا ١١ هەزار و ١١٩ تۆن لەکورتی داوە. بەپێچەوانەوە هەڵکشانێکی گەورە لە بەرهەمی ساڵانەی جۆ لە پارێزگای سلێمانی ڕوویداوە، لە ٣٧ هەزار و ٧٣٩ تۆنی ساڵانەوە بۆ ١١١ هەزار و ٦٥١ تۆن. هاوکات لە پارێزگای دهۆک، لە ١١ هەزار و ٨٥٦ تۆنەوە بۆ ٤٢ هەزار و ٦٣٦ تۆنی ساڵانە، لە ئیدارەی گەرمیان لە ١٤ هەزار و ١٥٨ تۆنەوە بۆ هەشت هەزار و ٢١٢ تۆن و لە پارێزگای هەڵەبجەیش ٦٢٦ تۆنەوە لەماوەی ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ بۆ هەزار و ٥٢٤ تۆن لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢دا بەرزبووەتەوە.

داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەرهەمی ساڵانەی نۆک لە هەرێمی کوردستاندا، پیشانی دەدەن کە بەرهەمی ساڵانە لە ١٤ هەزار و ٨٠٤ تۆنەوە لەماوەی ١٩٩٥-١٩٩٦ بۆ تەنیا حەوت هەزار و ١٠٤ تۆن لە ٢٠٢١-٢٠٢٢ لەکورتی داوە. لەماوەی ئەو ساڵانەدا و لە پارێزگای هەولێر لە هەزار و ٤٢٣ تۆنەوە بۆ ٥٠٥ تۆن، پارێزگای سلێمانی لە حەوت هەزار و ٢٧٦ تۆنەوە بۆ سێ هەزار و ٨١٥ تۆن، پارێزگای دهۆک لە شەش هەزار و ١٠٥ تۆنەوە بۆ دوو هەزار و ٤٨٧ تۆن لەکورتی داوە. بەڵام لە پارێزگای هەڵەبجە کە داتای ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٧ و ساڵانی دواتر بەردەستخراوە، لەو ساڵەدا ١٩٩ تۆن نۆک بەرهەمهاتووە و لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢دا هەر ١٩٩ تۆن بەرهەمی ساڵانە بووە. لە ئیدارەی گەرمیانیش بەرهەمی ساڵانەی نۆک لە ٢٦ تۆنەوە بۆ ٩٨ تۆن بەرزبووەتەوە.

پاشەکشەی زیاتر لە بەرهەمی ساڵانەی نیسکدا ڕوویداوە. لە ساڵانی ١٩٩٥-١٩٩٦ بەرهەمی نیسک لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و ٨٠٥ تۆن بووە، بەڵام لە ٢٠٢١-٢٠٢٢دا بۆ تەنیا ٢١٠ تۆن دابەزیوە و ئەم دابەزینەیش سەرجەم ناوچەکانی گرتووەتەوە.

 

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button