ئابووریهه‌واڵ

لە بازگەکانی عێراق ڕێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

لە بازگەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگری دەكرێت لە ناردنی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییش داوای چارەسەری بەپەلە دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەم، ٦ی ئابی ٢٠٢٤، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕێگری لە ناردنی بەرهەمی كارگە ناوخۆییەكانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاكانی عێراق بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “بەداخەوە ئێستا لە بازگەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگری دەكرێت لە ناردنی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی عێراق”.

زیاتر دەڵێ: “ئەم ڕێكارەش كاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر كارگەكانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا پشتیوانییەكی زۆر لە كەرتی پیشەسازی دەكرێت لە عێراقدا”.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئاماژەی بەوەش کردووە کە “لەهەمانكاتدا لە بازرگە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ڕێگری دەكرێت لەو بەرهەمانەی كە لە دەروازەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن و ڕێگەیان پێ نادرێت بە تێپەڕبوونی ئەو بەرهەمانە بۆ پارێزگاكانی عێراق و دووبارە گومرگیان بۆ دەكرێتەوە”.

“ئەم ڕێكارانە ناڕەزایی بازرگانان و خاوەنكارگەكانی لێكەوتووەتەوە و داوای چارەسەركردنی بەپەلە دەكەن تا زیانی زۆریان بەرنەكەوێت و نەبێتە هۆی داخستنی كارگەكانیان و ڕاوەستانی جوڵەی بازرگانی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستاندا”، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ژوورەکەیان نووسراوی ئاڕاستەی یەکێتیی پیشەسازی عێراق، یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، وەزارەتی بازرگانی عێراق، وەزارەتی پیشەسازی عێراق، بەشی یاسایی و ئابووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

داواش دەکەن، “چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بگەنە ڕێكکەوتن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button