
عەزیز ئەحمەد، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس “تویتەری پێشوو” بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، مانگی پێشوو بەغدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەدا تەواو کردووە، بەڵام ئێستا بانگەشەی پشتبەستن بەو بڕیارانە دەکات کە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە دەرکراون، سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامەکانی.
سەرنجەکەی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەڵامدانەوەیەکە بۆ ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی دوێنێی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە داوا دەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، هەروەها وەڵامدانەوەیەکیشە بۆ ڕاگەیەندراوەکەی مانگی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق کە هۆکاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان تەواوی پشکەکەی خۆی لە بودجەی ئەمساڵدا تەواو کردووە و بەو جۆرەیش ناتوانن مووچەی هەشت مانگی ئەمساڵ بۆ فەرمانبەرانی کوردستان بنێرن.
عەزیز ئەحمەد، باس لە پاساوە جیاجیاکانی بەغدا دەکات بۆ ڕەوایەتیدان بە ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و دەڵێ: لە کاتەکانی دیکەدا باس لە “کێشەی تەکنیکی” دەکات یان ڕەوایەتی و یاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
وەک جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبیری دەهێنێتەوە، دوایین جار بەغدا لە 13ی ئایاردا پارەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و دەڵێ: “(ئێستا)، زیاتر لە ملیۆنێک خانەنشین، پزیشک، پەرستار، پۆلیس، پێشمەرگە، فەرمانبەرانی حکومی و ئەوانی دیکە بێمووچە ماونەتەوە”.
لە پەیامێکی دیکەدا کە هەر لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەغدا لەکاتێکدا ڕێگری لە حکوومەتی هەرێم دەکات نەوتەکەی هەناردە بکات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش نانێرێت.
زیاتر دەڵێ: “لە عێراقدا تەنانەت شەڕێکی ناوچەیی بەس نییە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکی ناوخۆیی”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمڕۆ ٨٢٣ ڕۆژ بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە تێپەڕ دەبێت و “بەغدا بەداخراوی دەیهێڵێتەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی”.


